رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە، ئەمریکا لەو دانوستاندنانەی ئێستا لە ئارادان "نەرمی" نواندووە، بەڵام تاران هێشتا مەرجی تووندی هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی بۆ وەستاندنی جەنگ.
بە گوتەی سەرچاوە باڵاکە، لایەنی ئەمریکی لە کاتی گفتوگۆکاندا نەرمی نیشانداوە، بەتایبەتی لەو بڕگانەی کە پەیوەستن سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
سەبارەت بە پارە سڕکراوەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، سەرچاوەکە ئاشکرای کردووە کە واشنتن تاوەکو ئێستا تەنیا رەزامەندیی داوە لەسەر ئازادکردنی 25%ی پارە سڕکراوەکانی ئێران، ئەویش بەپێی "خشتەیەکی کاتیی قۆناخ بە قۆناخ".
لە بەرامبەردا، ئێران پێشنیازێکی هەموارکراوی پێشکێش کردووە و داواکارییەکانی قورستر کردووە. مەرجە سەرەکییەکانی ئێران بریتین لە:
1. ئازادکردنی تەواوەتیی پارەکان: تاران داوا دەکات ئەمریکا بێ مەرج سەرجەم پارە سڕکراوەکانی ئێران لە دەرەوە ئازاد بکات (نەک تەنیا 25%).
2. کۆتاییهێنان بە جەنگ و سزاکان: ئێران داوای کۆتاییهێنانێکی هەمیشەیی بە جەنگەکە و هەڵگرتنی سەرجەم سزاکان دەکات، ئەوەش شانبەشانی کردنەوەی تەنگەی هورمز.
3. دواخستنی دۆسیەی ئەتۆمی: سەرچاوەکە جەختی لەوە کردەوە کە تاران نایەوێت ئێستا پرسی ئەتۆمی یەکلایی بکاتەوە، بەڵکو دەیەوێت "دۆسیە ئەتۆمییەکەی لە قۆناخەکانی دواتردا تاوتوێ بکات."
راپۆرتێکی رۆژی یەکشەممەی ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆس ئاماژە بەوە دەکات، سەرۆکی ئەمریکا و تیمە ئەمنییەکەی رۆژی سێشەممە کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بژاردەکانی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران تاوتوێ بکەن.
ترەمپ بە تەلەفۆن بە ئەکسیۆسی راگەیاندبوو، "خەریکە کاتی ئێران تەواو دەبێت" و ئەگەر تاران مەرج و داواکارییەکانی نەگۆڕێت، ئەوا "زۆر خراپتر لێیان دەدرێت."
سەرۆکی ئەمریکا شەوی رابردوو لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵیشدا هۆشداریی بە ئێران دا و داوای لێ کرد پەلە بکات لە پەسندکردنی پێشنیازی ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئاشتی، "ئەگەرنا هیچیان لێ نامێنێت."
ئەکسیۆس لە زاری سەرچاوەی ئاگادارەوە باس لەوە دەکات، ترەمپ رۆژی شەممەش لە یاریگەی گۆڵفەکەی لە ڤێرجینیا لەگەڵ تیمەکەی کۆبووەتەوە، لەنێویاندا ستیڤ ویتکۆف، نێردەی کۆشکی سپی؛ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە و جۆن راتکلیف، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی سی ئای ئەی.
رۆژی شەممە و یەکشەممە، وەزیری ناوخۆی پاکستان لە تاران بوو بۆ قسەکردن لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی ئێران و تاوتوێکردنی رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
رۆژی یەکشەممە، محەممەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر قسەی لەگەڵ هاوتا پاکستانییەکەی و وەزیری دەرەوەی ئێران کرد.
ترەمپ بە ماڵپەڕە هەواڵییە ئەمریکییەکەی گوتووە، ئێران هێشتا رێککەوتنی دەوێت و کۆشکی سپیش چاوەڕێی پێشنیازێکی نوێیە لە ئێران کە بە گوتەی خۆی، دەبێت لە دوایین پێشنیاز کە چەند رۆژێک لەمەوبەر خرایە روو، باشتر بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ