رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی پشتڕاستی کردەوە کە هێزە ئاسمانییەکانی پاکستان نەخۆشخانەیەکیان لە کابوولی پایتەختی ئەفغانستان بۆردومان کردووە، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانیش سەدان کەس بوونەتە قوربانی.
فەرهان حەق، جێگری گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو رایگەیاند: "کاژێر 9:00ی شەوی رابردوو بە کاتی کابوول، هێرشێکی ئاسمانی لەلایەن هێزە سەربازییەکانی پاکستانەوە ئەنجامدرا و بەر نەخۆشخانەیەک کەوت. بەپێی راپۆرتەکان دەیان کەس کوژراون و بریندار بوون."
دیمەنێکی وێرانکەر و سەدان قوربانی
سوزان فێرگسۆن، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ژنان لە ئەفغانستان، کە خۆی سەردانی شوێنی رووداوەکەی کردووە، بە رووداوی راگەیاند: "دیمەنەکە وێرانکەر بوو؛ خێزانێکی زۆر لەوێ بوون و بەدوای تەرمی ئازیزانیاندا دەگەڕان."
لای خۆشیانەوە، دەسەڵاتدارانی تاڵیبان ئامارێکی ترسناک بڵاودەکەنەوە و دەڵێن: "زیاتر لە 400 کەس کوژراون و 250ی دیکەش بریندارن"، هەرچەندە ئەم ئامارانە هێشتا بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست نەکراونەتەوە.
پاکستان تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە
لە بەرامبەردا، حکومەتی پاکستان هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و بە "نادروست و چەواشەکارانە" ناویان دەبات. بەرپرسانی ئیسلامئاباد دەڵێن هێرشەکانی ئەوان تەنیا "حەشارگەی چەکدارانی تاڵیبانی پاکستان"یان کردووەتە ئامانج و هیچ شوێنێکی مەدەنی بە ئەنقەست نەکراوەتە ئامانج.
گرژییەکان لە لووتکەدان
ئەم هێرشە تەنیا رۆژێک دوای ئەوە دێت کە ئەنجومەنی ئاسایش ئەرکی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە ئەفغانستان بۆ سێ مانگی دیکە درێژکردەوە. ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و بەپەلە دەکات لەسەر رووداوەکە، کە ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی مەترسیداری گرژییەکانی نێوان ئیسلامئاباد و کابوول.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ