جیهان بەرەو پیری دەچێ؛ بۆچی چی دیکە خەڵک نایەوێ منداڵی هەبێت؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەکار عەلی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

میدیای بەریتانی دەڵێ، جیهان تووشی کێشەیەکی گەورە بووە کە ئەویش کەمی ژمارەی منداڵبوونە. بەپێی لێکۆڵینەوەی میدیاکە، ئێستا لە 195 وڵاتی جیهاندا زیاتر لە دوو لەسەر سێی وڵاتان رێژەی منداڵبوونیان کەوتووەتە خوار "رێژەی جێگیر"ەوە کە 2 منداڵە بۆ هەر خێزانێک.
 
مانەوەی دانیشتوان بە گەنجی و پاراستنی وزەی گەنج لەنێو وڵاتاندا پێویستی بەوەیە تێکڕا هەر ژن و پیاوێک کە ژیانی هاوژینی پێکدەهێنن، 2 منداڵیان هەبێ، بەڵام ئێستا لە 66 وڵاتی جیهاندا رێژەکە لە 2 منداڵەوە نزیک بووەتەوە لە 1 منداڵ. تەنانەت لە هەندێک شوێن رێژەکە گەیشتووەتە سفر.
 
لێکۆڵینەوەکەی (فاینانشیاڵ تایمز) ئاماژە بەوە دەکات، پێشبینییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵە دەرچوون. بۆ نموونە، 5 ساڵ پێش ئێستا پێشبینی دەکرا لە ساڵی 2023دا لە کۆریای باشوور 350,000 منداڵ لەدایک بن، بەڵام تەنیا 230,000 منداڵ لەدایکبوون. هەروەها لە فەرەنسا جاران رێژەی منداڵبوون زۆر بوو، بەڵام ئێستا زۆربەی خێزانەکان تەنیا 1 منداڵیان هەیە. 
 
لێکۆڵینەوەکە باس لەوە دەکات، مۆبایلە زیرەکەکان و سۆشیاڵ میدیا لە هۆکارە سەرەکییەکانن و وایانکردووە گەنجان کەمتر بیر لە پێکهێنانی ژیانی هاوژینی بکەنەوە، چونکە زۆربەی کاتیان بە دیار ئینتەرنێتەوە بەسەر دەبەن. 
 
هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە کە خانووبەرە زۆر گران بووە. گەنجەکان ناتوانن خانوو بکڕن. بۆ نموونە، لە ئەمریکا و بەریتانیا، نزیکەی نیوەی هۆکاری کەمبوونەوەی منداڵبوون بۆ گرانبوونی خانوو دەگەڕێتەوە، بۆیە گەنجان ناچارن تا تەمەنێکی گەورە لە ماڵی باوکیان بمێننەوە و ناتوانن خێزان پێکبهێنن. 
 
هەندێک وڵاتیش وەک هەنگاریا ویستیان بە پارە و یارمەتیی حکومەت هاوژینەکان هان بدەن منداڵیان ببێت، بەڵام سوودی نەبوو و خەڵکەکە هەر نایانەوێ منداڵیان ببێت.
 
هاوکات لێکۆڵینەوەیەکی زانکۆکانی (ستانفۆرد و پرینستۆن) دەریدەخات، ئەو هاوژینانەی دەتوانن لەنێو ماڵەکەی خۆیانەوە کار بکەن، زیاتر حەزیان لە منداڵبوونە. ئەمەش چونکە کاتی زیاتریان بۆ دەگەڕێتەوە و کەمتر لە رێگەی کاری دەرەوە ماندوو دەبن. تەنیا لە ساڵی 2024دا لە ئەمریکا، نزیکەی 291,000 منداڵ بەهۆی ئەم شێوازە نوێیەی کارکردنەوە لەدایکبوون.
 
ئەم کەمبوونەوەیەی منداڵبوون مەترسییەکی یەکجار گەورە بۆ داهاتووی مرۆڤایەتی دروست دەکات، چونکە ئەگەر منداڵ کەم بێت، لە داهاتوودا هێزی کار نامێنێت و خەڵکی کەمتر کاردەکەن تاوەکو ئابووریی وڵاتان بەڕێوە ببات. 
 
ئیلۆن مەسک، دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان، هۆشداری داوە و دەڵێت، ئەم داڕمانەی منداڵبوون گەورەترین مەترسییە کە رووبەڕووی شارستانییەتی مرۆڤ دەبێتەوە.
 
ئێستا زۆربەی وڵاتان خەریکی بیرکردنەوەن تاوەکو رێگەی نوێ بدۆزنەوە بۆ ئەوەی یارمەتیی هاوژینەکان بدەن، چونکە دەرکەوتووە تەنیا بەخشینی پارە بەس نییە و دەبێت شێوازی ژیان و کارکردنی خەڵک بگۆڕدرێ تاوەکو کاتیان بۆ خێزان و منداڵ هەبێ.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە