رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، یەکێتی و پارتی لە گفتوگۆی جیدیدان بۆ پێکهێنانی حکومەت و لەبارەی سەردانی شاندەکەی دەم پارتی بۆ هەولێر دەڵێت، پێشبینی دەکەن پەیامی ئاشتییان پێبێت. هاوکات، باسی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دەکات.
رۆژی یەکشەممە، 16ـی شوباتی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەدوای کۆتاییهێنان بە کۆبوونەوەکانی لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی پێکهێنانی حکومەت، رایگەیاند، شاندی هەردوو لایەنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان "لە گفتوگۆیەکی جدیدان، ئێستا بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا چەندین دیدار لەنێوان ئێمە لە هەردوولا کراوە، ئێمە گەشبینین بەوەی کە لە ماوەیەکی نزیکدا [رێکبکەون]؛ بێگومان دیدارەکانی پێشتر هەمووی لەسەر ئەوە بوو کە چۆن دەتوانین پێکەوە کار بکەین."
پێشتر چەند جارێک شاندی تەکنیکیی هەردوو حیزبەکە لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەم کۆبوونەتەوە؛ لەو بارەیەوە، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، لە کۆبوونەوەکاندا "هەمووی پێشڤەچوونی باشمان بەدەستهێناوە و ئێمە هیوادارین لە ماوەیەکی نزیکدا بتوانین تەواوی بکەین و دواتر کۆبوونەوەی دیکە بکەین لەسەر ئەوەی کە پۆستەکان بە چی شێوەیەک لەنێوان یەکێتیی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان و پێکهاتەکانی دیکە ئەوانەی کە بەشدار دەبن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، قسە لەسەر ئەو بابەتە دەکەین."
دوێنێ شەممە، 15ـی شوبات، شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی گەیشتنە هەولێر و ئەمڕۆ یەکشەممە لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوونەوە. بارەگای بارزانی دەڵێت، شاندەکە نێوەڕۆکی پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلانیان بە سەرۆک بارزانی گەیاند و ئەویش "ئامادەیی خۆی بۆ یارمەتیدان و پشتیوانیی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و سەرگرتنی راگەیاند."
لەو بارەیەوە، نێچیرڤان بارزانی گوتی کە سبەی دووشەممە لەگەڵیان کۆدەبێتەوە؛ "ئەمانە بێگومان بە پەیامی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە هاتوون بۆ هەولێر و لەوێوە دەچن بۆ سلێمانیش، پەیامەکە بێگومان ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەکەین بزانین پەیامەکەیان چی پەیامێکە، ئێمە چاوەڕوان دەکەین پەیامی ئاشتی بێت بۆ سەقامگیریی تورکیا و پەیامەکەش زیاتر بۆ پەکەکە دەبێت. ئێمە هیوادارین گوێبیستی بانگەوازی ئاشتی بین لەلایەن بەڕێز ئۆجەلانەوە و هیوادارین کە پەکەکەش هەڵوێستی هەبێت و پێشوازی لە پەیامی بەڕێز ئۆجەلان بکات."
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکە دا، ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا چەند پرسیارێکی ئاراستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد.
لە وەڵامی پرسیاری رووداو دا، لەبارەی پرسی چارەسەری لە باکووری کوردستان و تورکیا، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا بەڵێ، باسی ئەم پڕۆسەیەمان کردووە، هست دەکەم تورکیا زۆر بە جدی هەوڵ دەدات ئەم پڕۆسەی ئاشتییە بەڕێوەببات و هەموو شتێک ئێستا دەمێنێتەوە لەسەر ئەم شاندەی دەم پارتی، ئەوانەی کە هاتوون بۆ هەرێمی کوردستان و ئەو بانگەوازییەی کە بڕیار وایە بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ماوەیەکی نزیکدا بیکات، کە من پێموایە لەوانەیە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە ئەو بانگەوازە دەربچێت."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: "ئێمە هیوادارین و ئەوەی کە حەز دەکەین ئەوەیە کە پەکەکە؛ ئەم کێشەیە، سرووشتی ئەم کێشەیە ئەوە نییە کە بە چەک چارەسەر بکرێت، بە شەڕ چارەسەر بکرێت، سرووشتی کێشەکە ئەوەیە کە پێویستە لە رووی سیاسییەوە بە ئاشتی چارەسەر بکرێت، ئەوەی کە گرنگە هەنگاوی یەکەم، تەسەور دەکەین قەندیل، پەکەکە دەبێت زۆر بە جدی بیر لەوە بکاتەوە کە پێشوازی لە بانگەوازی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکات. ئەو پەیامە لەوانەیە بە زووترین کات لەم ماوەیەدا وەکو گوتم، تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە ئەو پەیامە بدات، ئێمە هیوادارین کە پەکەکە پێشوازی لە بانگەوازیی ئۆجەلان بکات."
لەبارەی رۆژئاوای کوردستان و بەشداریی کورد لە پرۆسەی سیاسیی سووریای نوێ دا بە رووداوی گوت: "کاری لەپێشینەی ئێمە ئەوە بووە کە چۆن برایانی خۆمان لەوێ بپارێزین و من پێموایە تاڕادەیەکیش ئێمە لەو سیاسەتەدا سەرکەوتوو بووین. و بە سوپاسیشەوە تورکیاش یامەتیدەر بووە لەو مەسەلەیدا، ئێمە سوپاسیان دەکەین."
رۆژی شەممە، لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە؛ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە دەڵێت: لەم کۆبوونەوەیەدا باسی ئەو شتە هاوبەشانەمان کردووە کە لەنێوان عێراق و ئەمریکادا هەیە، و جەختمان لەوە کردووەتەوە کە عێراق دەیەوێت فاکتەرێک بێت بۆ ئەمن و ئاسایش لە ناوچەکەدا، و عێراق دەیەوێت رۆڵی خۆی بگێڕێت بۆ ئەوەی کێشەکان پەرە نەستێنن."
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە "بانگهێشتی جەنابی وەزیری دەرەوەمان کردووە بۆ ئەوەی تەشریف بێنێت بۆ عێراق و لە رێوڕەسمی کردنەوەی کۆنسووڵخانەی نوێی ئەمریکا لە هەولێر بەشدار بێت."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میونشن لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریاش کۆبووەوە؛ لەو بارەیەوە گوتی: "ئێمە تەمەننا دەکەین کە ئەم دەسەڵاتە بتوانێت هەموو لایەن و هەموو پێکهاتەکانی سووریا لە داهاتووی سووریادا بەشداری پێبکات. ئەوەی کە بە نیسبەت هەرێمی کوردستانەوە گرنگە ئەوەیە ئێمە تەمەننای سەقامگیری دەکەین بۆ سووریا، گەلی سووریا گەلێکە شایستەی ژیانێکی باشترە."
نێچیرڤان بارزانی قسەی لەسەر رۆژئاوای کوردستان و کورد لە سووریا کرد: ئامۆژگاریی ئێمەش، ئەو قسانەی کە لەگەڵ برایانی کوردمان کردووە، دوو یان سێ شتی زۆر دیاریکراوە، یەکەم شت ئێمە پێمان گوتوون ئێوە دەبێت بە یەکگرتوویی بچن بۆ دیمەشق. ئەزموونی ئێمە لە هەرێمی کوردستان کە پێکەوە چووین بۆ بەغدا ئەزموونێکی زۆر سەرکەوتوو بوو دوای ساڵی 2003. یەکەم خۆتان بە خاوەن سووریای نوێ ببینن، چاوەڕێی ئەوە مەکەن لە دیمەشقەوە بانگهێشت بکرێن، ئێوە خۆتان بکەن بە خاوەنی سووریای نوێ. ئەم سووریایە سووریای ئێوەیە و دیمەشق پایتەختی ئێوەیە."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا کە بیری رۆژئاوای کوردستان دەکات؛ "خودا وەکیلە زۆر بیری دەکەین؛ ئێمە لە کاتی خۆیدا زۆر دەچووین بۆ سووریا، شام، قامشلۆ و حەلەب، ئێستاش لە یادمانە و هیوادارم ئەو رۆژە زوو بێت بتوانین سەردانی قامشلۆ، حەلەب و عەفرین بکەین بۆلای خەڵکی خۆمان."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کرد: "بە سوپاسەوە وڵاتانی هاوپەیمان لە پرۆسەی چاکسازی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەشدارن. رەنگە هەنگاوەکان هێواش بن، بەڵام پرۆسەیەکی جیددیی چاکسازی لە ناو هێزەکانی پێشمەرگەدا هەیە، بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە. هەموو ئەو لایەنانەی بینیمانن چ ئەڵمانیا، پۆڵەندا، بەلجیکا، ئیتاڵیا، ئەمریکا، ئەوانەی بەشدارن لە پرۆسەکەدا بە سوپاسەوە هەموویان پابەندن بەوەی ئەو یەکبوونەی هێزەکانی پێشمەرگە ببینن. هیچ کەموکوڕییەک لەو پرۆسەیە بەدی ناکرێت."
بە وێنە؛ کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میونشن
— Rudaw (@Rudawkurdish) February 16, 2025
دەقی قسەکانی لەم لینکەیە:https://t.co/NdLmL5Dtt8 pic.twitter.com/K8yr302DAi
دەقی گوتەکانی نێچیرڤان بارزانی:
بێگومان ئێمە ساڵانە بەشدار دەبین لە کۆنفرانسی ئاسایش لە میونشن، و وەکو هەرێمی کوردستان ئەوە دەرفەتێکە هەموو جار بەشداریکردن لەم کۆنفرانسانە، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئێمە گفتوگۆیەکی جدی بکەین لەسەر پێشهاتەکانی جیهان بە شێوەیەکی گشتی و بەتایبەتی لە ناوچەی ئێمە، ئەوەی کە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەی ئێمەوە هەیە، دەرفەتێکە بۆ ئێمە کە دوور لە پرۆتۆکۆلاتی تۆزێک بە زەحمەت، بتوانین لە دوو رۆژدا خەڵکێکی زۆر ببینین و بیر و بۆچوونی خۆمان وەکو هەرێمی کوردستان بۆ بەشداربووانی کۆنفرانسەکە باس بکەین، وەکو ئەم ساڵەش بەشداریی ئێمە هەر لەم چوارچێوەیە بووە و ئێمە بێگومان زۆر دیدارمان هەبووە، لە میدیا هەمووی باس کراوە، گفتوگۆکان، بۆچوونەکانی هەرێمی کوردستان لە مەسەلەی ئاسایش، مەسەلەی سەقامگیری لە ناوچەکە، ئێمە خستمانە بەر باس و بۆچوونی لایەنەکانی دیکەشمان گوێ لێبوو، لەسەر هەموو ئەو پێشهاتانەی کە ئەمڕۆ لە جیهان و بەتایبەتی لە ناوچەی ئێمەدا دەگوزەرێت.
پرسیار و وەڵام لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکە:
پرسیار: پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوێ گەیشت، هەروەها شاندی ئیمراڵی ئێستا لە هەولێرە و ئێوە بەیانی دەیانبینن، پەیامی چییان هەیە بۆ ئێوە؟
نێچیرڤان بارزانی: خۆی لە پرسیاری یەکەم، بەڵێ ئێمە لە گفتوگۆیەکی جدیداین، واتا شاندی هەردوو لایەنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە گفتوگۆیەکی جدیدان، ئێستا بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا چەندین دیدار لەنێوان ئێمە لە هەردوولا کراوە، ئێمە گەشبینین بەوەی کە لە ماوەیەکی نزیکدا؛ بێگومان دیدارەکانی پێشتر هەمووی لەسەر ئەوە بوو کە چۆن دەتوانین پێکەوە کار بکەین، ئەگەر ئێمە هاوبەشین لە حکومەتێکدا، ئەو هاوبەشییە بە واتای چییە، ئێمە چۆن تەعبیری ئەو هاوبەشییە دەکەین، ئەمانە هەمووی ئەو شتانە بوون کە جێگەی بایەخی هەردوولامان بوو، هەم یەکێتیی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان. لەوانەدا هەمووی پێشڤەچوونی باشمان بەدەستهێناوە و ئێمە هیوادارین لە ماوەیەکی نزیکدا بتوانین تەواوی بکەین و دواتر کۆبوونەوەی دیکە بکەین لەسەر ئەوەی کە پۆستەکان بە چی شێوەیەک لەنێوان یەکێتیی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان و پێکهاتەکانی دیکە ئەوانەی کە بەشدار دەبن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، قسە لەسەر ئەو باباتە دەکەین.
مەسەلەی شاندی ئیمراڵی، دەم پارتی و ئەوانەی کە چوونەتە ئیمراڵی و ئەمڕۆ لە هەولێرن، ئەمڕۆ جەنابی سەرۆک بارزانیان بینیوە، منیش بەیانی دەیانبینم لە هەولێر، ئەمانە بێگومان بە پەیامی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە هاتوون بۆ هەولێر و لەوێوە دەچن بۆ سلێمانیش، پەیامەکە بێگومان ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەکەین بزانین پەیامەکەیان چی پەیامێکە، ئێمە چاوەڕوان دەکەین پەیامی ئاشتی بێت بۆ سەقامگیریی تورکیا و پەیامەکەش زیاتر بۆ پەکەکە دەبێت. ئێمە هیوادارین بانگەوازێکی ئاشتی گوێبیستی بانگەوازی ئاشتی بین لەلایەن بەڕێز ئۆجەلانەوە و هیوادارین کە پەکەکەش هەڵوێستی هەبێت و پێشوازی لە پەیامی بەڕێز ئۆجەلان بکات.
پرسیار: لە پەراوێزی کۆنفرانسی میونشن دا، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوە، جەنابتان باڵاترین بەرپرسن لە عێراق کە چاوتان بە بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی نوێی ئەمریکا بکەوێت، چاوپێکەوتنەکەتان چۆن بوو؟ ئەو پەیوەندیییە نایابەتان چۆن بەکاردێنن؛ بەتایبەت لە پرسی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و گۆڕانکارییەکان؟
نێچیرڤان بارزانی: خۆی ئێمە کۆبوونەوەیەکی باشمان هەبوو لەگەڵ جەنابی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بەڵام هەر وەک ئاگادارن خۆی ماوەیەکی زۆر درێژ نییە لە نووسینگەیە و تازە دەستی بەکار کردووە، ئێمە لەم کۆبوونەوەیەدا باسی ئەو شتە هاوبەشانەمان کردووە کە لەنێوان عێراق و ئەمریکادا هەیە، و جەختمان لەوە کردووەتەوە کە عێراق دەیەوێت فاکتەرێک بێت بۆ ئەمن و ئاسایش لە ناوچەکەدا، و عێراق دەیەوێت رۆڵی خۆی بگێڕێت بۆ ئەوەی کێشەکان پەرە نەستێنن. هەر لەم چوارچێوەیەدا ئێمە هەم بە ناوی هەرێمی کوردستان، هەم بە ناوی عێراقیشەوە باسمان کرد و بانگهێشتی جەنابی وەزیری دەرەوەمان کردووە بۆ ئەوەی تەشریف بێنێت بۆ عێراق و لە رێوڕەسمی کردنەوەی کۆنسووڵخانەی نوێی ئەمریکا لە هەولێر بەشدار بێت.
پرسیار: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تێڕوانینی ئێوەی سەبارەت بە سووریا زۆر بۆ گرنگ بوو، ئێوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبوونەوە، باسی بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکان و کورد لە حکومەتی نوێی سووریا کرا؟
نێچیرڤان بارزانی: خۆی لە هەموو کۆبوونەوەکان تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکانی ئێمە مەسەلەی سووریا بووە، بێگومان لە لایەکەوە ئەوەی کە ئەمڕۆ لە سووریا دەگوزەرێت من پێموایە جێگەی دڵخۆشیی هەموو لایەکە، بەوەی کە رژێمێکی سەرکوتکەر ئەوانەی کە پێشتر زۆر ستەمیان لەو میللەتە کردووە، لەسەر کار نەماون، ئەوە جێگەی دڵخۆشییە. ئەم دەسەڵاتەی کە ئێستا هاتووەتە سەر کار لە سووریا، ئێمە تەمەننا دەکەین کە ئەم دەسەڵاتە بتوانێت هەموو لایەن و هەموو پێکهاتەکانی سووریا لە داهاتووی سووریادا بەشداری پێبکات. ئەوەی کە بە نیسبەت هەرێمی کوردستانەوە گرنگە ئەوەیە ئێمە تەمەننای سەقامگیری دەکەین بۆ سووریا، گەلی سووریا گەلێکە شایستەی ژیانێکی باشترە، ساڵانی رابردوو کێشەی گەورەیان هەبووە، زۆر زەحمەتیان بینیوە زۆریان لە وڵات دەرچوون، زۆر ماڵوێرانییان بینیوە، ئەمڕۆ بە راستی گەلی سووریاش شایستەی ژیانێکی باشترە، ئێمە تەمەننا دەکەین، هیوادارین کە ئیدارەی نوێ، بەتایبەتی سەرۆک ئەحمەد شەرع بتوانێت فاکتەرێک بێت بۆ سەقامگیریی سووریا و بتوانێت میللەتی سووریا لەو نەهامەتی و ناخۆشییە دەرباز بکات. بێگومان سووریا وڵاتێکە زۆر پێکهاتەی تێدایە پێکهاتەی جیاوازی تێدا هەیە. گرنگترین شت لە سووریا ئەوەیە کە هەموو لایەنەکانی پەیوەندیدار و هەموو پێکهاتەکانی سووریا بەشدار بن.
پێشنیازی (نەسیحەتی) ئێمەش، ئەو قسانەی کە لەگەڵ برایانی کوردمان کردووە، دوو یان سێ شتی زۆر دیاریکراوە، یەکەم شت ئێمە پێمان گوتوون ئێوە دەبێت بە یەکگرتوویی بچن بۆ دیمەشق. ئەزموونی ئێمە لە هەرێمی کوردستان کە پێکەوە چووین بۆ بەغدا ئەزموونێکی زۆر سەرکەوتوو بوو دوای ساڵی 2003. یەکەم خۆتان بە خاوەن سووریای نوێ ببینن، چاوەڕێی ئەوە مەکەن لە دیمەشقەوە بانگهێشت بکرێن، ئێوە خۆتان بکەن بە خاوەنی سووریای نوێ. ئەم سووریایە سووریای ئێوەیە و دیمەشق پایتەختی ئێوەیە. قسەی ئێمە بۆ ئەوان ئەوە بووە کە بە زووترین کات لەنێو پڕۆسەی سیاسیی سووریادا بەشدار بن و ئێمە هیوادارین کە دەسەڵاتی نوێ و بەتایبەتی سەرۆکی نوێی سووریا ئەم فرەڕەنگییەی سووریا ببینێت و هەوڵ بدات هەموو پێکهاتەکان لە داهاتووی سووریادا بەشدار بن. ئەوەی ئێمە دەمانەوێت، تەمەننای ژیانێکی بەختەوەر و داهاتوویەکی باشە بۆ گەلی سووریا، بە هەموو پێکهاتەکانەوە و، ئەوەی لەسەر ئێمەش پێویست بێت وەکو هەرێمی کوردستان، ئێمە ئەوەی بتوانین هەر رۆڵێک لەو چوارچێوەیەدا بگێڕین، ئێمە ئامادەی دەبین. لەگەڵ وەزیری دەرەوەش هەر لەم چوارچێوەیەدا دیدارمان هەبوو. بێگومان هەر لەم چوارچێوەیەدا قسەمان کرد و جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئێمە فاکتەری سەقامگیری دەبین، یان ئامادەین ئارمەتییان بدەین بۆ سەقاگیریی زیاتر لە سووریا.
پرسیار: ئێستا لە بەردەم ئەمریکایەکی نوێین، ئێوەش ترستان هەیە ئەم گۆڕانکارییە زیانتان پێ بگەیێنێت؟
نێچیرڤان بارزانی: خۆی ئەمریکایەکی نوێ ئەمە جوانترین تەعبیر و بۆچوونە، ئیدارەیەکی نوێیە، بۆچوونی جیاوازی هەیە و بە بۆچوون و دیدێکی نوێوە سەیری جیهان بە شێوەیەکی گشتی دەکات، بەڵام ئەوەی کە گرنگە ئەگەر سەیری لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا بکەیت، لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا یەک شتی روونی تێدایە، روون و ئاشکرایە کە ئەو دەیەوێت فاکتەرێک بێت بۆ ئاسایش بۆ ئارامی، بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگانەی کە لە ناوچەکە دەکرێت، بۆ کۆتاییهێنان بە هەموو ناکۆکییەک کە لە جیهاندا هەیە، سەرۆکی ئەمریکا لە قسەکانی خۆیدا ئەمەی دەربڕیوە و من پێموایە ئێمە هەموو لایەکمان لە ناوچەکە، چی لە ئەورووپا و چی لە ناوچەی ئێمە، دەبێت پێشوازی لە قسەکان و دەستپیشخەرییەکانی سەرۆکی ئەمریکا بکەین، چونکە ئەوەی کە ئەو گوتوویەتی، جەنابی سەرۆک ترەمپ دەڵێت ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی کۆتایی بە جەنگەکان بهێنین، ئاشتی بهێنینە ئاراوە. لە هەمووشتێک زیاتر ئەمڕۆ جیهان پێویستی بەو ئاشتییە هەیە، بە چی شێوەیەک جێبەجێیان دەکات ئەوە بابەتێکی دیکەیە، بەڵام ئەوەی کە خۆی دەیڵێت و ئەوەی کە باوەڕی پێیە و شایستەی ئەوەیە کە هەموومان تەقدیرمان بۆی هەبێت و پاڵپشتی بکەین، ئەوەیە کە خۆی دەڵێت کۆتاییهێنانە بە جەنگەکان و بەرقەراریی ئاشتییە. ئێمە ترسمان نییە، ئێمە ئەو ترسەمان نییە، ئێمە ئەمریکا بە هاوپەیمانی خۆمان دەزانین و ئێمە عێرایقیش بە هۆکارێک (عامل) دەزانین بۆ ئەوەی بتوانێت دەورێکی جددی ببینێت و ببێتە فاکتەرێکی جدی لە مەسەلەی سەقامگیری لە هەموو ناچەکەدا.
رووداو: بەڕێزتان وەزیری دەرەوەی تورکیاتان بینی، دەمەوێت بزانم باسی پڕۆسەی ئاشتیتان کرد؟ پاشان وەزیری دەرەوەی ئەمریکاتان بینی هیچ پەیامێکتان بۆ سەرۆکی ئەمریکا نارد کە لە رۆژئاوی کوردستان نەکشێتەوە؟
نێچیرڤان بارزانی: خۆی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا بەڵێ، باسی ئەم پڕۆسەیەمان کردووە، هست دەکەم تورکیا زۆر بە جدی هەوڵ دەدات ئەم پڕۆسەی ئاشتییە بەڕێوەببات و هەموو شتێک ئێستا دەمێنێتەوە لەسەر ئەم شاندەی دەم پارتی، ئەوانەی کە هاتوون بۆ هەرێمی کوردستان و ئەو بانگەوازییەی کە بڕیار وایە بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ماوەیەکی نزیکدا بیکات، کە من پێموایە لەوانەیە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە ئەو بانگەوازە دەربچێت. ئێمە هیوادارین و ئەوەی کە حەز دەکەین ئەوەیە کە پەکەکە؛ ئەم کێشەیە، سرووشتی ئەم کێشەیە ئەوە نییە کە بە چەک چارەسەر بکرێت، بە شەڕ چارەسەر بکرێت، سرووشتی کێشەکە ئەوەیە کە پێویستە لە رووی سیاسییەوە بە ئاشتی چارەسەر بکرێت، ئەوەی کە گرنگە هەنگاوی یەکەم، تەسەور دەکەین قەندیل، پەکەکە دەبێت زۆر بە جدی بیر لەوە بکاتەوە کە پێشوازی لە بانگەوازی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکات. ئەو پەیامە لەوانەیە بە زووترین کات لەم ماوەیەدا وەکو گوتم، تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە ئەو پەیامە بدات، ئێمە هیوادارین کە پەکەکە پێشوازی لە بانگەوازیی ئۆجەلان بکات.
لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیاش ئەمە یەکێک بوو لە تەوەری باسەکانی ئێمە، بێگومان ئەوە چەند مانگە بەردەوام ئەم تەوەرە تەوەرێکی سەرەکی بووە، ئەوەی کە پەیوەندی بە برایانی ئێمە لە سووریاوە هەیە، بەڵێ ئێمە خۆمان هەستمان بەو ئەرکە کردووە هەر لە رۆژی یەکەمیشەوە، هەستمان بەوە کردووە و هەوڵێکی جدیشمان داوە بۆ ئەوەی هیچ پێشهاتێکی ناخۆش دروست نەبێت، واتا لە نێو سووریا. و کاری لەپێشینەی ئێمە ئەوە بووە کە چۆن برایانی خۆمان لەوێ بپارێزین و من پێموایە تاڕادەیەکیش ئێمە لەو سیاسەتەدا سەرکەوتوو بووین. و بە سوپاسیشەوە تورکیاش یامەتیدەر بووە لەو مەسەلەیدا، ئێمە سوپاسیان دەکەین.
لەگەڵ وەزیری دەرەوە ئێمە بە روونی پێمان گوتن، یەک مەسەلەی جدی هەیە ئەویش مەسەلەی سەرهەڵدانی داعشە، ئێمە تاوەکو ئیستاش وەکو هەرێمی کوردستان داعش بە هەڕەشەیەکی ئەمنی دەبینن بۆ عێراق، هەرێمی کوردستان و بۆ سووریاش، ئێمە پێمان وایە و بۆچوونمان ئەوەیە کە ئێستاش هەمووی عێراق پێویستی بە هێزەکانی نێودەوڵەتی هەیە، ئەمە بۆچوونی هەرێمی کوردستانە. پێمان وانییە ئەمە کاتێکی دروستە بۆ ئەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بکشێنەوە، عێراق دۆخێکی تایبەتی هەیە و پێویستی بە یارمەتی هەیە، ئەمە بۆچوونی ئێمەیە. لەوانەیە بۆچوونەکانمان جیاواز بێت لەگەڵ بەغدا، بەڵام بۆچوونی ئێمە لەسەر ئەم مەسەلەیە سەیری عێراق دەکەین، وەکو هەموو عێراق و ئەم عێراقەە پێویستی بە هیزەکانی هاوپەیمان هەیە کە یارمەتییان بدەن و ئەمە تەوەرێک بووە لە قسەکانی ئێمە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جەختمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پێویستە یارمەتیی سەقامگیریی عێراق بدرێت. ئەمڕۆ لە عێراق، سوپاس بۆ خوا، دەبینین دۆخەکە بەرەو باشترە، دەبینین بۆ نموونە لە بواری ئابوورییەوە باشترە، پڕۆژە هەیە، لێرە کە پرسیاریان لە من دەکرد و دیانگوت کە کێشەی ئێستای عێراق چێیە، گوتم گەورەترین کێشەی عێراق، ئەمڕۆ لە عێراق قەرەباڵخیی هاتووچۆیە (ترافیک) هی ئۆتۆمبێلەکان، ئۆتۆمبێلێکی زۆر هەیە. گەورەترین کێشەی ئێستا ئەوەیە. ئەمە جێگەی دڵخۆشییە کە وردە وردە عێراقێک دەبینین، گەلی عێراق شایستەی ژیانێکی باشترە، شایستەی ژیانێکی خۆشترە لەوەی ئێستا و ئێمە هەنگاوەکان هەرچەند بچووکیش بن، زۆر بە بایەخەوە سەیریان دەکەین. پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا ئەمڕۆ زۆر باشترە لە جاران. ئێمە دەبینین سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سوپاسەوە هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هەیە چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە. ئێمە ئەمڕۆ پێکەوە وەکو یەک تیم کار دەکەین، نەک وەکو دوو لایەن، ئێمە چۆن دەتوانین تەواوکەری یەکدی بین لەگەڵ بەغدا، ئەمڕۆ بۆچوونی ئێمە و پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ بەغدا لەو چوارچێوەیەدایە. ئێمە چۆن دەتوانین پێکەوە وەکو یەک تیمی هاوبەش لە خزمەتی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانییەوە کار بکەین.
رووداو: سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستان پەیامتان نارد بۆ ترەمپ کە لە رۆژئاوای کوردستان نەکێشتەوە؟
نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ، ئێمە کە باسی کشانەوەمان دەکرد، نەک تەنیا باسی کشانەوە لە عێراق، ئێمە بە تایبەتی باسی کشانەوە لە سووریاشمان کرد.
رووداو: ئێوە لەگەڵ بەرپرسانی بەرگریی وڵاتانی ئەوروپا کۆبوونەوە، ئایا باسی پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کرا؟
نێچیرڤان بارزانی: بە سوپاسەوە وڵاتانی هاوپەیمان لە پرۆسەی چاکسازی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەشدارن. رەنگە هەنگاوەکان هێواش بن، بەڵام پرۆسەیەکی جیددیی چاکسازی لە ناو هێزەکانی پێشمەرگەدا هەیە، بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە. هەموو ئەو لایەنانەی بینیمانن چ ئەڵمانیا، پۆڵەندا، بەلجیکا، ئیتاڵیا، ئەمریکا، ئەوانەی بەشدارن لە پرۆسەکەدا بە سوپاسەوە هەموویان پابەندن بەوەی ئەو یەکبوونەی هێزەکانی پێشمەرگە ببینن. هیچ کەموکوڕییەک لەو پرۆسەیە بەدی ناکرێت.
رۆژنامەڤان: سڵاو جەنابی سەرۆک، سڵاوی کوردانی رۆژئاوای کوردستان بۆ تۆ. زۆر لە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان فیدراڵیزم وەکو چارەسەر بۆ دۆزی کورد لە سووریا دەبینن، تێڕوانینی ئێوە لەو بارەیەوە چییە؟ وە ئایا بەم نزیکانە جەنابتان لە دیمەشق، حەلەب، عەفرین و قامشلۆ دەبینین؟
نێچیرڤان بارزانی: سەرەتا زۆر سوپاس و پیرۆزە کەناڵەکە تەلەڤزیۆنییەکەتان. لە بارەی فیدراڵیزمەوە وەکو چارەسەر؛ بێگومان هەر شوێنێک تایبەتمەندی خۆی هەیە. ئەو مۆدێلەی ئێمە کە ئێستا لە عێراق هەیە پەیوەندیدار بە کورد، ناتوانرێت هەمان شێوەی مۆدێل لە سووریاشدا جێبەجێ بکرێت، چونکە نە جوگرافیای سووریا و نە ئەو خەڵکانەشی لەوێدا دەژین وەکو عێراقە، نە دەتوانی هەمان مۆدێل جێبگیر بکەیت. گرنگ ئەوەنییە چی مۆدێلێکە، گرنگ ئەوەیە مۆدێلێک بێت جێگەی رەزامەندی هەموو گەلی سووریا بێت، مۆدێلێک بێت ئاشتیی بۆ هەموو پێکهاتەکانی سووریا بەرقەرار بکات، ئەگەر جەختکردنەوەی ئێمە لەسەر مۆدێلێک بێت، پێموانییە دروست بێت. دەبێت مۆدێلێک بێت بە گفتوگۆ و دانیشتن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق {دروستبکرێت}. ئێستاش دەیڵێمەوە، پێویستە براکانمان لە سووریا بچنە دیمەشق و وەکو میوان هەڵسوکەوت نەکەن، وەکو خاوەن ماڵ هەڵسوکەت بکەن؛ ماڵی ئەوانە و شوێنی ئەوانە و دیمەشق پایتەختی سوویاریە و پایتەختی ئەوانە. دەبێت لەوچوارچێوەیەدا هەڵسوکەوت بکەن بۆ ئەوەی چارەسەرێک ببین لە بەرژەوەندی هەموو سوویادا بێت.
رۆژنامەڤان: سەردان دەکەی؟
نێچیرڤان بارزانی: ئەی بۆ نایکەن، خودا وەکیلە زۆر بیری دەکەین؛ ئێمە لە کاتی خۆیدا زۆر دەچووین بۆ سووریا، شام، قامشلۆ و حەلەب، ئێستاش لە یادمانە و هیوادارم ئەو رۆژە زوو بێت بتوانین سەردانی قامیشلۆ، حەلەب و عەفرین بکەین بۆلای خەڵکی خۆمان.
رۆژنامەڤان: زۆر سوپاس کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان. لەسەر رۆژهەڵاتی کوردستان، وەکو سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەم رۆژانەی کۆنفرانسی میونشن بەشداربوون و لە دەرەوەی کۆنفرانسیش، ئێوە دەزانن بابەتێکی سەرەکی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە سێدارەنی چالاکڤانانی سیاسییە، ئێوە چۆن هەوڵتانداوە پێشگیریی لەو لەسێدارەدانانە بکەن؟
نێچیرڤان بارزانی: پەیوەندی ئێمە لەگەڵ ئێران وەکو هەرێمی کوردستان پەیوەندی باشن، ئێران هاوسێی ئێمەیە. ئێستا لە پەیوەندیی بازرگانی و هەموو پەیوەندییەکانی دیکەمان بەرەو پێشچوونی زۆر هەیە، پرانسیپێکمان لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، کە ناتوانین دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆی ئێراندا بکەین، لە رووی نێودەوڵەتیشەوە ئەوە دروست نییە. بەرپرسیارییەتی ئێمە کوردستانی عیراقە. ناشبینین بەرژەوەندی هیچ لایەک بێت دەستوەردان بکات، ئەگەر بتوانین قسەیەک بکەین دەیکەین، ئێمە هەوڵی زۆریشمان داوە، بەڵام ناتوانین بە ئاشکرا هەموو شتێک بڵێین، چونکە بابەتەکە تەواو نێوخۆیی ئێرانە، وەکو هەرێمی کوردستان سیاستمان ئەوە نییە، و سیاسەتمان ئەوەیە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێراندا باشبێت و بەهیچ شێوەیەک دەستوەرانی کاروباری نێوخۆی ئێران نەکەین، چاوەڕوانیشمان وایە ئەوانیش دەستوەردانی نێوخۆی هەرێمی کوردستان نەکەن و پەیوەندی ئێمە لەسەر بنەمای رێزی دوو لایەنە بەردەوام بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ