کاریگەریی شەڕی ئێران لەسەر بازاڕەکانی ئەڵمانیا؛ کیلۆیەک ستەیک 10 یۆرۆ بەرزبووەتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
لە ئەڵمانیا بەهۆی شەڕی ئێرانەوە هەر کارتۆنێکی ماسی تونا 9 یۆرۆ بەرز بووەتەوە.
لە ئەڵمانیا بەهۆی شەڕی ئێرانەوە هەر کارتۆنێکی ماسی تونا 9 یۆرۆ بەرز بووەتەوە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پریشکی جەنگ و گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، تەنیا لە سنوورەکاندا نەمایەوە و گەیشتە قووڵایی ژیانی رۆژانەی خەڵک لە ئەڵمانیا. ئێستا لەم وڵاتەدا، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و خۆراک، نەک هەر هاووڵاتیان، بەڵکو بازرگانانیشی تووشی دڵەڕاوکێیەکی گەورە کردووە.
 
ئارام مستەفا، بازرگانێکی کوردە و 18 ساڵە لە ئەڵمانیا کۆفرۆشە؛ ئەو دەڵێت لە تەواوی ماوەی کارکردنیدا، هەرگیز گرانیی لەم جۆرەی بەخۆیەوە نەبینیوە.
 
ئەو دەڵێت، "شتەکان زۆر زۆر گران بوون.. لە دوو مانگی داهاتووشدا دڵنیام نرخەکان گۆڕانکاریی زیاتریان بەسەردا دێت بەهۆی گرانیی سووتەمەنییەوە. ئێمە وەک کۆفرۆش دەبینین خەڵک کە نرخەکان دەبینن چاویان زەق دەبێتەوە. داهات وەک خۆیەتی بەڵام فرۆشتن کەم بووەتەوە. بۆ نموونە، تەنیا یەک بلۆک پەنیری پیتزا حەوت یۆرۆی چووەتە سەر."
 
ئەڵمانیا لە پڕیشکەکانی ئاگری جەنگی ئێران و ئەمریکا-ئیسرائیل بێبەش نەبووە. جەنگ کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئابووریی خەڵک دروست کردووە؛ بۆ نموونە ماسی تونا، تەنیا لە دوای دەستپێکردنی گرژییەکانەوە، نۆ یۆرۆ لەسەر هەر کارتۆنێکی زیادی کردووە.
 
تەنیا بازاڕەکان نین؛ کەرتی گەشتیاری و چێشتخانەکانیش لەژێر گوشارێکی زۆردان. بەڕێوەبەری چێشتخانەیەک لە شاری "بۆخۆم" ئاماژە بەوە دەکات کە لە نێوان داواکاریی کارمەندان بۆ زیادکردنی مووچە و گرانبوونی کەرەستە خاوەکاندا، دەستەوسان ماونەتەوە.
 
ئاری سەباح / بەڕێوبەری چێشتخانەکە دەڵێت، "دوو کێشەی سەرەکیمان هەیە؛ یەکەم کارمەندەکان داوای پارەی زیاتر دەکەن چونکە بژێوی گران بووە، دووەم ئەو کەرەستانەی دەیکڕین؛ پێشتر کیلۆیەک ستەیک بە 25 یۆرۆ بوو، ئێستا گەیشتووەتە 35 یۆرۆ، بەڵام هێشتا نەمانتوانیوە نرخی لیستەکانمان بەرز بکەینەوە."
 
ئامارەکان دەڵێن نرخی پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک نان، شیر و سەوزە، لە نێوان سەدا 13 بۆ 20 زیادی کردووە. ئەمەش وای کردووە زۆرێک لە دایکان و باوکان، دەست بە خەرجییەکانیاندا بگرنەوە.
 
لارا مویلەر، هاووڵاتییە و دەڵێت، "بەڵێ، خۆراک و بەنزین و هەموو کاڵاکان گران بوون. ئێستا زۆر زیاتر بیر لەوە دەکەینەوە چۆن بازاڕ بکەین. تەنانەت گەشتکردن و پشووش بووەتە بابەتێکی ئەستەم، چونکە تێچوونەکان زۆر بەرزن و نیگەرانین لە داهاتوو."
 
لە ئێستادا رێژەی هەڵاوسان لە ئەڵمانیا گەیشتووەتە سەدا 2.7 و ئابووریناسان هۆشداری دەدەن کە ئەگەر ئاڵۆزییەکانی تەنگەی هورمز بەردەوام بن، شەپۆلێکی مایەپووچبوون کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا دەگرێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: The New York Times

ترەمپ: هیوادارم حیزبوڵڵا لە ماوەی ئاگربەست بە رێکوپێکی رەفتار بکات

رێککەوتنی ئاگربەست بۆ ماوەی 10 رۆژ لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل دەستیپێکرد. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی ئاراستەی حیزبوڵڵا کرد و داوای لێکردن ئەم دەرفەتە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بقۆزنەوە و بە "رێکوپێکی" رەفتار بکەن.