جیهان
کەشتییەکی هێزی دەریایی ئەمریکا لە پۆلی ئارلی بێرک کە بە مووشەکی ئاراستەکراو پڕچەک کراوە، و بۆ بەرگریی ئاسمانی، هێرشی مووشەکی، جەنگی دژی ژێردەریایی تەرخان کراوە.
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی نهێنی پێنتاگۆن کە دزەی کردووە، باس لەوە دەکات، سوپای چین لە رێگەی تاقیکردنەوەی کۆمپیوتەرییەوە بۆی دەرکەوتووە دەتوانێت گەورەترین و نوێترین کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا نوقم بکات یان لەکاریان بخات.
چین چۆن ئەم کارە دەکات؟
چین تەنیا یەک جۆر چەک بەکارناهێنێت، بەڵکو پلانێکی سێ قۆناخی هەیە:
یەکەم: تێکدانی مانگە دەستکردەکان:
سەرەتا چین هێرشی ئەلیکترۆنی دەکاتە سەر مانگە دەستکردەکانی ئەمریکا. بەمەش کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا توانای پەیوەندیکردن، دۆزینەوەی ئامانجەکان و نیشاندانی رێگەیان نامێنێت. بەبێ ئەم مانگە دەستکردانە، کەشتییەکان وەک "کوێر"یان لێ دێت و ناتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن.
دووەم: بەکارهێنانی مووشەکی دەنگبەزێن:
چین خاوەنی نزیکەی 600 مووشەکی دەنگبەزێن یاخود "هایپەرسۆنیک"ـە. ئەم مووشەکانە 5 هێندە لە دەنگ خێراتر دەڕۆن و لە کاتی فڕیندا دەتوانن ئاڕاستەی خۆیان بگۆڕن، ئەمەش وا دەکات بەرگرییەکانی ئەمریکا نەتوانن بییانپێکن و بیانخەنە خوارەوە.
سێیەم: پلان و تەکتیکی "ماندووکردن":
چین ژمارەیەکی زۆر مووشەکی هەرزان دەتەقێنێت بۆ ئەوەی بەرگرییەکانی ئەمریکا سەرقاڵ و ماندوو بکات، کاتێک تۆپ و مووشەکە بەرگرییەکانی ئەمریکا کەم دەبنەوە، چین مووشەکە پێشکەوتووەکانی دەتەقێنێت بۆ ئەوەی گورزی کۆتایی لە کەشتییەکە بوەشێنێت.
کێشە گەورەکە بۆ ئەمریکا چییە؟
• تێچووی زۆر: دروستکردنی یەک کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا نزیکەی 13 ملیار دۆلاری تێدەچێت، بەڵام چین دەتوانێت بە موشەکێکی زۆر هەرزانتر تێکی بشکێنێت.
• گورزی کوشندە: ئەمریکا فڕۆکە و هێزێکی زۆری لەسەر ئەم کەشتیانە هەیە، ئەگەر تەنیا یەک دانەیان تێکبچێت، نیوەی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لەو ناوچەیە لەدەست دەچێت.
• مەودای دوور: چین مووشەکی نوێی دروستکردووە، وەک DF-27، کە دەتوانێت لە مەودای هەشت هەزار کیلۆمەترەوە هێرش بکات، ئەمەش واتە دەتوانێت لە نێو خاکی خۆیەوە کەشتییەکانی ئەمریکا لە نێوەڕاستی زەریاکاندا بپێکێت.
ئەم راپۆرتە هۆشداری دەدات کە هێزی دەریایی ئەمریکا ئیدی وەک جاران پارێزراو نییە و چین بە تەکنەلۆجیای نوێ و تێچووی کەمتر، مەترسییەکی گەورەی لەسەر باڵادەستی ئەمریکا دروست کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ