رووداو دیجیتاڵ
كۆتایی ئەم هەفتەیە دانیشتووانی دوورگەکانی کۆماری فیجی لە باشووری زەریای هێمن لە نزیک نیوزیلاند روویان لە بازاڕەکان کرد، بۆ ئەوەی خۆراک و پێداویستی رۆژانە بکڕن.
فیجییەکان ئاگادارکراونەتەوە کە باهۆزێکی بەهێز بەڕێوەیە، لەوانەیە ببێتە هۆی رۆچوونی زەوی لەو وڵاتە کە لە 300 دوورگەی بچووک بچووک پێکهاتووە.
ڤاسیتی سۆکۆ، بەڕێوەبەری نیشتیمانیی قەیرانەکانی فیجی رایگەیاند: "من بۆتانی پشتڕاستدەکەمەوە کە قەدەخەی هاتووچۆی سەرتاسەری لە 4ی دوای نیوەڕۆ تاوەکو 6ی بەیانی رۆژی دواتر دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ خۆپارێزی لە باهۆزی 'یاسا'. کەشناسی فیجی ئەم بەیانییە هۆشداری لەبارەی مەترسییەکانی داوە. دەبێت رێوشوێن بگرینەبەر و خۆمانی بۆ ئامادەبکەین."
چاوەڕێ دەکرێت باهۆزی یاسا لە دوو دوورگەی سەرەکی کۆماری فیجی بدات، خەڵکی هەردوو دوورگەکانی ڤیتی لیڤ و ڤانوا لیڤو ئامادەکاری تەواویان کردووە، بەڵام دەزانن باهۆزەکە بە ئاسانی بەسەریان تێناپەڕێت.
ڤاسیتی سۆکۆ پێشبینی دەکات باهۆزەکە 16 مەتر بەرزبێتەوە. بۆیە داوا لەو کەسانە دەکات کە ماڵیان لە نزیک کەناراوەکانە، ماڵ و منداڵیان ببەنە شوێنێکی بەرزتر. داواش لە بەرگریی شارستانی کراوە رێوشوێنی تەواو بگرنەبەر بۆ پاراستنی گیانی خەڵک.
دوورگەکانی فیجی خاوەنی سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی گەشتیاری و دەریایین، بەڵام دروستبوونی باهۆز و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی کە بەشێکیان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا دەگەڕێندرێنەوە، ئەو سەرچاوانەیان خستووەتە ژێر مەترسییەوە.
ڤیکتۆر بۆنیتۆ، زانای زیندەزانی دەڵێت: "گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری گەورەی بەسەر ژینگەی دەریاییمان هەیە، یەکەم رووداوی پیسبوونی ژینگەکەمان لە ساڵی 2000 روویدا، لەوکاتەوە زنجیرە رووداوێک رووی تێکردووین."
دوورگەکانی فیجی 150 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر لە ئەنجامی تەقینەوەی گڕکان دروستبوون، رووبەری فیجی 18 هەزار کیلۆمەتر دووجایە، ژمارەی دانیشتووانی ناگاتە ملیۆنێک کەس.
لەماوەی هەر 10 ساڵ جارێک، 10 بۆ 12 باهۆزی دەریایی لەو دوورگەیە هەڵدەکەن، دوایین باهۆزی زیانمەندیش لە 2016 بوو کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 44 کەس و زیانی یەک ملیار دۆلاریشی لە وڵاتەکە دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ