سندووقی نێودەوڵەتیی دراو: ئابووریی جیهان لە 2025ـدا 3.3٪ گەشە دەکات

18-01-2025
سندووقی نێودەوڵەتیی دراو پێشبینیی دەکات ئابووریی عێراق ئەم ساڵ بە رێژەی 4.1٪ گەشە بکات
سندووقی نێودەوڵەتیی دراو پێشبینیی دەکات ئابووریی عێراق ئەم ساڵ بە رێژەی 4.1٪ گەشە بکات
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

''ئەم ساڵ ئابووریی جیهان گەشە دەکات، بەڵام کەمترە لە گەشەی پێش سەرهەڵدانی قەیرانی کۆرۆنا''؛ ئەمە قسەی ئابووریناسانی سندووقی نێودەوڵەتی دراو (IMF)ـە.
 
ئابووریناسانی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو پێشبینی دەکەن، گەشەسەندنی ئابووری لە جیهان لە ساڵی 2025ـدا بە رێژەی 3.3٪ دەبێت.
 
پییەر ئۆلیڤەر، ئابووریناسی (IMF) دەڵێ "ئابووریی ئەمریکا زۆر زۆر باشە. بازاڕی کار زۆر بەهێزە. خواستی ناوخۆ بەرزە. دڵنیایی بەکاربەریش لە ئاستێکی بەرزدایە. هەموو پێنوێنەکان ئاماژە بە بەهێزیی ئابووریی ئەمریکا دەدەن."
 
بەپێچەوانەوە وەک ئۆلیڤەر دەڵێ "ئەگەر چاو لە ئابووریی وڵاتە پێشکەوتووەکانی دیکە بکەین، بۆ نموونە وڵاتە ئەورووپییەکان، گەشەی کەمیان لە 2024ـدا بەخۆیانەوە بینیوە. بۆ ئابووریی ئەورووپا پێشبینیمان کردووە تەنیا بە رێژەی 1٪ لە ساڵی 2025ـدا گەشە بکات."
 
سەبارەت بە چین، سندووقی نێودەوڵەتیی دراو پێشبینیی کردووە، ئەم ساڵ تەنیا بەڕێژەی 4.6٪ گەشە بکات.
 
ئامارە فەرمییەکانی چین رۆژی هەیینی ئاشکرایان کرد، گەشەی ئابووریی ئەو وڵاتە لە 2024ـدا 5٪ بووە، یەکێک لەو ساڵانەی کە کەمترین گەشەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
پییەر ئۆلیڤەر باس لەوە دەکات؛ هەرچەندە هاندانە ئابوورییەکان یارمەتیدەرن، "بەڵام ئابووریی چین هەستیارە بە گرژییە بازرگانییەکانەوە، ئەوەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئابووری ئەو وڵاتە لە 2025 دەبێت."
 
هاووڵاتیان لە چین هەست بە باشی رەوشی ئابووری وڵاتەکەیان ناکەن.
 
ئایهوا یانگ، فرۆشیاری چا لە چین دەڵێ "زۆر بە زەقی هەست بە خاوبوونەوەی ئابووری دەکەین. خەڵک دەترسن پارە خەرج بکەن. وەک بڵێی پارە نییە. بۆ ئێمەی دووکاندار هەستمان کردووە کە خەڵک کەمتر شت دەکڕن."
 
(IMF) پێشبینییەکانی خۆی بۆ گەشەی ئابووریی ژاپۆن نەگۆڕیوە، بەڵام دەڵێت ئابووریی بەریتانیا باشتر دەبێت لە پار.
 
ئەو ناوەندە داراییەی جیهان پێشبینیشیی کردووە، ئابووری رووسیا پاشەکشەیەکی گەورە بکات و ئەم ساڵ تەنیا بە رێژەی 1.4٪ گەشەبکات، ئەوە لەکاتێکدایە ساڵی 2024 گەشەی ئابووریی رووسیا 3.8٪ بوو.
 
سندووقی نێودەوڵەتیی دراو پێشبینیی کردووە ئابووریی عێراق ئەم ساڵ بە رێژەی 4.1٪ گەشە بکات.

 

 

 

 

 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وێنە: AFP

ترەمپ ئەنجوومەنی نیشتمانیی باڵادەستیی وزەی دامەزراند

سەرۆکی ئەمریکا لەڕێگەی بڕیارێکی سەرۆکایەتییەوە ئەنجوومەنێکی نیشتمانیی نوێی دامەزراند لەپێناو باڵادەستیی وزە بۆ ئەوەی ئەمریکا بتوانێت لە رکابەرییدا لەگەڵ چین لە بواری ژیریی دەستکرد، سەرکەوتوو بێت.