رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی بەریتانیا رایگەیاند، شۆفێرێکی پۆڵەندی بەهۆی هەوڵی بە قاچاخبردنی کۆکاین، کە لە نێو باری جلوبەرگی مارکەی "سکیمز"ی سەر بە کیم کارداشیان شاردبووەوە، سزای زیندانیی بەسەردا سەپێنرا.
یاکوب یان کۆنکێل، تەمەن 40 ساڵ، دوای لێکۆڵینەوەکانی ئاژانسی نیشتمانیی نەهێشتنی تاوان (NCA)، لەلایەن دادگایەکی بەریتانیاوە سزای 13 ساڵ و شەش مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا.
ئەم شۆفێرە 90 کیلۆگرام کۆکاین، کە بەهاکەی لە 7 ملیۆن پاوەند (نزیکەی 9.3 ملیۆن دۆلار) بوو، لە نێو 28 کارتۆنی گەورەی جلوبەرگی مارکەی "سکیمز" شاردبووەوە.
ئاژانسی نیشتمانیی نەهێشتنی تاوان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بارهەڵگرەکە بە شێوەیەکی تایبەت دەستکاری کرابوو و شوێنێکی تایبەت لە نێو دەرگاکانی دواوەی دروست کرابوو بۆ شاردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان."
پۆڵ ئۆرچارد، بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکانی ئاژانسەکە رایگەیاند، گرووپەکانی تاوان زۆرجار شۆفێرە گەندەڵەکان لەخشتە دەبەن و بەکاریان دەهێنن بۆ گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان و شاردنەوەیان لە نێو بارە یاساییەکاندا.
ئاژانسی نیشتمانیی نەهێشتنی تاوان (NCA) لە بەریتانیا دەڵێت، بەکارهێنانی بارە بازرگانییە بەناوبانگەکان یەکێکە لە تاکتیکە نوێیەکانی باندەکانی ماددەی هۆشبەر بۆ چەواشەکردنی هێزەکانی سنوور.
مارکەی "سکیمز" کە لە ساڵی 2019 لەلایەن کیم کارداشیان، ئەستێرەی ناسراوی ئەمریکییەوە دامەزراوە، یەکێکە لە مارکە جیهانییە پڕفرۆشەکان. دەستبەسەرداگرتنی 90 کیلۆگرام کۆکاین لەم بارەدا، یەکێکە لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم دواییەی پۆلیسی بەریتانیا لە رێگەی وشکانییەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ