رووداو دیجیتاڵ
خۆی لە کوردستان بەرگدروویەکی ناسراو بووە، خەڵکی کۆیەیە و نزیکەی سێ دەیەیە هاتووەتە بەریتانیا؛ رەوەند جەمال لە بەریتانیا خۆی فێری دیزاینی قەنەفە کرد، دوایی لە گەراجی ماڵەکەی خۆیەوە و لە سفرەوە دەستی بە دروستکردنی قەنەفە کرد، ئێستا کارگەیەکی گەورەی هەیە و بەرهەمەکانی بۆ سەرتاسەری بەریتانیا دەنێرێت.
رەوەند دەڵێت، هەرچەندە کورد لە بەریتانیا بزنسی زۆریان هەن، بەڵام کێشەی گەورەیان ئەوەیە لە یاساکانی ژمێریاری شارەزا نین و ئەمەش کێشەیان بۆ دروست دەکات. هەروەها دەڵێت، هەرچییەکم هەیە بەهۆی پشتیوانیی هاوژینە پۆڵەندییەکەمەوەیە.
رەوەند جەمال، باسی چیرۆکی ژیانی خۆی دەکات دوای ئەوەی بۆ بەدەستهێنانی بەختەوەری کۆچی بۆ دەرەوەی وڵات کردووە. ئەو دەڵێت، سەرەڕای ناخۆشییەکانی رێگەکە، گەیشتنی بەو وڵاتە ئاسان بووە و لە سەرەتادا، لە دەوروبەری ساڵانی 2001 و 2002، ژمارەی کورد لەوێ زۆر کەم بووە و ئاواتی خواستووە گوێی لە زمانی کوردی بێت.
رەوەند سەرەتا وەکو بەرگدروو دەستی بە کار کردووە و دوای ساڵێک دووکانی تایبەت بە خۆی کردووەتەوە. بۆ ماوەی نزیکەی 8 ساڵ لە کارەکەیدا سەرکەوتوو بووە و ژمارەی کارمەندەکانی لە یەک کەسەوە بۆ 6 کەس زیاد کردووە. دواتر بۆ ماوەیەک وازی لە کارەکەی هێناوە و لە کۆمپانیایەک لە شاری ستراتفۆرد دەستی بە کار کردووەتەوە. بەهۆی شارەزایی زۆری لە کاری بەرگدرووییدا، دوای 3 مانگ وەکو دیزاینەر دامەزراوە و کاری دروستکردنی قەنەفەی پێ سپێردراوە، کە بە گوتەی خۆی، لە دروستکردنی جلوبەرگ ئاسانتر بووە.
لە ساڵی 2016، جارێکی دیکە لە سفرەوە دەستی پێکردووەتەوە، بەڵام ئەمجارە بە پاڵپشتییەکی گەورەی هاوژینە پۆڵەندییەکەی. پێکەوە توانیویانە خانوو بکڕن و پێشبکەون. ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە، هاوژینەکەی رۆڵێکی گرنگی لە سەرکەوتنەکانیدا هەبووە، بەتایبەتی لە کاتی کردنەوەی دووکانە نوێیەکەیدا، دوای تەواوبوونی کاری خۆی، یارمەتیی داوە لە هەڵگرتنی قەنەفە قورسەکان و بژێویی ماڵەوەی دابین کردووە. هەروەها دەڵێت، "بەبێ ئەو پاڵپشتییە سەرکەوتوو نەدەبووم."
رەوەند، خاوەنی کارگەی دروستکردنی قەنەفە لە بەریتانیا، باسی لە چیرۆکی دەستپێکردن و گەشەکردنی کارەکەی کرد. بە گوتەی ئەو، سەرەتا کارەکەی بچووک بووە و تەنیا بۆ بژێویی ژیانی خۆی بووە، بەڵام وردە وردە کارەکەی فراوان کردووە و کرێکاری زیاتری دامەزراندووە. ئەو باوەڕی وایە، کارکردن وەکو فێربوون وایە و کۆتایی نییە، وەستانیش تێیدا دەبێتە هۆی شکست.
بە گوتەی رەوەند، رەزامەندیی کڕیارەکان هۆکاری سەرەکیی گەورەبوونی کارەکەی بووە، چونکە کڕیارەکان کارەکەیان ناساندووە. دواتر کارەکەی بۆ نزیکەی 25 کارمەند فراوان بووە، ئێستا بووەتە کۆمپانیایەک و پلانیان هەیە کۆمپانیایەکی دیکەش دابمەزرێنن. هەموو بەشەکانی بەرهەمەکانیان، لە دارتاشی و دیزاینەوە تاوەکو دوورین و رووپۆشکردن، لەلایەن خۆیانەوە دروست دەکرێن.
یەکێک لە گەورەترین دەستکەوتەکانیان، بەشداریکردنیان بوو وەکو یەکەم پیشەوەری کورد لە "پێشانگای مۆبیلیاتی بەریتانیا". رەوەند ئاماژەی بەوە کرد، لە ساڵی 2011وە سەردانی ئەو پێشانگایەی کردووە و هەرگیز کوردی تێدا نەبینیوە. دیزاینەکانیان رەچاوی خواستی کڕیارانی کورد، خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەریتانییەکانی کردووە.
لە کۆتاییدا، ئەو خاوەنکارە کوردەی بەریتانیا باسی یەکێک لە کارمەندەکانی بەناوی "عەلی جەمال" کرد، کە وەکو کرێکارێک دەستی پێکردووە، بەڵام ئێستا بووەتە بەڕێوەبەری کارەکەی و وەکو ئەندامێکی خێزانەکەی سەیری دەکات. بەپێی گوتەی خاوەنی کارگەکە، کۆمپانیاکەیان ئێستا 22 کارمەندی هەیە و ئەگەری زیادبوونیشی هەیە.
هاوکار، یەکێکە لە کرێکارەکانی ئەو کارگەیە و لە ساڵی 2021ـەوە لە بەریتانیایە، باسی ئەزموونی کارکردنی خۆی کرد و گوتی، سەرەتا وەکو بەرگدروو دەستی بە کار کردووە، دواتر لە ساڵی 2022ەوە لێرە کار دەکات و لەو بوارەدا شارەزایی پەیدا کردووە.
عەلی جەمال، ئاماژەی بەوەش کرد، لە شوێنی کارەکەیدا کرێکاری کورد، ئەفریقی و سۆماڵی پێکەوە کار دەکەن و کرێکاری کوردی بە زیرەک و کارامە ناوبرد.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، ئامۆژگاریی ئەو کۆچبەرە نوێیانە کرا کە لە بەریتانیا نیشتەجێن، بەتایبەتی ئەو گەنجانەی زانیارییان لەبارەی یاساکانی کارکردنەوە نییە. جەخت لە گرنگیی کارکردنی یاسایی کرایەوە و روونکرایەوە، ئەوانەی مافی کارکردنیان هەیە، دەرفەتی زۆریان لەبەردەستە، بەڵام ئەوانەی ئەو مافەیان نییە، باشترە چاوەڕێ بکەن، چونکە کارکردنی نایاسایی (رەش) ئەگەری سزای قورسی بۆ کرێکار و خاوەنکارەکەشی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ