رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی شەممە جارێکی دیکە هەوڵەکانی بۆ کڕینی دوورگەی گرینلاند تووندتر کردەوە، هەڕەشەی لە چەند وڵاتێکی ئەورووپی کرد کە پێناسی گومرگییان بەسەردا دەسەپێنێت، ئەگەر هاوکاریی نەکەن بۆ کڕینی ئەو دوورگەیە.
هاوکات، هەزاران کەس لە شاری نووکی پایتەختی گرینلاند خۆپێشاندانیان دژی هەوڵەکانی ترەمپ کرد.
ترەمپ تووڕەیی خۆی ئاراستەی دانیمارکی خاوەنی گرینلاند و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەورووپی کرد لەسەر ئەوەی کە بەم دواییانە سەربازیان ناردووەتە ئەو دوورگەیە.
ترەمپ گوتی، لە مانگی شوباتەوە، باجی 10% دەخاتە سەر هەموو ئەو کاڵایانەی کە لە دانیمارک، نەرویج، سوێد، فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، هۆڵەندا و فینلاندەوە دەڕۆن بۆ ئەمریکا.
ئەگەر دانیمارک رازی نەبێت بە فرۆشتنی گرینلاند، ئەوا لە مانگی حوزەیرانەوە باجەکە بۆ 25% بەرز دەکاتەوە.
ترەمپ گوتی، ئەم وڵاتانە "یارییەکی زۆر مەترسیدار دەکەن" و بۆ "پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی جیهان" دەبێت رێوشوێنی تووند بگیرێتەبەر.
خۆپیشاندانەکان
• لە گرینلاند: هەزاران کەس، بە سەرۆکوەزیرانیشەوە، ئاڵای دوورگەکەیان بەرزکردەوە و درووشمیان دەگوتەوە. زۆریان کڵاویان لەسەر بوو کە لەسەری نووسرابوو "ئەمریکا بڕۆ دەرەوە"، وەک گاڵتەکردنێک بە درووشمەکەی ترەمپ کە دەڵێت، "ئەمریکا مەزن دەکەینەوە."
• لە دانیمارک: لە کۆپنهاگن، خەڵک ئاڵای دانیمارک و گرینلاندیان بەرزکردەوە و هاواریان دەکرد "گرینلاند بۆ فرۆشتن نییە."
بۆچی ترەمپ گرینلاندی دەوێت؟
ترەمپ چەندین جار گوتوویەتی کە ئەمریکا بۆ "ئاسایشی نیشتمانیی" خۆی پێویستی بە گرینلاندە. هەروەها دەڵێت، دانیمارک ناتوانێت ئاسایشی دوورگەکە بپارێزێت، بەتایبەتی لە چین و رووسیا.
بەڵام دانیشتووانی گرینلاند چییان دەوێت؟
راپرسییەکان نیشانی دەدەن کە 85%ی دانیشتووانی گرینلاند دژی ئەوەن وڵاتەکەیان ببێتە بەشێک لە ئەمریکا و تەنیا 6%یان لەگەڵیدان.
شاندێکی ئەمریکی کە سەردانی دانیمارکیان کردبوو، رایانگەیاند کە هەڵوێستی ترەمپ هەڵەیە و زۆربەی ئەمریکییەکان پشتیوانیی لێ ناکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ