راوێژکاری ئەڵمانیا: دەمەوێت بۆ خولێکی دیکەش لە پۆستەکەمدا بمێنمەوە

19-02-2026
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، دەیەوێت بۆ خولی دووەم خۆی بەربژێر بکاتەوە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی وڵاتەکەی کە بڕیارە ساڵی 2029 بکرێت.
 
مێرتس کە تەمەنی 70 ساڵە، لە بۆنەیەکدا لە شاری ترێری رۆژئاوای ئەڵمانیا گوتی: "بەنیازم بۆ ماوەیەکی درێژتر لەم پۆستەدا بمێنمەوە." وەک ئاماژەیەکیش بۆ تەندروستیی باشی خۆی و خێزانەکەی، باسی لەوە کرد کە مانگی رابردوو باوکی تەمەنی بووە 102 ساڵ.
 
مێرتس سەرۆکایەتیی پارتی کریستیان دیموکرات دەکات، کە گەورەترین پارتی نێو حکومەتی ئەڵمانیایە.
 
لەو بۆنەیەدا مێرتس قسەی بۆ هاوڕێیەکی پارتەکەی کرد بەناوی گۆردۆن شنایدەر و گوتی: "پێنج ساڵی دیکە کە دووبارە لێرە دەوەستین، من وەک راوێژکار و تۆش وەک سەرۆکی حکومەتی هەرێمەکە، دەمەوێت ئاوڕێک بدەینەوە و بڵێین: کاتەکان سەخت بوون، بەڵام بڕیاری راستمان دا."
 
بە تەمەنترین راوێژکار
 
مێرتس لە مانگی تشرینی دووەمی پار تەمەنی بووە 70 ساڵ، بەمەش دەبێتە بەتەمەنترین راوێژکاری ئەڵمانیا لە دوای کۆنارد ئەدیناوەرەوە کە لە ساڵی 1963 لە تەمەنی 87 ساڵیدا وازی هێنا. بڕیارە رۆژی هەینی مێرتس بۆ جارێکی دیکە وەک سەرۆکی پارتەکەی هەڵبژێردرێتەوە.
 
کارستن لینەمان، بەرپرسی باڵای پارتەکەی مێرتس بە گۆڤاری شتێرنـی راگەیاندووە، مێرتس توانای ئەوەی هەیە ماوەیەکی زۆر لە سیاسەتدا بمێنێتەوە و گوتی: "خۆی گوتویەتی باوکی سەد ساڵی تێپەڕاندووە و دایکیشی نزیکە لەو تەمەنە، کەواتە بۆماوەیی ئەوەی هەیە تەمەنێکی درێژ لە سیاسەتدا بەسەر ببات."
 
سەرەڕای ئەوەش، ئەو بەرپرسە پێی وایە هێشتا زووە قسە لەسەر هەڵبژاردنەکانی 2029 بکرێت و دەڵێت: "وا دابنێن خۆی کاندید دەکاتەوە، بەڵام ئەمە پرسیاری ساڵی 2026 نییە،" واتە هێشتا کاتی دیاریکردنی ئەو بابەتە نییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دەنگدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی "بەکۆیلەکردنی رەشپێستەکان"

لە دەنگدانێکی مێژوویی دا، جیهان کۆیلایەتیی رەشپێستەکان بە 'گەورەترین تاوان دژی مرۆڤایەتی' هەژمار دەکات

دەنگدانێکی مێژوویی. رۆژی چوارشەممە، نەتەوە یەکگرتووەکان بەکۆیلەکردنی رەشپێستەکان کە سەتان ساڵ بەردەوام بوو، وەک "گەورەترین تاوان دژی مرۆڤایەتی" ناساند. تەنیا سێ وڵات دژی بڕیارەکە وەستانەوە کە یەکێکیان ئەمریکا بوو و هۆکاری دژایەتییەکەیان روونکردەوە.