رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا بڕیارە ئەمڕۆ گەڕی دووەمی دانوستاندنەکانی ئەمریکا و ئێران لە ئیسلامئابادی پاکستان بەڕێوەبچێت، ئەمریکا پێشتر بە هێرشێک، پەیامێکی سەربازی لە رێگەی دەریاوە ئاراستەی ئێران کرد و دەستی بەسەر کەشتیی بارهەڵگری تۆسکای ئێرانی گرت.
هێزیی دەریایی ئەمریکا ئێستا ئابڵووقەی تەنگەی هورمزیان داوە، ئەو کەشتییەی ئەمریکا کە هێرشی کردە سەر تۆسکا، ناوی (USS Spruance)ـە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: پێشتر هۆشداریی تەواویان دابووە کەشتییەکە کە بووەستێت، بەڵام ستافەکەی رەتیانکردبووەوە بە گوێی کەشتییە ئەمریکییەکە بکەن.
فەرماندەیی هێزەکانی ناوەندیی ئەمریکاش - سێنتکۆم، ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە، پەیام بۆ کەشتییەکە دەنێرن "ژووری بزوێنەرەکە چۆڵ بکەن.. ژووری بزوێنەرەکە چۆڵ بکەن.. خۆمان ئامادە دەکەین بۆ ئەوەی تەقەتان لێبکەین."
کەشتییە ئێرانییەکە، درێژییەکەی 295 مەترە، پانییەکەی 32 مەترە و توانای هەڵگرتنی زیاتر لە 66 هەزار تۆنی هەیە.
وردەکاریی هێرشەکە
ئەمە یەکەم جارە لە رۆژی 13ـی نیسانەوە، دوای سەپاندنی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران رووبەڕووبوونەوەی لەو شێوەیە رووبدات.
سێنتکۆم دەڵێت: دوای ئاگادارکردنەوەی بەردەوام بۆ ماوەی 6 کاژێر، هێزە ئەمریکییەکان ژووری بزوێنەری کەشتییەکەیان پێکاوە بۆ پەکخستنی و دواتر لە رێگەی فڕۆکەوە دەستیان بەسەر کەشتییەکەدا گرتووە.
هێزێکی مارێنزی ئەمریکی لە کەنداوی عومان بە هێلیکۆپتەر دەچنە سەر کەشتییەکی ئێرانی و دەستی بەسەردا دەگرن
— Rudaw (@Rudawkurdish) April 20, 2026
سێنتکۆم ڤیدیۆکەی بڵاوکردووەتەوە pic.twitter.com/Jr7jN62b4f
رووداو لە پاکستان
دڵنیا رەحمان، نێردراوی رووداو بۆ پاکستان لە رێد زۆن، ئەو ناوچەیەی ئیسلامئاباد کە بڕیارە دانوستاندنەکانی تێدا بەڕێوەبچێت رایگەیاند: بەپێی ئەو ئامادەکاری و دۆخەی لە ناوچەکە دەبیندرێت، وا پێناچێت ئەمڕۆ دانوستاندن دەستپێبکات.
رووداو تاکە میدیای کوردییە پەیامنێرەکەی لە ئیسلامئاباد رووماڵی دانوستاندنەکان دەکات.
کاردانەوەی هێرشەکە:
لە دوای رووداوەکە ترەمپ لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵەوە لەبارەی رووداوەکە رایگەیاند، هێزی دەریایی وڵاتەکەی دەستی بەسەر کەشتییەکی بارهەڵگری گەورەی ئێراندا گرتووە، ئەوەش دوای ئەوەی هەوڵیداوە گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا ببڕێت.
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی کەشتییەکەوە نووسیویەتی: کەشتییەکە مێژوویەکی لە "چالاکی نایاسایی" هەبووە و هێزەکانیان سەرقاڵی پشکنینی بارهەڵگرەکەن.
ئێران
بەرەبەیانی دووشەممە، قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا کە بەرزترین ناوەندی بڕیاردانی سەربازییە لە ئێران و هاوئاهەنگیی نێوان ئەرتەش و سوپای پاسداران دەکات، دەستبەسەرداگرتنی کەشتی بارهەڵگری تۆسکای پشتڕاست کردەوە. دواتر هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەیان کرد و رایانگەیاند: "لەزووترین کات دا تۆڵەی هێرشەکەی ئەمریکا دەکەینەوە".
قەرارگەی خاتەمولئەنبیا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، "سوپای هێرشکاری ئەمریکا بە پێشێلکردنی ئاگربەست و دزیی دەریایی، تەقەی لە یەکێک لە کەشتییه بازرگانییەکانی ئێران لە دەریای عومان کردووە و بە لەکارخستنی سیستمەکەی، بەشێک لە چەکدارانی تیرۆریستی خۆی لەسەر دابەزاندووە".
هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە پاکستان
سەرەڕای پێکدادانە سەربازییەکان، کۆشکی سپی شاندێکی باڵا بە سەرۆکایەتیی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف دەنێرێت بۆ ئیسلامئاباد بۆ ئەنجامدانی دانوستاندن لەگەڵ لایەنی ئێرانی.
دوێنێ ترهمپ پێش دانوستاندنەکان رایگەیاند، ئەگەر ئێران رێککەوتنەکە قبوڵ نەکات، ئەوا ئەمریکا هەموو وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ناو ئێران بۆردوومان دەکات.
هاوکات ئیسلام ئاباد کەوتووەتە ژێر دۆخێکی نائاسایی و 10 هەزار هێزی ئەمنی بڵاوەیان پێکراوە بۆ پاراستنی شوێنی دانوستانەکان.
موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان لەگەڵ ناتالی بەیکەر، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا کۆبووەوە. نەقەوی واشنتنی دڵنیا کردەوە هەموو رێکارەکان بۆ پاراستنی شاندەکان تەواو کراون.
دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێران گومانەکانیان ناشارنەوە
محممەد باقرقالیباف، سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری ئێران لەبارەی دانووستاندنەکان گومانی لە ئەمریکا هەیە و رایگەیاند، متمانەمان بە دووژمن نییە، رەنگە ئەوان لە هەر چرکەیەکدا جەنگەکە هەڵبگیرسێننەوە.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، "چارەسەری کێشەکان لە زیادکردنی گرژییەکاندا نییە، بەڵکو لە ژیری، گفتوگۆ و دوورکەوتنەوە لە وێرانکاریی زیاتردایە."
هاوکات بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران، پزیشکیان گومانی خۆیشی لەبارەی دانوستاندنەکان بە شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی 45 خولەکیدا گەیاندووە، گوتوویەتی: "ئەمریکا خەریکی خیانەتکردنە لە دیپلۆماسی."
ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا لە 22ـی نیسان کۆتایی دێت و ئەمڕۆ و سبەی دەرفەتە لە بەردەمیان بۆ رێککەوتن یان دووبارە بەردەوامیدان بە جەنگ.
کاریگەریی ئابووری
لەدوای رووداوەکە، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بە رێژەی 6%بەرزبووەوە و گەیشتە نزیکەی 96 دۆلار. لە رۆژانی رابردوو کاتێک ئێران کردنەوەی تەنگەی هورمزی راگەیاند، نرخی نەوت بۆ خوار 90 دۆلاریش دابەزی.
رۆژی شەممە، 18ـی نیسانی 2026، ئێران هێرشی کردە سەر دوو کەشتیی هیندی، یەکێک لە کەشتییەکان نەوتی عێراقیان بارکردبوو و دواتر ترهمپ بە "پێشێلکردنی ئاشکرای ئاگربەست" ناوی برد.
"ئاسایشی تەنگەی هورمز بێ بەرامبەر نییە"
هەر لە کاردانەوەی ئەو رووداوانە، نووسینگەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی جێگری سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، تەنگەی هورمز یان بۆ هەموان کراوە دەبێت یان بۆ کەس کراوە نابێت؛ دەشڵێت، سەقامگیری لە نرخی وزەی جیهاندا کاتێک دروستدەبێت کە گوشارە ئابووری و سەربازییەکانی سەریان و سەر هاوپەیمانەکانیان کۆتاییبێت.
نووسینگەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی محەممەد رەزا عارف، جێگری سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی کردنەوەی تەنگەی هورمز لەلایەن وڵاتەکەیەوە لە ئێکس بڵاویکردەوە، "ئاسایشی تەنگەی هورمز بێ بەرامبەر نییە و ناکرێت هەناردەی نەوتی ئێران سنوردار بکرێت و لە هەمان کاتدا چاوەڕوانی ئاسایشی بێ بەرامبەر بۆ کەسانی دیکە بکرێت".
نووسینگەی جێگری سەرۆککۆماری ئێران دەشڵێت، "هەڵبژاردەکە رونە: یان بازاڕێکی ئازادی نەوت بۆ هەمووان، یان مەترسیی تێچوی زۆر بۆ هەمووان"؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "سەقامگیری لە نرخی سوتەمەنی جیهاندا بەستراوەتەوە بە کۆتاییهێنایەکی گەرەنتی کراو و بەردەوام بە گوشارە ئابووری و سەربازییەکان دژی ئێران و هاوپەیمانەکانی".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ