رووداو دیجیتاڵ
خێزانی ژن و مێردێکی بەریتانی، کە لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە لە ئێران دەستبەسەرن، رایانگەیاند دادگایەکی ئێران بە تۆمەتی "سیخوڕی" سزای 10 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپاندوون؛ حکومەتی بەریتانیاش بڕیارەکە بە "قێزەون" ناودەبات.
لیندا و کرایگ فۆرمان، کە هەردووکیان تەمەنیان لەنێوان 50 بۆ 60 ساڵیدایە، کانوونی دووەمی 2025 کاتێک بە ماتۆڕسکیل بە مەبەستی گەشتێکی جیهانی بە نێو خاکی ئێراندا تێدەپەڕن، لە پارێزگای کرمان دەستبەسەر کران.
رۆژی پێنجشەممە، 19ـی شوباتی 2026، جۆ بێنێت، کوڕی ئەو ژن و مێردە بەریتانییە لە راگەیێندراوێکدا بڕیاری سزادانی دایک و باوکی ئاشکرا کرد و گوتی: "ئەوان بەردەوام تۆمەتەکانیان رەتکردووەتەوە. ئێمە هیچ بەڵگەیەکمان نەبینیوە کە پاڵپشتی لە تۆمەتی سیخوڕی بکات."
بێنێت نیگەرانیی قووڵی خێزانەکەی لەبارەی تەندروستیی دایک و باوکی و "نادیاریی پرۆسەی دادگاییکردنەکە" دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە تەنیا سێ کاژێری خایاندووە و رێگەیان پێنەدراوە هیچ بەرگرییەک لە خۆیان بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، یڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا سەرکۆنەی بڕیارەکەی کرد و رایگەیاند: "ئەم سزایانە بە تەواوی قێزەون و بێ پاساون. ئێمە بێوچان لەگەڵ حکومەتی ئێران لەسەر ئەم کەیسە بەردەوام دەبین، تاوەکو کرایگ و لیندسی بە سەلامەتی دەگەڕێنەوە بەریتانیا."
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا جەختیشی کردەوە، کە دابینکردنی هاوکاری و پاراستنی سەلامەتیی ئەو ژن و مێردە لە کارە لەپێشینەکانیان دەبێت.
پێشتر ئەسغەر جەهانگیر، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاندبوو، ئەو هاووڵاتییە بەریتانیانە "لەژێر پەردەی گەشتیاردا" چوونەتە نێو ئێران و پێش دەستگیرکردنیان خەریکی کۆکردنەوەی زانیاری بوون.
ئێستا لیندسی فۆرمان لە بەشی ژنانی زیندانی ئەڤین لە تاران و کرایگی هاوژینیشی لە بەشی سیاسیی هەمان زیندان راگیراون؛ ئەوە لەکاتێکدایە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ هەمیشە رەخنە لە خراپیی دۆخی ناو ئەو زیندانە دەگرن.
کوڕی ئەو ژن و مێردە دەڵێت، دایک و باوکی بوونەتە "قوربانیی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکانی" نێوان تاران و وڵاتانی رۆژئاوا، بەتایبەتی ئەمریکا و بەریتانیا.
خێزانی فۆرمان لە ساڵیادی دەستبەسەرکردنیاندا، داواکارییەکیان بە واژۆی دەیان هەزار کەسەوە پێشکێش بە حکومەتی بەریتانیا کردبوو و داوایان کردبوو هەوڵی زیاتر بۆ ئازادکردنیان بدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ