رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی ئەمریکا دەستگیرکردنی محەممەد باقر سەعد داود سەعدی راگەیاند کە هاووڵاتییەکی عێراقی و ئەندامێکی باڵای کەتائیبی حیزبوڵڵایە؛ گرووپێک کە ئەمریکا وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی بیانی پۆلێنی کردووە. سەعدی بە شەش تۆمەتی پەیوەست بە تیرۆر تۆمەتبارە، لەنێویاندا بەشداریکردنی لە نزیکەی 20 هێرش و هەوڵی هێرش لە ئەورووپا و ئەمریکا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دادی ئەمریکا، سەعدی لە دەرەوەی ئەمریکا دەستگیرکراوە، رادەستی هێزەکانی ئەمریکا کراوە و بۆ ئەو وڵاتە گوێزراوەتەوە. سەعدی لەبەردەم سارا نێتبێرنی دادوەر لە دادگەی فیدراڵیی مانهاتن ئامادە بووە و بڕیاری راگرتنی دراوە تاوەکو کاتی دادگاییکردنی.
بەگوێرەی وەزارەتی دادی ئەمریکا، "سەعدی فەرماندەیە لە کەتائیبی حیزبوڵڵا، کە رێکخراوێکی تیرۆریستییە لە عێراق و پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ سوپای پاسداران هەیە." بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سەعدی لە نزیکەوە لەگەڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس، سەرکردەی کەتائیبی حیزبوڵڵا کاری کردووە.
وەزارەتی داد رایگەیاندووە، سەعدی داوای لە ژمارەیەک کەسی دیکە کردووە هێرش بکەنە سەر ئەمریکییەکان و بیانکوژن، ئەوەش وەک تۆڵەیەک بۆ کوژرانی سولەیمانی و موهەندیس. بۆ نموونە، لە 2ـی تەممووزی 2020ـدا وێنەیەکی کۆنگرێسی ئەمریکای بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: "تۆڵەی ئێمە بۆ سەرکردە شەهیدەکان بەردەوامە. هیچ دانوستاندنێک لەگەڵ داگیرکەردا نییە."
لە شوباتی 2026ـدا و لە پۆستێکی دیکەدا بە زمانی عەرەبی نووسیویەتی: "ئەی شیعەکانی عێراق، واز لە خوێنی ئیمامەکەتان مەهێنن. هەموو ئەوانەی پشتیوانیی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەن بکوژن. لە هەموو شوێنێک بیانکوژن."
وەزارەتەکە دەڵێ، لە چەند مانگی رابردوودا سەعدی و هاوکارەکانی بە ناوی (حەرەکەت ئەسحابولیەمین ئیسلامییە) لانیکەم 18 هێرشی تیرۆریستییان لە ئەورووپا و دوو هێرشی دیکە لە کەنەدا کردووە.
وەزارەتی داد لیستێکی لە هێرشەکان بڵاوکردووەتەوە:
15ـی ئاداری 2026: بانکی نیویۆرک مێلن لە ئەمستەردامی هۆڵەندا بە بۆمب هێرشی کرایەسەر. رۆژی دواتر سەعدی ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و هۆشدارییەکی تێدا بوو: "ئەمە دوایین هۆشدارییە، دەستبەجێ خۆتان لە هەموو بەرژەوەندی، دامەزراوە و شتە پەیوەستەکانی ئەمریکا و زایۆنی دووربخەنەوە."
12ـی نیسانی 2026: کەنیسەیەک لە شاری سکۆپیێ لە مەسەدۆنیا باکوور سووتێندرا.
29ـی نیسانی 2026: دوو پیاوی جوو کە یەکێکیان هاووڵاتیی ئەمریکی-بەریتانی بوو لە لەندەن، بە چەقۆ هێرشیان کرایە سەر و بە سەختی بریندار بوون.
پلانی هێرش لەنێو ئەمریکا
ئەمریکا دەڵێ، لە مانگەکانی نیسان و ئایاری 2026دا سەعدی هەوڵی دا هێرشی تیرۆریستی بە مەبەستی کوشتنی خەڵک لە ئەمریکا بکات.
بەگوێرەی وەزارەتی دادی ئەمریکا، سەعید لە 3ـی نیساندا "قسەی لەگەڵ ئەفسەرێکی نهێنیی جێبەجێکردنی یاسادا کردووە کە پێیوابووە دەتوانێت هێرش لە ئەمریکا بکات. سەعدی وێنە و نەخشەی کەنیشتەیەکی دیاری جووەکانی لە نیویۆرک و دوو دامەزراوەی دیکەی لە لۆسەنجلس لە ویلایەتی کالیفۆرنیا و سکۆتسدەیل لە ویلایەتی ئەریزۆنا بۆ ناردووە و داوای لێکردووە هێرشیان بکاتە سەر."
سەعدی ئەو پرسیارەی کردووە کە ئایا ئەفسەرە نهێنییەکە بۆمبی چێندراو بەکاردەهێنێت یان "شوێنەکە دەسووتێنێت،" بەڵام هیچ هێرشێک نەکرا.
محەممەد باقر سەعد داود سەعدی، تەمەن 32 ساڵ و خەڵکی عێراق، رووبەڕووی شەش تۆمەت بووەتەوە:
1. پیلانگێڕی بۆ پشتیوانیی مادی بۆ کەتائیبی حیزبوڵڵا: زۆرترین سزا 20 ساڵ زیندانی.
2. پیلانگێڕی بۆ پشتیوانیی مادی بۆ سوپای پاسداران: زۆرترین سزا 20 ساڵ زیندانی.
3. پیلانگێڕی بۆ پشتیوانیی مادی بۆ کردەی تیرۆریستی: زۆرترین سزا 15 ساڵ زیندانی.
4. پێشکەشکردنی پشتیوانیی مادی بۆ کردەی تیرۆریستی: زۆرترین سزا 15 ساڵ زیندانی.
5. پیلانگێڕی بۆ بۆمبڕێژکردنی شوێنی گشتی: زۆرترین سزا زیندانیی تاهەتایی.
6. هەوڵدان بۆ تێکدانی موڵک بە ئاگر یان تەقەمەنی: سزای کەمترین 5 ساڵ و زۆرترین 20 ساڵ زیندانی.
وەزارەتی داد رایگەیاندووە: "تۆمەتەکانی نێو سکاڵاکە تەنیا بانگەشەن و تۆمەتبار بە بێتاوان دادەنرێ تاوەکو تاوانەکەی دەسەلمێنرێ و لەسەری تاوانبار دەکرێت."
تۆد بلانش، داواکاری گشتیی بەوەکالەت لە ئەمریکا گوتی: "بەهۆی دڵسۆزی و وریایی هێزەکانی جێبەجێکردنی یاساوە، ئەم فەرماندە تیرۆریستە گومانلێکراوە ئێستا لەژێر دەستی ئەمریکادایە. وەک لە سکاڵاکەدا هاتووە، سەعدی هانی خەڵکی دیکەی داوە هێرش بکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەمریکی و جووەکان لە ئەمریکا و دەرەوە بکوژن، بەمەش ئامانجە تیرۆریستییەکانی کەتائیبی حیزبوڵڵا و سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانی بردووەتە پێشەوە. ئەم تۆمەتانە نیشانی دەدەن، هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسای ئەمریکا هەرگیز رێگە نادەن ئەم جۆرە خراپەکارییە بەبێ چاودێری بمێنێتەوە و هەموو ئامرازەکان بەکاردەهێنن بۆ تێکدان و هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکان و سەرکردەکانیان."
کاش پاتێل، بەڕێوەبەری ئێف بی ئای (FBI) کە ئاژانسەکەی سەعدیی دەستگیرکردووە رایگەیاند، "ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتووەکەی ئێف بی ئای بۆ دەستگیرکردنی محەممەد سەعدی، ئامانجێکی دیکەی بەنرخ کە بەرپرسیارە لە تیرۆری بەرفراوانی جیهانی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ