رووداو دیجیتاڵ
لە سێیەم رۆژی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە لە دوای کۆبوونەوەی هەبوو. ئیتاڵیا، وڵاتێک کە پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە، وەزیری دەرەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا کۆبووەوە و لەدوای کۆبوونەوەکەی بە رووداوی گوت، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.
ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی بە رووداوی راگەیاند: "کۆبوونەوەیەکی زۆر زۆر باش بوو؛ پەیوەندیی نێوان وڵاتەکەتان و ئیتاڵیا زۆر زۆر باشن. ژمارەیەکی زۆر سەربازی ئیتاڵی لە وڵاتەکەتاندان. ئێمە زۆر خۆشحاڵین، چونکە دەمانەوێت هاوئاهەنگیی نێوانمان لە هەموو سێکتەرێک زیاد بکەین، ئیدی ئەگەر لەسەر ئاستی پیشەسازی بێت یان بازرگانی یان بەرگری یان وزە. ئامادەین پاڵپشتیی وڵاتەکەتان بکەین. ئێوە دۆستی ئێمەن و ئەم کۆبوونەوەیەش زۆر زۆر ئەرێنی بوو."
نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری گەشەپێدان و هەروەها جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەڵمانیاش کۆبووەوە. نیلس شمیت، گوتەبێژی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە باسی پێکەوەکارکردنمان لەگەڵ حکومەتی نوێ لە بەغدا کرد، بە رواڵەت وا دیارە کە باش پێکەوە کاردەکەن، ئەمەش زۆر گرنگە بۆ گەشەسەندنی باکووری عێراق - هەرێمی کوردستان، بێگومان باسی کاریگەریی خۆپێشاندان و سەرکوتکردنی خۆپێشاندەرانیشمان لە ئێران کرد، چونکە ئەمە لەلایەک مانای زیادبوونی کۆچبەرانە بۆ کوردستانی عێراق و لەلایەکی دیکەشەوە هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە. ئەمەش قبووڵکراو نییە."
کریستۆف هۆیسگن، سەرۆکە نوێیەکەی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنیش باسی گرنگیی ئەوە کۆبوونەوانەی بۆ کردین کە لە پەراوێزی کۆنفرانسی میونشن ئەنجام دەدرێن. گوتی، "کۆبوونەوەی پشتی دەرگەکان لەنێوان سەرکردە و سەرۆکەکانی جیهان یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی ئەم کۆنفرانسە؛ زۆر خۆشحاڵم کە سەرۆک بارزانی [نێچیرڤان بارزانی] کۆبوونەوەی هەبووە لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان وەکو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەوە زۆر گرنگە، چونکە بەهۆی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا، نابێت کێشەکانی دیکە وەلا بنێین، ئەوانیش پێویستە لەبەرچاو بگیرێن. ئەڵمانیاش یەکێکە لەو وڵاتانەی هاوکاری و پشتگیریی هەرێمی کوردستان دەکات.
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن سێ رۆژ رێگەی دا بە سەرکردە و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیهان لەسەر ستەیجی کۆنفرانسەکە گفتوگۆ لەسەر پرسە گەرمەکان بکەن و بیروڕای خۆیان بخەنەڕوو؛ ئەمساڵ هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا یەکێک بوو لە بابەتە سەرەکییەکانی کۆنفرانسەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ