رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەچێتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و گوتارێک پێشکێش دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سینان تونجدەمیر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە نیویۆرک، رۆژی سێشەممە 23-1-2024 حوسێن عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتارێک پێشکێش دەکات.
سینان تونجدەمیر دەڵێت، گوتارەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت باسی هێرشەکەی رۆژی دووشەممە 15-1-2024ی سوپای پاسدارانی وڵاتەکەی بۆ سەر هەولێریش بکات.
گوتارەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە، هێرشەکەی سوپای پاسداران کاردانەوەی گەورەی بەدوادا هات. حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق و بەشێکی زۆر لە وڵاتانی رۆژئاوا سەرکۆنەیان کرد.
حکومەتی عێراق هەر زوو لیژنەی لێکۆڵینەوەی بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و ئەندامێتی رێبەر ئەحمەد، وەزیری نێوخۆی هەرێمی کوردستان پێکهێنا. رۆژی 16-1-2024یش دوو سكاڵای لەسەر هەمان بابەت لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکێش کرد.
لە هێرشەکەدا 4 کەس کوژران و 16 کەسی دیکە بریندار بوون. یەکێک لە کوژراوەکان پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری ناسراوی کوردستان بوو؛ یەکێکی دیکەیان منداڵێکی پێشڕەو دزەیی بوو کە لە ساڵێک بچووکتر بوو؛ یەكێکی دیکە کارگوزارێکی فلیپینی و ئەوی دیکەش بازرگانێكی عێراقی- بەریتانی بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ