رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) نوێترین ئاماری زیانەکانی ئێرانی لە جەنگی ئێستادا ئاشکرا کرد و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 7000 ئامانجی سەربازییان لە نێو ئێراندا پێکاوە و 120 کەشتیی جەنگی و 44 کەشتیی دانەری مینی ئەو وڵاتەشیان ژێرئاو خستووە یان بە تەواوی لەکاریان خستوون.
هێگسەس: ئێمە و ئێران زەریامان دابەش کردووە
پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن سی دی ئاماژەی بەوە کرد کە توانای سەربازیی ئێران بە خێرایی لە پاشەکشەدایە.
هێگسەس بە گاڵتەجاڕییەوە وەسفی تێکشکانی هێزی دەریایی ئێرانی کرد و گوتی: "بڕیارمان داوە زەریا لەگەڵ ئێراندا بەش بکەین؛ ئێمە نیوەی خوارەوەمان (بنی دەریا) پێداون."
وەزیری بەرگریی ئەمریکا باسی لەوەشکرد، کارکردن وەک فەرماندەی باڵا لە سوپای پاسداران یان بەسیج بووەتە "کارێکی کاتی"، چونکە هەموویان لەژێر نیشانەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدان. هێگسەس گوتیشی: "ئامانجەکانمان کە راستەوخۆ لە سەرۆک ترەمپەوە وەرمانگرتووە، نەگۆڕن و ئۆپەراسیۆنی 'تووڕەیی داستانئاسا' وەک لێزەر ورد و یەکلاکەرەوەیە."
دان کەین: گوشارەکان بەردەوام دەبن
هاوکات دان کەین، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند، گوشارە سەربازییەکان بۆ سەر تاران بەردەوام دەبن و هێزەکانیان بەردەوامن لە دۆزینەوە و لەناوبردنی کۆگاکانی مینی دەریایی و تەقەمەنی.
سەبارەت بە دۆخی مەیدانی لە تەنگەی هورمز، دان کەین گوتی، فڕۆکەی A-10 وارتهۆگ خەریکی دۆزینەوە و تێکشکاندنی بەلەمە خێرا هێرشبەرەکانی ئێرانە.
داین کەین ئاماژەی بەوەش کرد، هێلیکۆپتەرەکانی AH-64 ئەپاچی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیش بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ دۆزینەوە و لەنێوبردنی درۆنە بۆمبڕێژکراوەکان بەکاردەهێندرێن.
پیت هێگسەس هۆشداری دایە ئێران و گوتی، ئەمڕۆ گەورەترین شەپۆلی هێرشەکان بۆ سەر ئێران ئەنجام دەدرێ و گوتی: "هەروەک لە رۆژی یەکەمەوە گوتوومە، تواناکانی ئێمە لە گەشەکردندان و هی ئێرانیش لە داڕماندایە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ