رووداو دیجیتاڵ
قاعیدە دەڵێت، چوار چەکداری کۆمپانیای ڤاگنەریان لە وڵاتی مالی کوشتووە و تاوەکو ئێستا ڤاگنەر هیچ روونکردنەوەیەکی نەداوە دەربارەی بوونیان لەو وڵاتە.
لقی قاعیدە لە مالی راگەیاند، چوار چەکداری کۆمپانیای ڤاگنەریان کە گرووپی سەربازی تایبەتی رووسییە لە بۆسەیەکدا لە دەوروبەری بندیگارا لە نێوەڕاستی مالی کوشتووە.
یەکەی میدیایی "نوسرەت ئیسلام وەل موسلیمین" لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، چەکدارەکانیان رۆژی شەممە 13-8-2022 لە ناوچەی مۆپتی بۆسەیان بۆ گرووپێک لە سەربازانی ڤاگنەر داناوە کاتێک لە ناوچەی بندیاگارا لە گوندی دجالۆوە بەرەو شاخەکان بە ماتۆڕسکیل دەڕۆیشتن و رووبەڕوویان بوونەتەوە.
ڤاگنەر هیچ نوێنەرایەتییەکی گشتی نییە و هیچ لێدوانێک یاخود روونکرنەوەیەک دەربارەی ئەو رووداوە نادات.
مالی لە هەوڵدایە بۆ رێگریکردن لە هێرشە چەکدارییەکان کە دوای راپەڕینەکەی ساڵی 2012 ریشەی داکوتاوە و لەو کاتەوە تائێستاش وڵاتانی دراوسێی گرتووەتەوە و هەزاران کەسی کوشتووە و ملیۆنان کەسی لە سەرانسەری ناوچەی ساحلی رۆژئاوای ئەفریقا ئاوارە کردووە.
ڤاگنەر ساڵی رابردوو دەستیکرد بە دابینکردنی سەدان چەکدار بۆ پشتگیری لە سوپای مالی و لەو کاتەوە لەلایەن گرووپەکانی مافی مرۆڤ و دانیشتووانی ناوچەکە تۆمەتبار کراوە بە بەشداریکردن لە کۆمەڵکوژی خەڵکی مەدەنی "تۆمەتێک کە وەڵامی نەداوەتەوە."
کرێملین دانی بەوەداناوە کە کارمەندانی ڤاگنەر لە مالین، بەڵام حکومەتی مالی بە راهێنەر لە سوپای رووسیا وەسفی کردوون نەک ئاسایشی تایبەت.
سەربازانی فەرەنسا پێشوازییەکی پڕ لە جۆش و خرۆشیان لێکرا کاتێک زیاتر لە نۆ ساڵ لەمەوبەر چوونە ناو مالی بۆ ئەوەی یارمەتی حکومەت بدەن لە بەرەنگاربوونەوەی رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداری کە لەلایەن جیهادییەکانەوە پەرەیسەندبوو.
رۆژی دووشەممە 15ـی ئابی 2022، دوای ناکۆکییەکانی فەرەنسا لەگەڵ حوکمڕانانی ئێستای مالی کە نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە، فەرەنسا لە مالی کشایەوە.
ڤاگنەر رێکخراوێکی نیمچە سەربازی رووسیایە. بە شێوەیەکی جۆراوجۆر وەک کۆمپانیایەکی سەربازی تایبەت وەسف دەکرێت و هەندێک جاریش وەکو سوپای تایبەتی ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا وێنا دەکرێت. گرووپەکە فەرمی نییە، زۆرجار هاوشانی هێزەکانی هاوپەیمانی حکومەتی رووسیا وەک سووریا، لیبیا، کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست و مالی شەڕ دەکەن.
ئەم گرووپە لە کاتی جەنگی دۆنباس لە ئۆکراینا ناوبانگی جیهانی بەدەستهێنا، کە لە ساڵی 2014 تا 2015 هاوکاری هێزە جوداخوازەکانی هەرێمی دۆنێتسک و لوهانسکی کرد.
رووداوە یەک لەدوای یەکەکانی مالی 2012 - 2021
2012 - جیهادییەکان بەشی باکووریان کۆنترۆڵکرد
تەوارقییەکان کە گرووپێکی ئیتنیکین و یاخیبووانی گروپی (هاوپەیمانی قاعیدە لە مەغریبی ئیسلامی) پایتەختەکانی سێ ناوچەی باکووری مالییان کۆنترۆڵ کرد کە بریتیبوون لە کیدال، گاو و تیمبۆکتۆ. ئیسلامییەکان بەخێرایی تەوارقییەکان پەراوێز دەخەن و بەشێک لە بیابانی شاری تیمبۆکتۆ وێران دەکەن.
2013 - فەرەنسا دەستوەردەدات
لەکاتێکدا ئیسلامییەکان بەرەو باشوور دەڕۆن، ئەمەش هەڕەشە لە باماکۆی پایتەخت دەکات، لە مانگی کانوونی دووەمی 2013 مالی داوای لە فەرەنسا کرد هێز بۆ مالی بنێرن. پاریس هێزێکی 1700 کەسی دەنێرێت بە ناوی ئۆپەراسیۆنی سێرڤاڵ و یاخیبووانی تێکشکاند.
لە نیسانی 2013 هێزێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ناوی (نێردەی سەقامگیرکردنی یەکگرتووی فرەڕەهەندی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مالی)، دەستیپێکرد و دەبێتە یەکێک لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە ئەمڕۆ زیاتر لە 17 هەزار سەرباز و پۆلیس و خەڵکی مەدەنی و خۆبەخشی لە ئەفریقا جێگیرکردووە.
2014 - ئۆپەراسیۆنی بەرخانە
لە یەکی ئابدا، فەرەنسا ئۆپەراسیۆنی سێرڤاڵ دەگۆڕێت بە ئەرکێکی فراوانتر بەناوی ئۆپەراسیۆنی "بەرخانە" لە ساحل کە ناوچەیەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەفریقا دەستپێدەکات و لە رۆژئاوای ئەفریقا کۆتایی دێت.
بەرخانە لە سەرەتادا سێ هەزار سەرباز جێگیر دەکات و بەپێی کات ژمارەکەی زیادیکرد بۆ 5 هەزار و 100 سەرباز. ئەم هێزە بە هاوکاری لەگەڵ پێنج وڵاتی هاوپەیمان کاردەکات، ئەوانیش بریتین لە: بورکینا فاسۆ، چاد، مالی، مۆریتانیا و نەیجیریا.
2015 - چڕبوونەوەی هێرشەکان
"لە مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی 2015 حکومەتی مالی و یاخیبووانی پێشووی توارێگ، ڕێککەوتنێکی ئاشتییان واژۆ کرد بەڵام جێبەجێ نەکرا.
لە دوو هێرشدا بۆ سەر هۆتێل و چێشتخانەیەک لە باماکۆ لە مانگەکانی ئازار و تشرینی دووەم لەلایەن چەکدارەکانی گرووپێکەوە بە سەرۆکایەتی موختار بێلمۆختار، 25 کەس کوژراون کە 16 کەسیان بیانی بوون.
2017 - پێنج وڵاتی سنووری ساحل
پێنج وڵاتی سنووری ساحل چوارچێوەیەکی دامەزراوەییە بۆ هاوئاهەنگی و هاوکاری ناوچەیی لە سیاسەتەکانی گەشەپێدان و بابەتە ئەمنییەکان لە رۆژئاوای ئەفریقا و ئەندامەکانی بریتین لە بورکینا فاسۆ، چاد، مالی، مۆریتانیا و نەیجیریا.
لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2017، تەقینەوەیەکی خۆکوژی لەلایەن هەمان گرووپەوە بۆسەر کەمپێکی شاری گاو کە یاخیبووانی پێشوو و میلیشیاکانی لایەنگری حکومەتیان تێدا گردکردبووەوە، 77 کەس کوژران و 120 کەسیش برینداربوون.
لە مانگی تەممووزدا سەرکردەکانی پێنج وڵاتی ساحل رێککەوتن لەسەر دروستکردنی دەستەیەکی دژە تیرۆر بە ناوی گرووپی پێنجەمی ساحل کە فەرەنسا پاڵپشتی دەکات.
لەگەڵ زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر سوپا و خەڵکی مەدەنی لە نێوەڕاستی مالی، توڕەیی لە دژی سەرۆک ئیبراهیم بوباکار کەیتا گەیشتە لووتکە و کودەتایەکی سەربازی لە ئابی 2020 روویدا.
کاتێک سەرکردە سەربازییەکان لە هەندێک پۆستی سەرەکی لادەبەن، عەقید ئاسیمی گۆیتای، بەهێز کودەتایەکی دیفاکتۆ لە مانگی ئایاری 2021دا ئەنجامدا.
لە مانگی حوزەیرانی 2021، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند کە ژمارەکانی ئۆپەراسیۆنی بەرخانە کەم دەکرێنەوە بۆ نێوان 2500 بۆ 3000 سەرباز.
2022 - کشانەوە
گرووپی ڤاگنەری رووسی لە کۆتایی ساڵی 2021 دەست دەکەن بە جێگیربوون لە مالی بۆ ئەوەی سەرکردە سەربازییەکانی بەهێز بکەن.
لە 9ـی کانوونی دووەمی 2022، کۆمەڵگەی ئابووریی دەوڵەتانی رۆژئاوای ئەفریقای بلۆکی رۆژئاوای ئەفریقا، بەهۆی ئەو هەڵبژاردنانەی کە هەڵوەشێندرانەوە، گەمارۆ بەسەر مالیدا دەسەپێنن و داوای گەڕانەوەی بۆ دەسەڵاتی مەدەنی دەکەن.
گرژییەکان زیاتر دەبن و مالی لە 31ـی کانوونی دووەم باڵیۆزی فەرەنسا لەو وڵاتە دەردەکات.
لە 17ی شوباتدا، فەرەنسا نیازی خۆی بۆ کشانەوە لە مالی رادەگەیێنێت، هەنگاوێک کە هاوتەریب لەگەڵ هێزێکی بچووکتری یەکێتی ئەوروپا بە سەرۆکایەتی فەرەنسا بە ناوی "تاکوبا" دەڕوات. ماکرۆن وادەی چوار بۆ شەش مانگ دیاری دەکات.
رۆژی دواتر باماکۆ داوا لە پاریس دەکات "بەبێ دواکەوتن" سەربازەکانی بکشێنێتەوە، داواکارییەکە لەلایەن سەرۆکی فەرەنساوە رەتکراوەتەوە.
لە کۆتایی مانگی حوزەیراندا نەتەوە یەکگرتوەکان ساڵێک ئەرکەکەیان لە مالی درێژ دەکەنەوە، بەڵام بەبێ پشتیوانی ئاسمانی فەرەنسا، کە لەلایەن جونتاوە رەتکرایەوە.
لە 1ـی تەممووزدا پاریس کۆتاییهاتنی جووڵەکانی تاکوبا رادەگەیێنێت، رۆژی دووشەممە 15ـی ئابی 2022 بەرخانە بە فەرمی کۆتایی دێت.
ئێستا لە دەرەوەی مالی، فەرەنسا بوونی خۆی لە ساحل بۆ نیوە کەمکردووەتەوە، ئێستا تەنها 2500 سەربازی لە ناوچەکەدا ماونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ