رووداو دیجیتاڵ
بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا گەیشتنە رێککەوتنێک کە "پەیوەندییەکی نزیکتر" لە بواری بەرگری و بازرگانیدا دادەڕێژێت، ئەمەش وەرچەرخانێکی نوێیە دوای دەرچوونە پڕ لە ناکۆکییەکەی شانشینی یەکگرتوو لە یەکێتیی ئەورووپا.
کیەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی، ئەمە "قۆناخێکی نوێ لە پەیوەندیماندا دیاری دەکات... ئێمە لەسەر هاوبەشییەکی ستراتیژیی نوێ رێکدەکەوین کە گونجاوە بۆ سەردەمەکەمان."
رێککەوتنی بەرگرییەکە واتای گفتوگۆی "ئەمنیی زیاتر و رێکوپێکتر"، ئەگەری بەشداریکردنی بەریتانیا لە ئەرکە سەربازییەکانی یەکێتیی ئەورووپا و توانای ئەوەی لەندەن بە تەواوی سوود وەربگرێت لە سندووقێکی بەرگریی 150 ملیار یۆرۆیی (167 ملیار دۆلاری) کە لەلایەن بلۆکەکەوە دادەمەزرێت.
هەردوولا رێککەوتن لەسەر هەڵگرتنی ئەو کۆنترۆڵانەی لەسەر هەناردەی بەریتانیا بۆ هاوپەیمانییە 27 وڵاتییەکە سەپێندرابوون، لە بەرامبەردا بەریتانیا مافی ماسیگرتنی یەکێتیی ئەورووپای لە ئاوەکانی بەریتانیادا بۆ 12 ساڵی دیکە درێژکردەوە.
ستارمەر گوتی، رێککەوتنەکە "سوودی راستەقینە و بەرجەستە"ـی بۆ شانشینی یەکگرتوو دەبێت لە بوارەکانی "ئاسایش، کۆچی نایاسایی، نرخی وزە" کە دەبێتە هۆی "دابەزاندنی باج، دۆزینەوەی هەلی کار و پاراستنی سنوورەکانمان."
ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپاش گوتی، ئەمڕۆ "رۆژێکی گەورەیە چونکە ئێمە ئێستا لاپەڕەیەک هەڵدەدەینەوە و وەرچەرخانێکی نوێ دەست پێدەکەین."
ڤۆن دێر لاین گوتی: "ئەم رێککەوتنە لەم سەردەمەدا زۆر گرنگە، چونکە زیادبوونی گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان دەبینین، بەڵام ئێمە هاوبیرین. بەهای هاوبەشمان هەیە."
دیپلۆماتکارانی یەکێتیی ئەورووپا رایانگەیاند کە رێککەوتن کراوە لەسەر داڕشتنەوەی پەیوەندییەکان دوای ئەوەی گفتوگۆکانی درەنگانی شەو بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان تاوەکو دوا خولەک بەردەوام بوون.
'خۆبەدەستەوەدان'
شانشینی یەکگرتوو دەڵێت، رێککەوتنە ئابوورییە نوێیەکە لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا پشکنینە گومرگییەکان لەسەر خۆراک و بەرهەمە رووەکییەکان ئاسان دەکات و رێگە دەدات "کاڵاکان بە ئازادی بگوازرێنەوە."
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، رێککەوتننامەکە تاوەکو ساڵی 2040 "نزیکەی 9 ملیار پاوەند" (12 ملیار دۆلار) بۆ ئابووریی بەریتانیا زیاد دەکات.
حکومەتی پارتی کرێکارانی ستارمەر پێی وابوو کە ئەو رێککەوتنەی یەکێتیی ئەورووپا کە لە سەردەمی حکومەتی پارێزگارانی پێشووی شانشینی یەکگرتوودا دانوستاندنی لەسەر کرابوو باش نییە.
بەڵام ستارمەر، کە لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی تەمموزی رابردوودا دەسەڵاتی گرتە دەست، چەند هێڵێکی سووری هەیە، لەوانەش رەتکردنەوەی دووبارە چوونە ناو یەکێتیی گومرگی.
پارێزگاران پێشتر رەخنەیان لەم هەنگاوە نوێیە دەگرت و بە "خۆبەدەستەوەدان" ناویان دەبرد.
هەردوولا "هاوبەشیی ئاسایش و بەرگری"یان واژۆ کرد کە گرنگترین بەشی دانیشتنەکەی رۆژی دووشەممەی نێوان ستارمەر و ڤۆن دێر لاین، ئەنتۆنیۆ کۆستا سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا و کایا کالاسی دیپلۆماتی باڵای یەکێتیی ئەورووپا بوو.
دوو دۆکیومێنتی دیکەش رۆژی دووشەممە واژۆ کران - بەیاننامەیەکی هاوبەشی هاوپشتیی ئەورووپی لە لووتکەی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا و شانشینی یەکگرتوو و لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەر بابەتەکانی وەک بازرگانی، ماسیگرتن و جووڵەی گەنجان.
بەپێی رێککەوتنی کۆتایی، بەریتانیا سنووری ئاوی خۆی بۆ ماسیگرانی ئەورووپی بۆ 12 ساڵ تاوەکو حوزەیرانی 2038 بە کراوە دەهێڵێتەوە، لە بەرامبەردا بلۆکەکە بۆ ماوەیەکی نادیار ئاسانکاری لە پرسە کارگێڕییەکانی تایبەت بە هاوردەکردنی خۆراک لە شانشینی یەکگرتوو دەکات.
بەپێی دەقی رێککەوتنەکە، ئەمە "دەبێتەهۆی ئەوەی زۆرینەی زۆری جووڵەی ئاژەڵ، بەرهەمە ئاژەڵییەکان، رووەک و بەرهەمە رووەکییەکان لەنێوان بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپادا بەبێ ئەو کۆنترۆڵانە ئەنجام بدرێن کە ئێستا پێویستن."
سەبارەت بە جووڵەی گەنجان، دانوستاندنکاران گوتیان "بەرەو پرۆگرامێکی هاوسەنگی ئەزموونی گەنجان کاردەکەن بەپێی ئەو مەرجانەی هەردوولا لەسەریان رێکدەکەون " و وردەکارییەکانیان بۆ دواتر هێشتەوە.
ستارمەر کە بەڵێنی داوە بەرەنگاری کۆچی نایاسایی ببێتەوە، بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا دەکات، لەکاتێکدا پشتیوانی بۆ پارتی ریفۆرمی راستڕۆی تووندڕۆی دژە کۆچ و گومانکار بەرامبەر ئەورووپای نایجڵ فاراژ لە هەڵکشاندایە.
سێبەری رووسیا و ترەمپ
ئەم گفتوگۆیانە لە کاتێکدان، یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا لە هەوڵی بەهێزکردنەوەدان لە بەرامبەر رووسیا و ترسی ئەوەی کە لەژێر سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چی دیکە یارمەتی پاراستنی ئەورووپا نەدات.
بەڵام زۆربەی وردەکارییەکانی هاوبەشیی بەرگرییەکەش دواتر پڕ دەکرێنەوە.
بۆ نموونە، پێدانی دەرفەتی بێسنوور بە شانشینی یەکگرتوو و پیشەسازیی بەرگرییەکەی بۆ چوونە ناو پرۆگرامەکانی یەکێتیی ئەورووپا، پێویستی بە رێککەوتنی زیاتر دەبێت.
ستارمەریش گەڕانەوە بۆ ئازادیی تەواوی هاتووچۆی لەنێوان سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپا و شانشینی یەکگرتوودا رەتکردووەتەوە، بەڵام رازییە بە پرۆگرامێکی سنوورداری جووڵەی گەنجان کە رێگە بە هەندێک گەنجی بەریتانی و ئەورووپی تەمەن 18 بۆ 30 ساڵ بدات لە شانشینی یەکگرتوو و بە پێچەوانەوە بخوێنن و کار بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ