رووداو دیجیتاڵ
بە ملیۆنان ئەمریکی لە سەرانسەری 50 ویلایەتەکەی ئەمریکا رژانە سەر شەقامەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و تووڕەییان بەرامبەر سیاسەتەکانی سەرۆکی ئەمریکا. خۆپێشاندەران شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانیان بە "نا بۆ پاشاکان" ناودەبەن، وەکو ئاماژەیەک بەوەی ترەمپ دەیەوێت سیستمی حوکمڕانیی ئەمریکا بکاتە پاشایەتیی. لە بەرامبەردا کۆمارییەکان خۆپێشاندانەکانیان بە بڵاوکردنەوەی "رق و کینە لە ئەمریکا" ناوبرد.
رۆژی شەممە رێکخەرانی خۆپێشاندانەکان رایانگەیاند، چاوەڕێی زیاتر لە ملیۆن کەسن بەشداری لەو گردبوونەوەیەدا بکەن لە شاری نیویۆرکی رۆژهەڵاتی ئەمریکاوە بەڕێوەچوو، تاوەکو شاری لۆس ئانجلس لە رۆژئاوای ئەمریکا، لە ویلایەتی فلۆریداش لەنزیک ماڵی دووەمی ترەمپ خۆپێشاندان کرا.
لە واشنتنی پایتەخت، دەیان هەزار کەس لەنزیک باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمریکا گردبوونەوە و هاواریان دەکرد، "ئەمە دیموکراسییەکەتانە"، لەو کاتەی حکومەتی فیدراڵی سێ هەفتەیە داخراوە.
خۆپێشاندەران هوتافی جۆراوجۆریان لە دژی ترەمپ دەگوتەوە و یەکێکیان بریتی بوو لە "دەبێت دۆناڵد ترەمپ بڕوات،" زۆربەشیان ئاڵای ئەمریکایان بەرز کردبووەوە.
خۆپێشاندەران لافیتە و دروشمی جیاوازیان بەرز کردبوویەوە، هەندێکیان داوایان دەکرد دیموکراسیی ئەمریکا بپارێزن، هەندێکی دیکە داوایان لە ئیدارەی ترەمپ کرد دەزگەی جێبەجێکردنی رێکارە تووندەکان دژی کۆچبەران و سیستمی نوێی پێناسی گومرگی هەڵبوەشێننەوە.
هەروەها خۆپێشاندەران رەخنەیان لەو سیاسەتانەی ئیدارەی ئێستای کۆشکی سپی گرت، بەوەی ملیاردێرە کۆمارییەکان هێرش دەکەنە سەر میدیا و نەیارە سیاسییەکان و کۆچبەرە نایاساییەکان.
لە شاری لۆسئەنجلس، خۆپیشاندەران باڵۆنی گەورەی ترەمپیان لە دایبییەکی منداڵاندا دروستکردبوو.
"نا بۆ پاشاکان"
تائێستا، ترەمپ هیچ کاردانەوەیەکی بەرامبەر بە خۆپێشاندانەکان نەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تیمی میدیایی سەرۆکی ئەمریکا، ڤیدیۆیەکیان لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە، کە تێیدا پێشانی دەدات ترەمپ بە جلوبەرگی شاهانە و تاجێکی لەسەرە و لە بالکۆنێکی کۆشکێکەوە دەست بۆ خەڵک رادەوەشێنێت.
بەڵام مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا گاڵتەی بە خۆپێشاندەران کرد و بە بڵاوکردنەوەی "رق لە ئەمریکا" تۆمەتباری کردن.
دواتر ئەو بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "ئێوەی دیموکراتە چەپڕۆکان، کەسانی مارکسیست، سۆسیالیست، توندڕۆکان و باڵی لایەنگری حەماس لەنێو پارتەکەتان کۆدەکەنەوە."
خۆپیشاندەران بە گاڵتەوە مامەڵەیان لەگەڵ ئەو بانگەشەیەدا کرد.
"ناڕەزایەتییەکان سنووری ئەمریکا تێدەپەڕێنێت"
جگە لە ئەمریکا، بزووتنەوەی ناڕەزایەتی "نەخێر بۆ پاشا" چالاکییان لە کەنەداش ئەنجامدا. گردبوونەوەی بچووکیش لە هەریەک لە شاری مالاگای ئیسپانیا و مالمۆی سوێد بەڕێوەچوون.
هۆکارێکی دیکەی ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە سیاسەتی تووندی ئیدارەی ترەمپە، بەوەی هێزی گاردی نیشتمانی لە شارەکانی ئەمریکادا لەوانەش لۆس ئانجلس، واشنتن، شیکاگۆ، پۆرتلاند و مێمفیس، بڵاوکردووەتەوە.
بێرنی ساندەرز، سیناتۆری چەپڕۆی ئەمریکا لەبەردەم کۆشکی سپی هۆشداریی لە زیادبوونی مەترسییەکان بۆ دیموکراسی لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ دا و گوتی، "ئێمە سەرۆکێکمان هەیە، خوازیاری دەسەڵاتی زیاترە، حەز دەکات دەسەڵاتی زیاتریش بداتە دەست ئۆلیگارشییەکانی دۆستی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ