رووداو دیجیتاڵ
59ـەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دەستیپێکرد. 40 سەرکردە و بەرپرسی وڵاتان و نزیکەی 100 وەزیری دەرەوە و ناوخۆ و بەرگری لەگەڵ سەرۆکی چەندین رێکخراوی جیهانی بەشدارن. یەکەمین کۆنفرانسە لەدوای جەنگی رووسیا و ئۆکراینا کە لە کۆتاییەکانی شوباتی ساڵی رابردوو دەستیپێکرد.
ڤۆلڤگان ئیشینگە، لە ساڵی 2008ـەوە تاوەکو 2022 سەرۆکی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بوو، ئەو پیاوە کە بەهۆی ئەزموونەکەیەوە ئێستا میدیاکان چاویان لە سەریەتی، باسی گرنگیی بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا دەکات.
ئیشینگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە زۆر سوپاسگوزارین کە نێچیرڤان بارزانی دووبارە لە کۆنفرانسی میونشن بەشدارە، ئێمە باش ئاگاداری ئەو بەرپرسیاریێتییەین کە لە ئەستۆی گرتووە و زۆر رێز لەو بەرپرسیاریێتییە دەگرین. هاوکات ئاگاداری هەوڵەکانین بۆ سەقامگیری لە ناوچەکەدا و هیواخوازین نموونەی ئەو لە ناوچەکەدا زۆر بووایە هاوشێوەی سەرکردایەتیی کورد کە هەمیشە بەو بەرپرسیارێتییەوە بەشداریی لە گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکاندا دەکات."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندەکەی لە ماوەی رۆژانی کۆنفرانسەکەدا لەگەڵ چەندین سەرکردە و بەرپرسانی وڵاتانی جیهان کۆدەبنەوە.
فەلاح مستەفا، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "بێگومان دەرفەتێکی گرنگە بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بینینی بەرپرسانی وڵاتان تاوەکو لە نزیکەوە بیروڕا ئاڵوگۆڕ بکەن و... ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە سەقامگیری، پەیوەندیی ئابووری و سەربازی و ئاسایش و ئاشتییەوە هەیە تاوتوێ بکەن."
لە چەندین پانێڵدا کۆنفرانسی میونشن تیشکی سەرەکی دەخاتە سەر شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی جیهان بە دەستیانەوە دەناڵێنێت. پرسی کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا و کێشەی هێرشی ئەلیکترۆنی و قەیرانی وزەش پرسەکانی دیکەی کۆنفرانسەکە دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ