وەزیری جەنگی ئەمریکا: بە قووڵایی زۆر گەورە لە نێوخۆی ئێران دەدەین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
وەرزێر خەلیل
وەرزێر خەلیل @redyar_xalel
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە پێنجەمین رۆژی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا چەندین زانیاریی نوێی لەسەر ئۆپەراسیۆنەکان ئاشکرا کرد و رایگەیاند، هێزەکانیان بە قووڵایی زۆر گەورە لە نێوخۆی ئێران دەدەن و ئامانجیانە هەموو ژێرخانە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لەنێو ببەن.
 
زیانە گیانییەکان و ئامانجە ستراتیژییەکان
 
وەزیری جەنگی ئەمریکا ئاشکرای کرد، لە ماوەی ئەم ئۆپەراسیۆنانەدا "تاوەکو ئێستا 6 سەربازمان کوژراون،" بەڵام لە بەرامبەردا گورزی کوشندەیان لە تاران وەشاندووە و "سەرۆکی ئەو هێزەی پلانی تیرۆرکردنی سەرۆک ترەمپی دانابوو کوژرا." هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە "دەبێت سەرکردایەتیی ئێران لەنێو ببرێت،" و بۆ ئەو مەبەستەش ئەو ئەنجوومەنەیان کردووەتە ئامانج کە بۆ هەڵبژاردنی رێبەرێکی نوێ دروستکرابوو.
 
لاوازبوونی توانای سەربازیی ئێران
 
سەبارەت بە توانای بەرپەرچدانەوەی تاران، پیت هێگسەس گوتی: "ئێرانییەکان زۆر باش دەزانن توانای بەرگریکردنیان سنووردارە، سوپای پاسداریش تەنیا بانگەشەی درۆ بڵاودەکاتەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە هێزی دەریایی ئێران کاریگەریی نەماوە و ناتوانن هیچ بکەن، هاوکات هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە "کەشتییەکی گەورەی ئێران" نوقم بکەن.
 
بەرپەرچدانەوەی درۆنەکان و گرووپە چەکدارەکان
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری جەنگی ئەمریکا باسی لە هاوئاهەنگیی نێوان واشنتن و تەلئەڤیڤ کرد و رایگەیاند، "هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل پێکەوە ئێران کۆنترۆڵ دەکەن،" و توانیویانە ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە مووشەک و درۆنی ئێرانی بخەنە خوارەوە. سەبارەت بە هێزەکانی نزیک لە ئێرانیش هۆشداریی دا: "ئەو گرووپە چەکدارانەی نزیک لە ئێران هێرش دەکەنە سەر باڵیۆزخانەکانمان، لەنێویان دەبەین و دەیانکوژین."
 
وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کۆتاییدا دڵنیایی دا کە هێزەکانیان توانای بەرگرییان زیاتر دەکەن و ئۆپەراسیۆنەکەیان دەتوانێت بەبێ وەستان بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت، و گوتیشی: "ئێمە زۆر باش دەزانین یارییەکە چۆن دەکەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە