رووداو دیجیتاڵ
دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کڕین و دروستکردنی پەناگەی ژێرزەوینی لە ئەمریکای زۆر زیادی کردووە. ئێستا تەنیا ملیاردێرەکانی تەکنەلۆژیا نین کە خەریکی خۆحەشاردانن، بەڵکو بەرپرسانی باڵای حکومەت و وەزیرەکانی کابینەکەی دۆناڵد ترەمپیش کەوتوونەتە کێبڕکێ بۆ دەستەبەرکردنی پەناگەی پارێزراو لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی وێرانکەر.
رۆن هابارد، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای 'ئاتڵاس' کە کۆمپانیایەکە ژێرزەوین دروست دەکات، ئاشکرای دەکات کە لە دوای هێرشە هاوبەشەکانی 28ـی شوبات بۆ سەر ئێران، داواکاری بۆ کڕینی پەناگەکان "دە هێندە" زیادی کردووە.
هابارد دەڵێت: لە نێو کڕیارە نوێیەکانی دا، ناوی دوو ئەندامی باڵای کابینەکەی دۆناڵد ترەمپ دەبینرێت کە یەکێکیان بە نامەیەکی کورت پرسیاری ئەوەی لێکردووە "کەی پەناگەکەم ئامادە دەبێت؟"
کۆمپانیای ئاتڵاس کە کارگەکەی لە ویلایەتی تێکساسە، ساڵانە سەدان پەناگەی پۆڵایین دروست دەکات. نرخەکان لە 200 هەزار دۆلارەوە بۆ پەناگەیەکی ئاسایی دەستپێدەکات و دەگاتە 5 ملیۆن دۆلار بۆ ئەو کۆمەڵگە ژێرزەوینییانەی کە مەلەوانگە، سینەما و کۆگەی چەکیان تێدایە.
"پێشبینی دەکەم فرۆشی مانگی داهاتوومان بگاتە 50 ملیۆن دۆلار"
هابارد ئاماژە بەوە دەکات، تێکڕای فرۆشی مانگانەیان لە ساڵی 2026ـدا گەیشتووەتە 2 ملیۆن دۆلار، بەڵام پێشبینی دەکات بەهۆی پەرەسەندنی شەڕەکەوە، تەنیا لە مانگی داهاتوودا فرۆشیان بگاتە 50 ملیۆن دۆلار.
ئەم ترسە تەنیا لای سیاسییەکان نییە؛ بەڵکو ساڵانێکە خاوەنی کۆمپانیا گەورەکان خەریکی ئامادەکارین. رێد هۆفمان، یەکێک لە دامەزرێنەرانی لینکدئین، لە ساڵی 2017ـدا رایگەیاندبوو، زیاتر لە نیوەی ملیاردێرەکانی سیلیکۆن ڤالی جۆرێک لە پەناگەیان کڕیوە.
سیلیکۆن ڤالی ناوچەیەکە لە باکووری ویلایەتی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا؛ بە ناوەندی سەرەکیی تەکنەلۆژیا، داهێنان و سۆشیاڵ میدیای جیهان دادەنرێت و بارەگای گەورەترین کۆمپانیاکانی وەک ئەپڵ، گووگڵ و مێتای لێیە.
مارک زوکەربێرگ، بەڕێوەبەری مێتا، هەرچەندە هەوڵ دەدات راپۆرتەکان لەبارەی پەناگەکەی بشارێتەوە، بەڵام بەپێی بەڵگەنامەکان، لە کێڵگە تایبەتەکەی دا لە هاوایی، پەناگەیەکی ژێرزەوینی بە رووبەری زیاتر لە پێنج هەزار مەتر چوارگۆشە دروست کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، سام ئاڵتمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئۆپن ئەی ئای، دانی بەوەدا ناوە کە خاوەنی پێکهاتەی کۆنکرێتی ژێرزەوینی و کۆگەیەکی گەورەی چەک، زێڕ، دەرمانی دژە تیشک و ماسکی گازە زیانبەخشەکانە.
ئاڵتمان دەڵێت: نیگەرانییەکانی ئەو لە ژیریی دەستکردەوە سەرچاوە ناگرن، بەڵکو لەوە دەترسێت کە "جارێکی دیکە خەڵک خەریکی هەڵدانی بۆمب بن لە جیهاندا".
هەروەها ستیڤ هافمان، بەڕێوەبەری رێدیت، ئاشکرای کردووە، بۆ زیادکردنی چانسی رزگاربوونی لە کاتی کارەساتەکاندا، نەشتەرگەری چاوی کردووە تاوەکو پێویستی بە چاویلکە نەبێت، ئەوەش جگە لە کڕینی ماتۆڕسکیل و تەقەمەنییەکی زۆر.
بە گوتەی لاری هۆڵ، خاوەنی کۆمپانیای "سەرڤایڤڵ کۆندۆ"، ئێستا پەناگەی ژێرزەوینی لە ئەمریکا لە شتێکی سەیر و نامۆوە گۆڕاوە بۆ "نیشانەی پێگە و دەسەڵات" لە نێوان دەوڵەمەندەکاندا.
زۆربەی ئەم پەناگە نوێیانە وەک هۆتێلی پێنج ئەستێرەی ژێر زەوی وان و هەموو پێداویستییەکی ژیانییان تێدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ