رووداو دیجیتاڵ
کەشناسانی ئەمریکی دەڵێن، ئەم ساڵ دیاردەی ئێل نینیۆ تووندترین دەبێت، کە بریتییە لە گەرمبوونی رووی زەریاکان و لە ئەنجامدا لە هەندێ شوێن زریان و لافاو و لە هەندێکی دیکە وشکەساڵی سەخت دروست دەبێت.
یەکێک لە لێکەوتە هەرە مەترسیدارەکان، وشکهەڵاتنی کێڵگە کشتوکاڵییەکان و کەمبوونەوەی خۆراکە، کە ئەوە دەتوانێت بە شێوەیەکی گەورە برسێتی لە جیهان بڵاوبکاتەوە.
زانایان دەڵێن، ئێلنینیۆی ئەم ساڵ هاوشێوەی ئەوە دەبێ لە ساڵی 1877 روویدا، کاتێک بووە هۆی مەرگەساتێکی گەورە بۆ مرۆڤ و کەم رووداو دەتوانن رکابەری بکەن.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، ئەو کارەساتە بووەهۆی درێژەکێشانی وشکەساڵی و دواجار قاتوقڕی و برسێتییەکی جیهانی لێکەوتەوە کە لانیکەم 50 ملیۆن کەسی کوشت. هەندێک خەمڵاندنیش دەڵێن 60 ملیۆن کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا، کە دەکاتە نزیکەی 3%ی کۆی دانیشتووانی ئەو کاتی زەوی.
وەک چۆن توێژەرانی کەشوهەوا لە توێژینەوەیەکی ساڵی 2018دا سەبارەت بەو برسێتییە نووسیویانە: "دەکرێ بگوترێ ئەمە خراپترین کارەساتی ژینگەییە تاوەکو ئێستا بەسەر مرۆڤایەتیدا هاتبێت و یەکێکە لە خراپترین کارەساتەکان لە 150 ساڵی رابردوودا، کە ژمارەی قوربانییەکانی بەراورد دەکرێ بە جەنگە جیهانییەکان و پەتای ئەنفلەوەنزای ساڵی 1918 بۆ 1919."
لەکاتێکدا جیهان بەرەوپێش چووە، هەندێک لە شارەزایان دەڵێن رووداوەکانی وەک ئێل نینۆی 1877 تاقیکردنەوەیەکن بۆ ئاستی پێشکەوتن و دەرخستنی خاڵە لاوازەکانی سیستمی سیاسی و ئابووری.
زانایان دەڵێن، ئەوەی ئایا ساڵی 2026 دەبێتە بەشێکی دیکە لەم زنجیرە وێرانکارییە (کە دەکرێ رێگریی لێ بکرێ)، بەندە بەوەی چۆن ئەو تەکنەلۆجیا، سەرچاوە و زانیارییانە بەکاردەهێندرێن کە لەبەردەستن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ