رووداو دیجیتاڵ
بە ئامادەبوونی سەرۆککۆمارەکانی ئێران و ئازەربایجان، بەنداوێکی هاوبەش لە سنووری هەردوو وڵات و لەسەر رووباری ئاراس کرایەوە. بەنداوەکە ساڵانە دوو ملیار مەتر سێجا ئاو گلدەداتەوە.
بەنداوەکە کە ناوی قیزقەلەسییە ئەمڕۆ یەکشەممە، 19-5-2024، بە ئامادەبوونی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و ئیلهام عەلیێف، سەرۆککۆماری ئازەربایجان، بەنداوی لەسەر رووباری ئاراس کرایەوە.
لە رێوڕەسمی کردنەوەی بەنداوەکە، هەریەک لە سەرۆککۆمارەکان ئیبراهیم رەئیسی و ئیلهام عەلیێف، رەزامەندیی خۆیان لەسەر تەواوبوونی بەنداوەکە دەربڕی و باسیان لە چڕبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد و کردنەوەی ئەو بەنداوەیان بە سیمبولێکی لێکنزیکبوونەوەی ئێران و ئازەربایجان ناو برد.
عەلی ئەکبەر میحرابیان، وەزیری وزەی ئێران لە رێوڕەسمەکەدا، لە بارەی بەنداوەکە گوتی، رووباری ئاراس لەنێوان ئەرمینیا، تورکیا، ئازەربایجان و ئێران بە درێژایی هەزار و 72 کیلۆمەتر تێدەپەڕێت و ئێران و ئازەربایجان 450 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان لەسەر ئەو رووبارە هەیە، "کە دەتوانێت سوودێکی زۆری بۆ کەرتی وزەی هەردوو وڵات هەبێت."
ئێران و ئازەربایجان پێشتر دوو بەنداوی ئاراس و خودائافەرینیان لەسەر ئەو رووبارە کردووەتەوە و بەنداوی "قیزقەلەسی" سێیەمین بەنداوی هاوبەشە و توانای گلدانەوەی 2 ملیار مەتر سێجا ئاوی دەبێت، کە دەتوانێت لە دیوی ئێران کێشەی ئاوی خواردنەوەی دوو پاریزگای ئەردەبیل و تەورێز، چارەسەر بکات.
وەزیری وزەی ئێران باسی لەوەشکرد؛ پانتایی بەنداوەکە 834 مەترە و ئامانجی سەرەکییەکانی دروستکردنی ئەو بەنداوە، جگە لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ، گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیشە.
ئێران و ئازەربایجان لە چەند ساڵی رابردوودا بەردەوام لەسەر چەندین بابەتی وەک ناوچەی قەرەباخ، لایەنگری لە ئەرمینیا لە بەرامبەر ئازەربایجان لە لایەن ئێرانەوە و، هێرشکردنەسەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە تاران لەلایەن کەسێکی چەکدارەوە، مشتومڕیان بووە.
ساڵی 2022 کەسێکی چەکدار لە تاران هێرشی کردە سەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجان و لە ئەنجامدا پۆلیسێکی ئاسایشی باڵیۆزخانەکە گیانی لەدەستدا و دوو کەسیش برینداربوون. ئەوەش بووە هۆی داخستنی باڵیۆزخانەکە لەلایەن ئازەربایجانەوە.
بەڵام رۆژی هەینی، 17-5-2024، وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان رایگەیاند، ئەو وڵاتە شوێنێکی نوێی بۆ باڵیۆزخانەکەی لە تاران دیاریکردووە و بەمزووانە چالاکییەکانی باڵیۆزخانەکە دەستپێدەکاتەوە. بەیانی ئەمڕۆش لە گوتاری هەردوو سەرۆککۆماری ئێران و ئازەربایجان باس لە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان و پووچەڵکردنەوەی پیلانی دوژمنان بۆ تێکدانی پەیوەندییەکان کرایەوە.
ئیبراهیم رەئیسی لە گوتەکانیدا پاڵپشتی خۆی لە ئازەربایجان لە بەرامبەر ئەرمینیا راگەیاند و گوتی؛ ئێران بەردەوام دەسەڵاتی ناوچەی قەرەباخی بە مافی یاسایی ئازەربایجان زانیوە. لە بەرامبەریشدا ئیلهام عەلیێف، سەرۆککۆماری ئازەربایجان، ئێرانی بە هاوپەیمانی ستراتیژیکی وڵاتەکەی ناوبرد و گوتی؛ ئەم کۆبوونەوەیە پەیامێکی ئاشکرای بۆ دووژمنان هەیە، کە ناتوانن پەیوەندییەکانی نێوانمان تێکبدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ