رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی سوێد گورزەیەکی نوێی هاوکاریی سەربازیی بۆ ئۆکرانیا بە بڕی 12.9 ملیار کڕۆن (نزیكەی 1.4 ملیار دۆلار) راگەیاند، کە بە پلەی یەکەم تیشک دەخاتە سەر بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە.
پاڵ جۆنسن، وەزیری بەرگریی سوێد رایگەیاند، ئەم گورزە (پاکێج)ـە، "سێیەم گەورەترین هاوکارییە کە تاوەکو ئێستا سوێد پێشکێشی ئۆکرانیای کردبێت." جۆنسن جەختی کردەوە، ئەم هاوکارییانە لەسەر بنەمای ئەو پێویستییانە ئامادە کراون کە کیێڤ داوای کردبوون، بەتایبەتی لە بوارەکانی بەرگریی ئاسمانی و دابینکردنی تەقەمەنی بۆ ئەو سەکۆ جەنگییانەی پێشتر رادەستی ئۆکرانیا کراون.
بەرگریی ئاسمانی و سیستەمی TRIDON
بەپێی زانیارییەکانی حکومەتی سوێد، بڕی 4.3 ملیار کڕۆنی بۆ دابینکردنی سیستمێکی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانیی کورت مەودا تەرخان کراوە. ئەمە چەندین یەکەی زیادە لە سیستمی تۆپهاوێژی دژەفڕۆکەی جۆری (TRIDON Mk2) لەخۆ دەگرێت، کە سوێد لە سەرەتای ئەم مانگەدا بەڵێنی دابینکردنی دابوو. وەزیری بەرگری ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجیانە لە ماوەی 24 مانگی داهاتوودا ئەم سیستمانە بگەیێننە دەست سوپای ئۆکرانیا.
تەقەمەنی و پڕۆژەی درۆنەکان
بەشەکەی دیکەی بودجەکە بۆ دابینکردنی بڕێکی زۆر لە تەقەمەنی، لەوانەش گوللـەتۆپی دوورمەودا، هەروەها پڕۆسەی مەشق و پەرەپێدانی پڕۆژەیەکی هاوبەش لەگەڵ ئۆکرانیا بۆ بەرهەمهێنانی درۆنی دوورمەودا تەرخان دەکرێت.
بودجەی ساڵانە و مێژووی هاوکارییەکان
ئەم پاکێجە بەشێکە لە بودجەی ساڵانەی سوێد کە بڕی 40 ملیار کڕۆنی بۆ هاوکاریی ئۆکرانیا تەرخان کردووە. وەزیری بەرگری ئاشکرای کرد، 27 ملیار کڕۆنەکەی دیکە لە وەرزی بەهار و هاوینی ئەم ساڵدا رادەگەیەنرێت.
لە دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیاوە لە ساڵی 2022، ئەمە 21ـەمین گورزەی هاوکاریی سوێدە بۆ ئۆکرانیا. تاوەکو ئێستا ئەم وڵاتە سکەندەناڤییە بە کۆی گشتی 103 ملیار کڕۆن هاوکاریی سەربازیی پێشکەش کردووە، کە پێشتر ئۆتۆمبێلی شەڕکەری (CV90)، سیستمی تۆپهاوێژی (Archer)، تانک و کەشتیی جەنگیی تێدابووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ