رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو، وەڵامی رەخنەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، وڵاتانی ئەورووپا هیچ ئارەزوویەکیان بۆ بەشداریکردن لە جەنگێکی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران نییە و دەڵێت: "ئەم جەنگە هیچ بنەمایەکی یاسایی نێودەوڵەتی نییە."
رۆژی پێنجشەممە، 19ـی ئاداری 2026، کایا کالاس پێش دەستپێکردنی لووتکەی سەرکردەکانی یەکێتی ئەورووپا لە وەڵامی ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو لە برۆکسل گوتی، رۆژی دووشەممە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا گفتوگۆیان لەبارەی 'ئۆپەراسیۆنی ئەسپیدس' کردووە، کە ئەرکی پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکانە لە دەریای سوور.
کالاس گوتی: "گفتوگۆ لەسەر ئەوە بوو ئایا ئارەزوویەک هەیە بۆ فراوانکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە تاوەکو تەنگەی هورمزیش بگرێتەوە، بەڵام هیچ ئارەزوویەکی لەو شێوەیە لەلایەن وڵاتانی ئەندامەوە نەبوو."
سەبارەت بە هۆکاری رەتکردنەوەی بەشداریکردن لە جەنگێکی لەو شێوەیە، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا روونیکردەوە، وەزیرانی دەرەوە پێیانوایە راوێژیان پێ نەکراوە و تەنانەت هەوڵیان داوە لایەنەکان قایل بکەن جەنگ دەست پێ نەکەن، چونکە ئامانجەکانی ئەم جەنگە ناڕوونن.
کایا کالاس جەختی لە نەبوونی شەرعییەتی نێودەوڵەتی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران کردەوە و گوتی: "هیچ بنەمایەکی یاسای نێودەوڵەتی بۆ ئەم جەنگە نییە. بەکارهێنانی هێز تەنیا لە دوو حاڵەتدایە؛ یان بەرگری لە خۆکردن بێت، یان بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت، کە لێرەدا هیچ کام لەمانە لە ئارادا نین. بۆیە وڵاتانی ئەندام هیچ مەیلێکیان بۆ چوونە ناو ئەم جەنگەوە نییە."
کالاس پەیامێکی ئاراستەی گەلی ئێران کرد و رایگەیاند، یەکێتیی ئەورووپا هەمیشە پشتیوانی لە کۆمەڵگەی مەدەنی و مافی گەلی ئێران دەکات بۆ ئەوەی خۆیان بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ