رووداو دیجیتاڵ
سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە لووتکەی برۆکسلدا، لە رێگەی رووداوەوە پەیامێکی روونیان ئاراستەی واشنتن و تاران کرد و رایانگەیاند، نابنە بەشێک لە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران و داواش دەکەن سەروەریی عێراق بپارێزێت و نەکرێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (19ی ئاداری 2026)، لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا و لووتکەی یۆرۆ بەڕێوەچوون. تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان جەنگی ئێران، تێکچوونی ئاسایشی وزە و چارەنووسی عێراق و هەرێمی کوردستان بوو لەنێو ئەم گێژاوەدا. بەشێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە قسەیان بۆ ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو بۆ برۆکسل کرد.
کایا کاڵاس: هیچ ئارەزوویەکمان بۆ چوونە ناو تەنگەی هورمز نییە
کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، لە وەڵامی پرسیارێکی ئاڵا شاڵی سەبارەت بە داواکارییەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ بەشداریی ئەورووپا لە پاراستنی تەنگەی هورمز، گوتی: "لە گفتوگۆکانماندا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە، هیچ ئارەزوویەکمان نەبینی بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان تاوەکو تەنگەی هورمز بگرێتەوە."
کاڵاس ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتانی ئەورووپی نیگەرانن لەوەی راوێژیان پێ نەکراوە پێش دەستپێکی جەنگەکە و گوتیشی: "ئێمە نازانین ئامانجەکانی ئەم جەنگە چین و هیچ بنەمایەکی یاسایی نێودەوڵەتیش نییە بۆ بەکارهێنانی هێز لەم دۆخەدا. وڵاتانی ئەندام هیچ مەیلێکیان بۆ چوونە ناو ئەم جەنگە نییە."
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەی ئێران لە دووەم رۆژی جەنگەکەوە تەنگەی هورمزیشی داخست.
هەفتەی رابردوو، چەند جارێک سەرۆکی ئەمریکا داوای لە وڵاتانی هاوپەیمانی، بەتایبەت وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا کرد هاوکارییان بکەن لە کردنەوەی تەنگەکەدا، بەڵام هیچیان ئامادەی هاوکاریکردن نەبوون.
ئیمانوێل ماکرۆن: عێراق دەبێت لەم جەنگە بەدوور بێت
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کە وڵاتەکەی یەکێکە لە کاراکتەرە سەرەکییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو هاوخەمیی خۆی بۆ کوژرانی ئەفسەرێکی پلەباڵای وڵاتەکەی (ئارنۆ فریۆن) دەربڕی کە لە هێرشێکی میلیشیاکاندا لە سنووری هەولێر گیانی لەدەستدا.
ماکرۆن بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە لەگەڵ عێراقین، لەگەڵ سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەیداین. ئەوەی داوای دەکەین، بێگەردییەکی تەواوە لە شەڕی دژی هەر میلیشیایەک کە سەربازانی فەرەنسا و بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق دەکاتە ئامانج."
سەرۆکی فەرەنسا پەیامێکی تووندی ئاراستەی گرووپە چەکدارەکان کرد و گوتی: "بڕوای تەواوم وایە دەبێت عێراق لەم جەنگە بەدوور بێت و سەروەریی خۆی بپارێزێت. هەموو ئەو گرووپانەشی کە بەشداری لەم جەنگەدا دەکەن، دەبێت بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ بگرن."
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، لە دەستپێکی جەنگەکەوە زیاتر لە 380 درۆن و مووشەک ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون، گرووپە چەکدارەکانی عێراق بەرپرسیاریێتی زۆربەی هێرشەکانیان لە ئەستۆ گرتووە.
هۆڵەندا: لە هۆکاری هێرشەکەی ئەمریکا تێدەگەین، بەڵام بەشێک نین لێی
رۆب یێتن، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا سەبارەت بە کاریگەرییەکانی جەنگی ئێران لەسەر وڵاتەکەی رایگەیاند، "ئاشکرایە کە جەنگ لە ئێران کاریگەری لەسەر ئێمەش هەیە لە رووی بەرزبوونەوەی نرخەکانی وزەوە، بۆیە دەبێت سەیری ئەوە بکەین چۆن دەتوانین پارێزگاری لە بەکاربەران و کۆمپانیاکانمان بکەین لە بەرامبەر دوو کاریگەرییە گەورەکەی ئەم جەنگە".
لە دووەم رۆژی جەنگەکەوە، ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە. لەو کاتەوە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە 72 دۆلار گەیشتووەتە سەروو 115 دۆلار. ئەمەش گوشارێکی زۆری لەسەر وڵاتانی ئەورووپا دروستکردووە.
سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا سەبارەت بە هۆکاری دەستپێکردنی جەنگەکە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دەڵێت، "ئەمە جەنگێکە کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دژی ئێران دەستیپێکردووە بەهۆی هۆکارگەلێکەوە کە من لێیان تێدەگەم، چونکە رژێمی ئێران رژێمێکی دڕندەیە، نەک تەنیا بۆ گەلی خۆی، بەڵکو بۆ ناوچەکەش بە گشتی و هەڕەشەیەکی ئەمنیشە بۆ ئەورووپا. بەڵام ئەمە جەنگێک نییە کە ئێمە بەشێک بین لێی".
هۆڵەنداش وەکو وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانی ئەمریکا تاوەکو ئێستا ئامادەیی خۆی بۆ بەکارهێنانی رێکاری سەربازی بۆ دابینکردنی سەلامەتی لە تەنگەی هورمزدا دەرنەبڕیووە.
سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوە کرد، "هۆڵەندا لەگەڵ فەرەنسا و وڵاتانی دیکەدا ئامادەیە بۆ پاراستنی هاوبەشە ئەورووپییەکان. بەڵام لە ئێستادا هیچ ئاماژەیەکی روون نییە کە پێشنیازێکی گونجاو بۆ ئەنجامدانی ئەرکێکی سەربازی هەبێت، هەروەها لە ئێستادا دۆخەکە زۆر ناجێگیرە بۆ دەستپێکردنی ئەرکێک لە تەنگەی هورمز".
لاتیڤیا: چاوەڕێی بڕیاری ناتۆین
ئیڤیکا سیلینا، سەرۆکوەزیرانی لاتیڤیا، هەڵوێستێکی وریایانەتری هەبوو و بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ داوایەکی فەرمییان لە ناتۆوە بەدەست نەگەیشتووە بۆ بەشداریکردن لە جەنگەکە، بەڵام گوتی: "ئەگەر جەنگی ئێران ببێتە کێشەی ناتۆ، ئەوا پێویستە وەک هاوپەیمانییەک بەشداری بکەین، بەڵام ئێستا چاوەڕێی هەڵسەنگاندنی راوێژکارە سەربازییەکانین."
ئەم لێدوانانەی سەرکردەکانی ئەورووپا نیشانەی جۆرێک لە درز و ساردییە لە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و برۆکسل سەبارەت بە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ تاران، لەکاتێکدا هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی کە پێویستە رێگری لە فراوانبوونی جەنگەکە بۆ ناو خاکی عێراق بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ