لە 16 رۆژدا زیاتر لە 1000 کەس بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە لە ئیسپانیا گیانیان لەدەستداوە

19-08-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە 16 رۆژدا زیاتر لە 1000 کەس لە ئیسپانیا لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و کاریگەرییەکانی گیانیان لەدەستداوە.
 
رۆژی سێشەممە 19ی ئابی 2025، پەیمانگای تەندروستیی کارلۆسی سێیەمی ئیسپانیا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە، تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرمایەی لە 03ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە، زیاتر لە 1100 گیانلەدەستدان تۆمار کراون.
 
پەیمانگەکە داتاکانی سیستمی چاودێری گیانلەدەستدانی ناسراو بە (MoMo) بەکارهێناوە، بەڵام سوودی لە داتای ئاژانسی کەشناسی نیشتمانی ئیسپانیش وەرگرتووە بۆ هەڵسەنگاندنی هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی رێژەی مردن.
 
پەیمانگاکە باس لەوەش دەکات لە مانگی تەمموزدا زیاتر لە هەزار و 60 کەس بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و کاریگەرییەکانییەوە گیانیان لەدەستدابوو، ئەوەش 57٪ بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو زیاتر بووە.
 
بەرزبوونەوەی پلەی گەرما زیانی گەورەی بە ژینگەش گەیاندووە، بە جۆرێک لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لە ئەنجامی کەوتنەوەی 200 ئاگری دارستانەکانی ئیسپانیا نزیکەی 4 هەزار کیلۆمەتر دووجا لە سووتاوە. 
 
ئەم ساڵ پلەی گەرما لە هەندێك ناوچەی ئیسپانیا چەندین رۆژ زۆر بەرزبوو. بۆ نموونە، 28ی حوزەیران پلەی گەرما لە سنووری شارۆچکەی ئیلگراندۆی نزیک سنووری پورتوگال گەیشتە 46 پلەی سیلیزی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە