رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی ئەڵمانیا (بوندێستاگ)، سەردانی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی کاتیی سووریا بۆ بەرلین بە "ئابڕووچوون" و هەنگاوێکی "پڕ کێشە" ناو دەبەن و داوا دەکەن راوێژکاری ئەڵمانیا مەرجی پاراستنی کورد و کەمینەکان بەسەر شەرعدا بسەپێنێت و بێدەنگیی بەرلین بەرامبەر رووداوەکانی حەلەب بشکێنێت.
بڕیارە رۆژی سێشەممە، 20-1-2026، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا بگاتە بەرلین و لەلایەن فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیاوە پێشوازی لێ بکرێت. ئەم سەردانە ناڕەزایەتیی تووندی پەرلەمانتارانی پارتەکانی سەوز، چەپ و سۆسیال دیموکراتی لێکەوتووەتەوە.
"نابێت فەرشی سوور بۆ شەرع رابخرێت"
جانسوو ئۆزدەمیر، پەرلەمانتاری پارتی چەپ لە پەرلەمانی فیدراڵ بە رووداوی راگەیاند، دەبێت بانگهێشتەکەی ئەحمەد شەرع هەڵبوەشێندرێتەوە و نابێت "فەرشی سووری بۆ رابخرێت".
ئۆزدەمیر ئاماژەی بەوە کرد، رووداوەکانی ئەم دواییەی حەلەب و "کۆمەڵکوژیی کورد" و کەمینەکانی دیکە سەلمێنەری ئەوەن کە شەرع درێژەپێدەری رێبازی "قاعیدە و بەرەی نوسرە"ـیە.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: "حکومەتی فیدراڵی دەیەوێت لە رێگەی رێککەوتنەوە (لەسەر پرسی پەنابەران) کۆمەڵکوژیی کوردەکان پشتگوێ بخات، ئەمەش ئابڕووچوونێکی گەورەیە."
داوا دەکرێت مێرتس باسی دۆخی کورد بکات
قاسم تاهیر ساڵح، پەرلەمانتاری کورد لە فراکسیۆنی سەوزەکان جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت لەم قۆناخەدا "ناسنامەی کوردی" لە سووریا بخرێتە پەراوێزەوە.
قاسم تاهیر بە رووداوی گوت: "زۆر گرنگە کە راوێژکارەکەمان فرێدریش مێرتس، لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ شەرع، باس لە بارودۆخی کورد لە حەلەب بکات. هێرشەکانی ئێستا بۆ سەر کورد بەهیچ شێوەیەک قبووڵکراو نین."
نیگەرانی لە بێدەنگیی ئەڵمانیا
لویزا ئامسبێرگ، پەرلەمانتاری پارتی سەوزەکان رەخنە لە بێدەنگیی حکومەتی وڵاتەکەی دەگرێت بەرامبەر ئەو تووندوتیژییەی لە حەلەب دژی کورد دەکرێت.
ئامسبێرگ بە رووداوی راگەیاند: "چاوەڕێم دەکرد ئەم سەردانە رابگیرێت. ناکرێت بێدەنگ بین و تەنیا باس لە ناردنەوەی پەنابەران (دیپۆرتکردنەوە) بکرێت، لەکاتێکدا خەڵک لە سووریا ئازار دەچێژن." ئەو پەرلەمانتارە داوای کرد مەرجی پاراستنی کەمینەکان بەسەر شەرعدا بسەپێندرێت.
"ئەحمەد شەرع تیرۆریستە"
فەرات کۆچاک، پەرلەمانتاری پارتی چەپ، ئەحمەد شەرع بە "سەر بە قاعیدە" و "بەرپرس لە کوشتنی کورد و ئێزدی و پێکهاتەکان" ناو دەبات.
کۆچاک بۆ رووداو گوتی: "پێشبینی دەکەین راوێژکاری ئەڵمانیا هاوکاریی تیرۆریستان نەکات. دەبێت ئەڵمانیا لە تەنیشت ئەو کوردانە بوەستێت کە ئێستا لە حەلەب دژی شەرع وەستاونەتەوە، نەک هاوکاری ئەو کەسە بکات کە لەلایەن ئەردۆغانەوە پشتیوانی دەکرێت."
مەرجەکانی سۆسیال دیموکراتەکان
سەردار یوکسەل، پەرلەمانتاری پارتی سۆسیال دیموکراتەکان (SPD) سەردانەکە بە "پڕ کێشە" وەسف دەکات و دەڵێت، دەبێت پەیامی ئەڵمانیا بۆ شەرع روون بێت.
یوکسەل گوتی: "ئەوەی لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب روویدا، نابێت دووبارە ببێتەوە. ئەگەر مافی کورد و کەمینەکان گەرەنتی نەکرێت، نابێت هیچ جۆرە هاوکارییەک لەگەڵ ئەورووپا و رۆژئاوا هەبێت."
دەقی هەڤپەیڤینەکان:
قاسم تاهیر ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا (بوندێستاگ) لەسەر لیستی پارتی سەوز
رووداو: قاسم تاهیر وەک سەرۆکی گرووپی پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی فیدراڵ، کۆمەڵێک پەیامتان بڵاوکردەوە سەبارەت بە هاتنی ئەحمەد شەرع بۆ ئەڵمانیا. داوای ئێوە بەتایبەتی لە راوێژکاری ئەڵمانیا چییە؟
قاسم تاهیر: وەک سەرۆکی گرووپی پەرلەمانتاران لێرە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ ناسنامەی کوردی، زۆر گرنگە کە راوێژکارەکەمان فرێدریش مێرتس کە رۆژی سێشەممە لێرە لە بەرلین چاوی بە سەرۆک شەرع دەکەوێت، دەبێت باس لە بارودۆخی کورد بکات لە حەلەب لەم کاتەدا. نابێت ئێستا ناسنامەی کوردی بوەستێت، زۆر گرنگە کە کوردەکان لە سووریا ناسنامەی خۆیان هەبێت و ئەوەش هۆکارەکەیە کە ئێستا بۆ مافەکانیان و ناسنامەیان دەجەنگن. ئێمە وەک گرووپی پەرلەمانتاران لە پەرلەمانی ئەڵمانیا پشتگیری لەو بیرۆکەیە دەکەین و هێرشەکانی ئێستای حکومەتی سووریا لە حەلەب بۆ سەر کوردەکان بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نین. بۆیە روونە کە دەبێت راوێژکارەکەمان فرێدریش مێرتز لەگەڵ سەرۆکی سووریا شەرع قسە بکات و دانوستاندن لەسەر مافەکانی کورد لە سووریا بکات.
فەرات کۆچاک، ئەندامی پەرلەمانی پارتی چەپ لە پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا
رووداو: رۆژی سێشەممە ئەحمەد شەرع دێتە بەرلین. داوای ئێوە چییە؟
فەرات: ئێمە پێشبینی دەکەین راوێژکاری ئەڵمانیا هاوکاری تیرۆریستان نەکات. ئەحمەد شەرع سەر بە قاعیدەیە، ئەو بەرپرسە لە کوشتنی کورد، ئێزدی، عەلەوی، درووز و کەمینە کریستیانەکان. بۆیە زۆر گرنگە کە راوێژکار لێرەدا هەڵوێستێکی روونی هەبێت، پێش هەموو شتێک لە تەنیشت کوردەکانەوە بوەستێت کە ئێستا لە حەلەب دژ بە ئەحمەد شەرع وەستاونەتەوە. هەروەها بۆ خۆبەڕێوەبەری لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا؛ لە رۆژئاوا ئێستا خەڵکی جیاواز بەیەکەوە دەژین و مۆدێلێکی نوێی کۆمەڵایەتی دروست بووە. بۆیە بۆ من گرنگە کە لێرەدا هەڵوێستێکی روون هەبێت، تەنانەت بەرامبەر تورکیاش؛ چونکە حکومەتەکەی ئەردۆغان پشتگیری لە ئەحمەد شەرع دەکات، بۆیە زۆر گرنگە کە هاوکارییەکانیان رابگرن لە کاتێکدا لە حەلەب کۆمەڵکوژی دەکرێ.
رووداو: زۆر باشە. کورد دەڵێت هەمیشە کاتێک تاوان بەرامبەر بە کورد دەکرێت، رۆژئاوا بێدەنگە. ئەمجارەش کۆمەڵکوژی بەرامبەر بە کورد لە حەلەب کرا و ئەڵمانیا بێدەنگ بوو. بۆچی؟
فەرات: بەڵێ، من هەر لە منداڵییەوە بیستوومە کە کورد جگە لە چیاکان دۆستی نییە. بەڵام ئێمە ئەو کەسانەین کە دژی داعش جەنگاین و ئەو کات هەمووان دەستخۆشییان لە جووڵانەوەی ژنانی کورد دەکرد کاتێک لە کۆبانێ داعشیان تێکشکاند و دایانە دواوە. هەمووان لێرە دەهاتنە سەر شەقام و هاواری "ژن، ژیان، ئازادی"یان دەکرد. ئێستاش دەبێت ئەوە جێبەجێ بکەن کە ئەو کات هاواریان بۆ دەکرد. هەروەها لێرە لە ئەڵمانیا کوردەکان وەک تاوانبار مامەڵەیان لەگەڵ نەکرێت. ئەمە داواکارییەکە کە ئاراستەی راوێژکار و حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا دەکەم.
سەردار یوکسەل، ئەندامی پەرلەمانی پارتی سۆسیال دیموکراتەکان لە پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا
رووداو: شەرع رۆژی سێشەممە لە بەرلینە. داوای ئێوە لە راوێژکاری ئەڵمانیا چییە؟
سەردار یوکسەل: پێش هەموو شتێک، ئەمە سەردانێکی پڕ کێشەیە کە لێرە لە بەرلین، هەمووان پێیان باش نییە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت سەردانێک بێت کە راوێژکاری ئەڵمانیا زۆر بە روونی تێیدا بڵێت کە دەبێت مافی کەمینەکان، کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان لە سووریا گەرەنتی بکرێن، هەروەها سەلامەتیی جەستەیی هاووڵاتییان. ئەوەی لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب روویدا، نابێت دووبارە ببێتەوە. پێویستە ئەمە بە هەموو روونی و راشکاوییەک بە شەرع بگوترێت، ئەگەرنا هیچ جۆرە هاوکارییەک لەگەڵ ئەڵمانیا، ئەورووپا و رۆژئاوا نابێت.
جانسوو ئۆزدەمیر، پەرلەمانتاری پارتی چەپ لە پەرلەمانی فیدراڵی
رووداو: چاوەڕوانیتان لە حکومەت چییە لەبارەی سەردانەکەی شەرع؟ پارتی CDU بە ئێمەی گوتووە کە دەبێت سەرەڕای هەموو شتێک قسەی لەگەڵ بکەین تاوەکو کاریگەریمان لەسەری هەبێت. داواکاریی ئێوە چییە؟ دەبێت چی بکرێت؟ کورد ئێستا چی بکەن؟ چۆن دەکرێت سەرنجی خەڵک بۆ حەلەب رابکێشرێت کە کۆمەڵکوژی بەرامبەر کورد دەکرێ؟
جانسوو ئۆزدەمیر: ئێمە لەو بڕوایەداین کە دەبێت بانگێشتەکەی ئەحمەد شەرع هەڵبووەشێندرێتەوە و نابێت فەرشی سووری بۆ رابخرێت. رووداوەکانی ئەمدواییەی حەلەب؛ کۆمەڵکوژیی کورد و لەم دواییانەشدا کۆمەڵکوژیی درووزەکان و عەلەوییەکان، جارێکی دیکە بە روونی پیشانیان دا کە ئەحمەد شەرع کام رێگەی هەڵبژاردووە؛ کە ئەویش رێگەی رابردوویەتی، رابردووی لەگەڵ قاعیدە و هەروەها بەرەی نوسرە. بۆیە لێرەدا دەبێت کارتی سووری روونی پیشان بدرێت. بێگومان دەبێت حکومەتی فیدراڵی قسەی لەگەڵ بکات، بەڵام گرنگ ئەوەیە لەسەر چی قسەی لەگەڵ دەکەن. حکومەتی فیدراڵی دەیەوێت لەرێگەی رێککەوتنەوە کۆمەڵکوژیی کوردەکان پشتگوێ بخات و بە تەواوەتی نکوڵی لێبکات. پێم وایە ئەمە ئابڕووچوونێکی گەورەیە کە بەم شێوەیە چاو لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دژی ئەو کەسانە دابخرێت کە شەڕی داعشیان کردووە.
رووداو: وەک پارتی چەپ (Die Linke)، چۆن دەتانەوێت سەرنجی کۆمەڵگەی مەدەنی و حکومەت بۆ ئەم پرسە رابکێشن؟ هەنگاوی داهاتووتان چییە؟
جانسوو ئۆزدەمیر: رۆژی دووشەممە و هەروەها رۆژی سێشەممە، خۆپێشاندانی زۆر گرنگ لە بەرلین دەکرێن و ئێمە داوا دەکەین خەڵکێکی زۆر بەشداری بکەن بۆ ئەوەی لێرەدا هێمایەکی روون پیشان بدەین و هاوسۆزیی خۆمان بۆ کورد دەرببڕین. نوێنەرەکانمان لە زۆر شاری دیکەش بەشداری لەو گردبوونەوانەدا دەکەن. هەروەها لە ناو پەرلەماندا زۆر چالاکین؛ لە مانگی کانوونی یەکەمدا پێشنیازێکمان سەبارەت بە سووریا پێشکەش کرد و بە روونی داوامان کرد کە هێزە دیموکراسیخوازەکان لە سووریا بەهێز بکرێن نەک هێزە ئیسلامییەکان. ئەوەش ناساندنی روژئاوا وەک ئۆتۆنۆمییەکی دیموکراسی دەگرێتەوە، هەروەک چۆن خەڵکی ئەو ناوچەیە ئارەزووی دەکەن.
لویزا ئامسبێرگ، پەرلەمانتاری پارتی سەوزەکانی ئەڵمانیا
رووداو: سێشەممە ئەحمەد لە بەرلین دەبێت و لە لایەن راوێژکاری ئەڵمانیاوە پێشوازی لێ دەکرێت. ئێوە وەک پارتی سەوزەکان داواتان لە راوێژکاری ئەڵمانیا چییە؟ پارتی CDU بە ئێمەی گوتووە دەبێت سەرەڕای هەموو شتێک قسەی لەگەڵ بکەین تاوەکو کاریگەریمان لەسەری هەبێت. داواکاریی ئێوە چییە؟ دەبێت چی بکرێت؟ کورد ئێستا چی بکەن؟ چۆن دەکرێت سەرنجی خەڵک بۆ حەلەب رابکێشرێت کە کۆمەڵکوژی بەرامبەر کورد دەکرێ؟
لویزا ئامسبێرگ: پێش هەموو شتێک، من چاوەڕێم دەکرد ئەم سەردانە نەکرێت. دیپلۆماسی هەرگیز کۆتایی نایەت، منیش لەسەر ئەوە هاوڕام، بەڵام لەم ساتەدا و دوای ئەو تووندوتیژییە زۆرەی لە حەلەب دژی کەمینەی کورد کرا، بە تایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە حکومەتی فیدراڵ نزیکەی هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەم دۆخە نەبووە، من چاوەڕێم دەکرد ئەم سەردانە رابگیرێت. دەبێت سەرەتا کۆمەڵێک مەرج دابنرێن. پێویستە بە روونی و راشکاوی بگوترێت؛ ئێمە لە تەنیشت سووریاییەکان و حکومەتی کاتی وەستاوین، بەڵام تەنیا لەو کاتەی کە بتوانن پارێزگاری لە ئاسایشی کەمینەکان بکەن لە وڵاتەکەدا، کە کوردەکانیش یەکێکن لەوان.
رووداو: باسی کوردت کرد، بەڵێ کۆمەڵکوژی بەرامبەر بە کورد لە حەلەب کرا، بەڵام ئەڵمانیا بێدەنگ بوو. بۆچی؟
لویزا ئامسبێرگ: بێدەنگیی ئەڵمانیا جێی سەرنجە، نەک تەنیا سەبارەت بە حەلەب، بەڵکو سەبارەت بە چارەنووسی دروزەکان و عەلەوییەکانی کەناراوەکانی سووریاش. ئێمە چەندین رووداوی زۆر دڵتەزێنمان بینیوە کە ئاسایشی خەڵکییان لە سووریا خستووەتە ژێر پرسیارەوە. حکومەتی فیدراڵ بە رێکار و داواکاری وەڵامی ئەمەی نەدایەوە و داواکارییەکانی خۆی بە مەرجەوە ئاراستەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا نەکرد. دەبێت ئەم کارە بکات. ناکرێت بێدەنگ بین و لە ئەڵمانیا کارنامەیەک دابنرێت کە تێیدا راوێژکار بیەوێت لەگەڵ سەرۆکی کاتی تەنیا باسی ناردنەوەی پەنابەران (دیپۆرتکردنەوە) بکات. ئەمە قووڵکردنەوەی هاوکارییە لە دۆخێکدا کە خەڵک لە سووریا هێشتا ئازارێکی زۆر دەچێژن. ئەمە قبووڵنەکراوە.
رووداو: با بێینە سەر پرسی ئێران. حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێت ئێمە ئامادەین هاوکاریی خۆپێشاندەرانی ئێران بکەین. من دەمەوێت بزانم حکومەتی ئەڵمانیا چۆن دەیەوێت هاوکارییان بکات؟
لویزا ئامسبێرگ: دەبێت بە راستی بڵێین ئەڵمانیا پشتگیریی ئێران دەکات، بەڵام رەنگە نەک بەو دەنگە بەرزەی کە پێویستە. بە تایبەت ئێستا گرنگە کە ئاماژەیەک بنێرین بۆ پارێزەرانی مافی مرۆڤ کە ئێمە ئامادەین لە داهاتوو پێشوازییان لێ بکەین. ئێوە دەتوانن لە ئەڵمانیا پەناگەیەکی ئارام بدۆزنەوە کە تێیدا بتوانن بەردەوام بن لە تێکۆشان بۆ ئازادیی ژنان و پیاوانی ئێران. ئەمە هەنگاوێک بوو کە ئێمە وەک حکومەت دەستمان پێکرد، بەڵام بە داخەوە ئێستا وەک پێویست لەسەری نین. پێم وایە دەبێت بگەڕێینەوە سەر ئەم سیاسەتە. گرنگە ئەو دەنگانەی کە بەهۆی بڕانی ئینتەرنێتەوە بێدەنگ کراون، لێرە لە ئەڵمانیا بەهێزیان بکەین. ئەوەش دابینکردنی ئاسایشە بۆ ئەو کەسانەی ئێستا لێرەن، بۆ نموونە لەرێگەی راگرتنی ناردنەوەی پەنابەران. زۆر باشە کە هەردوو ویلایەتی (رایینلاند-پفالتس) و (شلێسڤیگ-هۆلشتاین) بە هاندانی پارتی سەوزەکان بڕیاری راگرتنی ناردنەوەی پەنابەرانیان داوە. دەبێت ویلایەتەکانی دیکەش پەیڕەوی لێ بکەن ئەگەر حکومەتی فیدراڵ ئامادە نییە بە یەکسانی بۆ هەموو ویلایەتەکان بڕیاری لێ بدات. ئەمە گرنگە، چونکە ئاماژەیەکە کە ئێمە هاوکاریی رژێمی ئێران ناکەین. ئێمە ئەو هەڵەیە ناکەین لەسەر حیسابی ژیانی مرۆڤەکان هاوکاریی رژێمی ئێران بکەین. ئەمە بۆ سوپای پاسدارانیش راستە، کە دەبێت لە ئەورووپا وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێندرێن. هەندێک وڵاتی ئەورووپی رێگری لەمە دەکەن و ئەرکی حکومەتی فیدراڵە کە ئەم رێگرییە بشکێنێت.
رووداو: باشە، ئایا ئەم سزایانە دەتوانن هاوکاریی خۆپێشاندەرانی ئێران بکەن؟
لویزا ئامسبێرگ: سزاکان لانیکەم پیشانی دەدەن کە تۆ لە کام بەرەدا وەستاویت. بێگومان دەبێت بە راستگۆیی بڵێین کە سزاکان تاوەکو ئێستا نەبوونەتە هۆی ئەوەی ئەم رژێمە رێز لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان بگرێت، یان رێگە بە خۆپێشاندەران بدات خۆپێشاندان بکەن. سزاکان ئەمەیان پێ نەکراوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش گرنگە روونی بکەینەوە کە ئێمە پشتگیریی زیادە بۆ رژێمێک دابین ناکەین. بەڵام ئەوەش دەزانم کە ئەم بابەتە زۆر گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، چونکە هەر جۆرە سزایەک کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگەی مەدەنی دەبێت، کە ئەوە دوایین شتە ئێمە بمانەوێت. بۆیە گرنگە هەمیشە لە دیالۆگدا بین و پرسیار بکەین: ئایا ئەمە هێشتا ئامرازێکی دروستە یان نا؟ سیاسەت دەبێت هەمیشە ئەم کرانەوەیەی هەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێستا دەبێت بە روونی بگوترێت: دەبێت لەوێ پارێزگاری لە کۆمەڵگەی مەدەنی بکرێت. بۆ ئەوەش دەبێت دان بەوەدا بنێین کە ئازارەکان چەندە گەورەن. رژێم لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا هەزاران کەسی کوشتووە، کەچی هێشتا خەڵک دەچنە سەر شەقامەکان. پێم وایە کەسمان لە ئەڵمانیا ناتوانین ئەوە وێنا بکەین کە چەندە دەبێت مرۆڤ بێهیوا بێت و تینووی ئازادی بێت تاوەکو لەم دۆخە مەترسیدارەدا هێشتا بچێتە سەر شەقام. بۆیە گەورەترین رێزم بۆ تێکۆشەرانی ئازادی لە ئێران هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ