رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتن بە فەرمی ئەنجوومەنی ئاشتیی وەک دامەزراوەیەکی نوێی نێودەوڵەتی بە بەشداریی سەرکردەی زیاتر لە 40 وڵات راگەیاند. ئەم هەنگاوە کە لە ناو باڵەخانەی پێشووی پەیمانگەی ئاشتیی ئەمریکا (کە ئێستا بە ناوی دۆناڵد ترەمپ کراوە) بەڕێوەچوو، تێکەڵەیەک بوو لە بەڵێنی ملیارەها دۆلار بۆ غەززە و هەڕەشەی وەشاندنی گورزی سەربازیی کوتوپڕ لە ئێران.
10 ملیار دۆلار بۆ غەززە و پڕۆژەی "هاوسەنگیی هەمیشەیی"
رۆژی پێنجشەممە 19-02-2026 ترەمپ لە گوتارەکەیدا بەڵێنی دا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕی 10 ملیار دۆلار وەک هاوکاری پێشکەش بەم ئەنجوومەنە نوێیە دەکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە.
ترەمپ گوتی: "پێکەوە دەتوانین خەونی هێنانەدی هاوسەنگییەکی هەمیشەیی بۆ ناوچەیەک کە سێ هەزار ساڵە بەدەست جەنگ و کوشتارەوە دەناڵێنێت، بەدی بهێنین." هەرچەندە ترەمپ پێشتر باسی لە دروستکردنی چەندین هۆتێلی "گەشتیاریی شاهانە و گرانبەها" لە کەناراوەکانی غەززە کردبوو، بەڵام ئەمڕۆ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، "هەر دۆلارێک کە لێرە خەرج دەکرێت، وەبەرهێنانە لە سەقامگیریدا."
جگە لە ئەمریکا، چەند وڵاتێکی دیکە وەک کازاخستان، ئازەربایجان، ئیمارات و قەتەر، بە کۆی گشتی بڕی 7 ملیار دۆلاریان بۆ گورزەی (پاکێج) فریاگوزاریی غەززە تەرخان کرد.
دواین مۆڵەت بۆ تاران؛ "10 رۆژی دیکە هەموو شتێک دەزانن"
بەشێکی زۆری گوتارەکەی ترەمپ تایبەت بوو بە دۆسیەی ئێران. سەرۆکی ئەمریکا گوتی، نوێنەرەکانی لە جنێڤ گفتوگۆی جیدییان لەگەڵ ئێرانییەکان کردووە، بەڵام هۆشداری دا، کات لە بەرژەوەندیی تاران نییە. ترەمپ گوتی: "دەبێت بگەینە رێککەوتنێکی مانادار، ئەگەر نا شتی خراپ روودەدەن. ئێوە لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوودا هەموو شتێک دەزانن."
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، "هەورێکی رەش" باڵی بەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کێشابوو، بەڵام ئێستا کاتی ئەوەیە ئێران بێتە سەر رێگەی ئاشتی، ئەگەر نا واشنتن هەنگاوێکی دیکە دەچێتە پێشەوە، کە ئاماژەیەکی روون بوو بۆ بژاردەی سەربازی لە کاتێکدا کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکان لە ئێران نزیکتر دەبنەوە.
رکابەرایەتیکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ ئەنجوومەنی سەرکردە بەهێزەکان
یەکێک لە خاڵە جێگەی سەرنجەکان، تێڕوانینی ترەمپ بوو بۆ پەیوەندیی ئەم ئەنجوومەنە و نەتەوە یەکگرتووەکان. ترەمپ گوتی: "رەنگە ئەم ئەنجوومەنە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات و دڵنیا بێتەوە لەوەی بە تەواوەتی کار دەکات." ترەمپ بە تووندی رەخنەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان گرت کە نەیتوانیوە رێگری لە 8 جەنگ بکات، بەڵام گوتی ئامادەن یارمەتییە داراییەکانیان بدەن ئەگەر خۆیان چاک بکە."
بەپێی یاساکانی ئەم ئەنجوومەنە، ترەمپ مافی ڤیتۆی دەبێت و دەتوانێت دوای تەواوبوونی سەرۆکایەتییەکەی لە ئەمریکا، وەک سەرۆکی ئەنجوومەنەکە بمێنێتەوە. هەروەها هەر وڵاتێک بیەوێت بە هەمیشەیی ببێتە ئەندام، دەبێت بڕی 1 ملیار دۆلار بدات.
هێزی نێودەوڵەتی و پلانی 100 رۆژەی غەززە
لە کۆبوونەوەکەدا عەلی شەعس، سەرۆکی لیژنەی تەکنۆکراتی فەڵەستین، گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا چوارچێوەی پلانی 100 رۆژی یەکەمی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە خستە روو. هەروەها باس لە پێکهێنانی "هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی" کرا. ئیندۆنیزیا کە گەورەترین وڵاتی موسڵمانە، ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ ناردنی 8,000 سەرباز بۆ پاراستنی ئاسایشی غەززە.
بەشداربووان؛ لە ئۆربانەوە تاوەکو مێلی
کۆبوونەوەکە چەندین سەرکردەی بەهێز و هاوپەیمانی ئایدیۆلۆژیی ترەمپی کۆکردبووەوە، لەوانە ڤیکتۆر ئۆربان سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا؛ خاڤیێر مێلی، سەرۆکی ئەرژەنتین؛ پڕابۆوۆ سوبیانتۆ، سەرۆکی ئیندۆنیزیا و شەهباز شەریف سەرۆکوەزیرانی پاکستان. ترەمپ لە گوتارەکەیدا ستایشی ئەم سەرکردانەی کرد و گوتی، لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکانیاندا پشتگیرییان دەکات.
ترەمپ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر تیمی کارەکەی و بە "باشترین تیم لە مێژوودا" وەسفی کردن. سەرۆکی ئەمریکا وەسفی جەی دی ڤانس، جێگری خۆی کرد بەوەی کە "هەندێک جار زۆر تووندە،" بەڵام مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی بەوە وەسف کرد کە "بە دەستکێشی مەخمەڵیەوە کار دەکات، بەڵام گورزەکەی کوشندەیە."
دەنگی غەززە؛ "ئێمە پەراوێز خراوین"
لە ناو جەرگەی غەززەدا، هاووڵاتیان بە گومانەوە سەیری واشنتن دەکەن. محەممەد عەبدولمەجید، ئاوارەیەک لە دێر بەلەح گوتی: "ئەگەر ئەم ئەنجوومەنە ئارامی بهێنێت باشە، بەڵام نەبوونی نوێنەری راستەقینەی فەڵەستین دەمانترسێنێت. ئەوان چۆن لە ئێمە تێدەگەن کە لەگەڵمان ناژین؟" خەڵکی غەززە دەترسن ئەمە تەنیا پڕۆژەیەکی بازرگانی بێت و مافە سیاسییەکانی ئەوان پشتگوێ بخات.
لە لایەکی دیکەوە، حازم قاسم، گوتەبێژی حەماس داوای کرد، ئەنجوومەنەکە ئیسرائیل ناچار بکات گەمارۆی سەر غەززە لابدات، لە کاتێکدا ئیسرائیل بە نوێنەرایەتی جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوە جەختی لەسەر چەککردنی حەماس دەکردەوە وەک مەرجێکی سەرەکی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ