رووداو دیجیتاڵ
ناوەندێکی توێژینەوە دەڵێت، ئێران توانایەکی پیشەسازیی گەورەی هەیە، کە دەتوانێت مانگانە 10 هەزار درۆن بەرهەم بهێنێت، هەڕەشە لە ئاسایشی گەرووی هورمز و رێڕەوەکانی وزە بکات.
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی "رۆیتەرز" کە رۆژی چوارشەممە، 4ـی ئاداری 2026 بڵاوکراوەتەوە و پشت بە سەرچاوە هەواڵگرییەکان و شرۆڤەکارانی سەربازی دەبەستێت، تاران لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رۆژی شەممەوە، سەدان مووشەک و زیاتر لە 1,000 درۆنی ئاراستەی وڵاتانی هاوپەیمانی واشنتن کردووە.
ئەم هێرشانە زیانیان بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دووبەی، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە بەحرەین و چەندین ناوەندی داتای کۆمپانیای ئەمازۆن گەیاندووە.
ناوەندی خۆڕاگریی زانیاری (CIR) ی پارەدارکراو لەلایەن وەزارەتى دەرەوەى بەریتانیا، ئاشکرای کردووە کە ئێران توانایەکی پیشەسازیی بەهێزی هەیە و دەتوانێت مانگانە 10 هەزار درۆن دروست بکات.
باب مەکنالی، سەرۆکی گرووپی راپیدان بۆ وزە گوتی: "ئێران بە ئاسانی خۆی رادەست ناکات؛ ئەوان ئامرازی پێویستیان هەیە بۆ ئەوەی هورمز بۆ هاتووچۆی بازرگانی ناچالاک بکەن."
پسپۆڕانی هەواڵگری دەڵێن جبەخانەی مووشەکیی ئێران لەنێوان 2,500 بۆ 6,000 مووشەک دەبێت، بەڵام بەهۆی بۆردوومانەکان و دابینکردنی چەک بۆ حیزبوڵڵا و حوسییەکان، رەنگە ئاستی مووشەکەکانیان دابەزیبێت.
فەرزین نەدیمی، لێکۆڵەری باڵا لە پەیمانگەی واشنتن رایگەیاندووە، درۆنەکانی "شاهد-136" توانای بڕینی 700 بۆ 1,000 کیلۆمەتریان هەیە و دەگەنە هەموو ناوچەکانی کەنداو.
لە هەمان کاتدا، تاران خاوەنی 5,000 بۆ 6,000 مینی دەریاییە، کە دەکرێت وەک چەکێکی کاریگەر بۆ پەکخستنی کەشتیوانی بەکاریان بهێنێت.
کۆرماک مەیکاری، بەڕێوەبەر لە "کۆنترۆڵ ریسکس" گوتی: "ئەگەر مینی دەریایی بەکاربهێنرێت، پاککردنەوەی رێڕەوەکە کاتێکی زۆری دەوێت و دەبێتە هۆی وێرانکارییەک کە چەندین مانگ بخایەنێت."
گەرووی هورمز کە دەکەوێتە نێوان ئێران و عومان، شادەماری وزەی جیهانە و پێنجیەکی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.
لەم هەفتەیەدا بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا، نرخی نەوتی برێنت 12% و نرخی گازی سروشتی لە ئەورووپا 50% بەرزبوونەتەوە.
واشنتن لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا"وە هەوڵ دەدات لە رێگەی بە ئامانجکردنی توانا سەربازییەکانی ئێرانەوە، مەترسییەکانی سەر ئەو رێڕەوەی گواستنەوە نەهێڵێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ