رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە رێژەی نزیکەی 10% دابەزی، ئەوەش دوای ئەوەی تاران بڕیاری دا تەنگەی هورمز بە تەواوی بەڕووی کەشتییە بازرگانییەکاندا بکاتەوە.
دابەزینی نرخ
بەپێی ئاماری بازاڕی وزە، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بۆ گرێبەستەکانی مانگی حوزەیران، بە رێژەی 10.42% دابەزی و گەیشتە 89.03 دۆلار، هاوکات نرخی نەوتی خاوی تێکساسی ئەمریکی (WTI) بۆ گرێبەستەکانی مانگی ئایار، بە رێژەی 11.11% دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 84.17 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
هەڵوێستی تاران و کردنەوەی تەنگەکە
ئەم دابەزینە خێرایەی نرخ دوای ئەوە هات کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند کە تەنگەی هورمز بە تەواوی کراوەتەوە.
عێراقچی لە نووسینێکدا لە تویتەر رایگەیاند: "هاوتەریب لەگەڵ ئاگربەستەکەی لوبنان، تێپەڕبوونی هەموو کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمزەوە بۆ ئەو ماوەیەی کە لە ئاگربەستەکە ماوە، بە تەواوی بە کراوەیی رادەگەیێنین."
تەنگەی هورمز کە پێنج یەکی نەوتی جیهانی لێوە تێدەپەڕێ، لە 28ی شوباتی 2026ەوە بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران بە تەواوی پەکیکەوت، ئەوەش بووەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ نزیکەی 120 دۆلار، بەڵام راگەیاندنی ئاگربەست و کردنەوەی تەنگەکە ئارامیی بۆ بازاڕەکان گەڕاندەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ