رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە دوو هەفتە لە لێدوانەکەی سەبارەت بە ئەگەری ناردنی هێزی ئەوروپی بۆ هاوکاریکردنی ئۆکراینا، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ راوێژکاریی ئەڵمانیا و سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا لە بەرلین، ئەو هەڵوێستەی خۆی خستەوەڕوو.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گوتی "ئەمە ساتەوەختێکی جیدییە. سەردەمی نوێ بەڕێوەیە؛ من و ئێوە، هەرسێکمان لەبارەی ئۆکراینا هاوڕاین کە دەبێت هاوکاریی ئەو وڵاتە بکەین؛ پێموایە هاوکاریکردنی ئۆکراینا شێوازی هەموو ئەگەرەکان دەخاتە بەردەممان، تەنانەت ناردنی هێزی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاش بۆ بەرەکانی شەڕ."
لە 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا، تائێستا ئەوەی ئاشکرایە؛ ئیسپانیا، چیک، پۆڵەندا و ئەڵمانیا دژی ناردنی هێزن بۆ ئۆکراینا.
ئۆلاف شولتز، راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێ "بەدڵنیاییەوە، گفتوگۆشمان لە بارەی چۆنیەتی رێکخستنی هاوکارییەکانمان بۆ ئۆکراینا کرد، بەڵام ئەو رێکخستنە ناردنی هێز بۆ ئۆکراینا ناگرێتەوە؛ نابێت سەربازانی یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ، پێ بنێنە نێو ئۆکرایناوە."
لە ساڵی 2003ـوە یەکێتیی ئەوروپا 37 گرووپی سەربازیی تایبەت بە راوێژ و زانیاری بە ئاڵای یەکێتییەکەوە ناردووەتە هەندێک شوێنی ئەورووپا، ئەفریقیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
لە دەستپێکی جەنگی ئۆکرایناشەوە، هێزی ئەورووپا ئەرکی پاراستنی ئاسایشی بەشێک لە سنووری نێوان ئۆکراینا و بێلاڕووسی گرتووەتە ئەستۆ؛ هەروەها زانیاریی هەواڵگری دەداتە کیێڤ بۆ پاراستنی ناوچەکانی رۆژئاوای رووباری دینیپرۆ کە بەشی زۆری دیوە رۆژهەڵاتەکەی لە ژێر کۆنترۆڵی رووسیایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ