جۆ ویڵسن بۆ رووداو: هەرێمی کوردستان خاڵێکی گەش و نموونەی سەقامگیرییە

51 خولەک له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوو کۆنگرێسمانی ئەمریکی لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات، لەبارەی ئایندەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران و دۆخی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو دەدوێن. جۆ ویڵسن دەڵێت: "هەرێمی کوردستان خاڵێکی گەشە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، جۆن گارامێندیش هۆشداری دەدات کە بڕینی بودجەی پێشمەرگە لەم کاتەدا هەستیارە.
 
رۆژی پێنجشەممە 21-05-2026، لە واشنتن، هەریەک لە جۆ ویڵسن، کۆنگرێسمانی کۆماری و جۆن گارامێندی، کۆنگرێسمانی دیموکرات، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن، تیشکیان خستە سەر پێشهاتە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە.
 
جۆ ویڵسن، کۆنگرێسمانی کۆماری لە ویلایەتی کارۆلاینای باشوور، ستایشی پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستانی کرد و رایگەیاند: "من رێزێکی زۆرم بۆ هەرێمی کوردستان هەیە. دەزانین کوردستان چەندە سەرکەوتووە و خاڵێکی گەشە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رووی سەقامگیری، ئاشتی و خۆشگوزەرانییەوە؛ ئەمەش دەبێت ببێتە نموونەیەک بۆ تەواوی عێراق."
 
سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ویڵسن داوای زانیاریی زیاتری کرد و نیگەرانیی خۆی نیشاندا، جەختیشی کردەوە کە سەرکەوتنی بەردەوامی هەرێمی کوردستان جێگەی بایەخی ئەوانە.
 
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو سەبارەت بە بڕینی بودجەی هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن پێنتاگۆنەوە، جۆ ویڵسن رایگەیاند: "ئێمە هەموو شتێک کە بتوانین لەبەرچاوی دەگرین. بێگومان پشتیوانی لە دۆستانی سەقامگیری و ئاشتی دەکەین. لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ مایک تێرنەر، سەرۆکی لیژنەی هەواڵگری کاردەکەم کە پشتیوانێکی سەرسەختی ئازادییە."
 
لەلایەکی دیکەوە، جۆن گارامێندی، کۆنگرێسمانی دیموکرات، گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەی بە "دراماتیکی" ناوبرد و گوتی: "بەهۆی رووخانی رژێمەکەی ئەسەد لە سووریا، تەواوی دۆخەکە گۆڕاوە. دۆخی کورد بەشێکی گرنگی ئەو گۆڕانکارییەیە و پێویستە ئاگاداری بودجە و رۆڵی ئەمریکا بین بەرامبەر بە کورد، هەم لە سووریا و هەم لە عێراق."
 
سەبارەت بە سیاسەتی واشنتن بەرامبەر تاران، هەردوو کۆنگرێسمانەکە دیدگەی جیاوازیان هەبوو. جۆ ویڵسن (کۆماری) پێیوایە سەرۆک ترەمپ دەیەوێت بگاتە رێککەوتن بۆ پاراستنی خەڵک، بەڵام سوپای پاسداران رێگرە. گوتیشی: "ترەمپ توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی ئێران لەناودەبات تاوەکو ئابووریی جیهان لەلایەن تارانەوە بە بارمتە نەگیرێت."
 
جۆن گارامێندی (دیموکرات) رەخنەی لە ئیدارەی ترەمپ گرت و گوتی: "ئیدارەکە لەنێو زەلکاوێکدایە. ئەوان جەنگێکیان دەستپێکرد بەبێ بیرکردنەوە لە لێکەوتەکان. جەنگ چارەسەر نییە و دەبێت بگەڕێینەوە بۆ دانوستاندن و مامەڵە لەگەڵ پرسە ئەتۆمییەکاندا بکەین."
 
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە کۆنگرێسی ئەمریکا سەرقاڵی تاوتوێکردنی یاسای بودجەی بەرگرییە و پرسی هاوکارییەکانی پێشمەرگە یەکێکە لەو تەوەرانەی لایەنە کوردییەکان چاویان لەسەریەتی بۆ ئەوەی لە رێگەی هەمواری یاساییەوە بودجەکە بگەڕێندرێتەوە.
 
 
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ جۆ ویڵسن، کۆنگرێسمانی کۆماری لە ویلایەتی کارۆلاینای باشوور
 
رووداو: سەبارەت بە ئێران، پێتانوایە رێککەوتنێک دەکەن، یان ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ جەنگ لەگەڵ ئێران؟
 
جۆ ویڵسن: زۆر سوپاسگوزارم کە سەرۆک ترەمپ بەڕاستی دەیەوێت بگاتە رێککەوتنێک بۆ پاراستنی خەڵک، بەڵام بەڕاستی سوپای پاسداران، یان هەرکەسێک ئەمڕۆ ئێران بەڕێوەدەبات، زۆر روونە کە ئەوان نایانەوێت، بۆیە رای من ئەوەیە کە ئەمریکا لەگەڵ هەموو هاوپەیمانەکانمان، هەموو هاوپەیمانە کەنداوییەکانمان کاردەکات. سوپاس بۆخوا بۆ پشتیوانیی تورکیا و ئازەربایجان و سعودیە و هەموو وڵاتەکان کە یەکدەگرن، هەروەها هاوپەیمانە ئەوروپییەکانمان، فەرەنسا کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگر دەنێرێت، وڵاتانی دیکەش دێنە ناوەوە، ئەنجامی کۆتایی ئەوەیە کە دەبێت ئێران بگاتە رێککەوتنێک، بەڵام دەبێت جێبەجێ بکرێت، ئێمەش دەزانین ئەوان جێبەجێی ناکەن، بۆیە "متمانە بکە بەڵام دڵنیابە" پشتڕاست ناکرێتەوە، دڵنیام کە دۆناڵد ترەمپ بەردەوام دەبێت. ئەو توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و بۆمبی ئێران لەناودەبات، کە هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو دراوسێکانی ناوچەکە و تەنگەی هورمزیش دەکاتەوە، تاوەکو چیدیکە ئابوورییەکانی جیهان لەلایەن دیکتاتۆرە نابەرپرسەکانی تارانەوە بە بارمتە نەگیرێن.
 
رووداو: سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، چۆن دەیبینن؟ ئەوان بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان، تەنانەت دوو رۆژ لەمەوبەریش هێرشێکیان کرد؟
 
جۆ ویڵسن: تکایە زانیاریم پێبدەن، چونکە من رێزێکی زۆرم بۆ هەرێمی کوردستان هەیە و دەزانین کوردستان چەندە سەرکەوتووە، دەزانین کە خاڵێکی گەشە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لە سەقامگیری، ئاشتی و خۆشگوزەرانی، ئەمەش دەبێت ببێتە نموونەیەک بۆ تەواوی وڵاتەکە، بەڵام هەر زانیارییەک هەیە، تکایە پێمبدەن، چونکە من زۆر سوپاسگوزارم بۆ سەرکەوتنی بەردەوامی هەرێمی کوردستان.
 
رووداو: دوێنێ لە کاتی دانیشتنێکدا، بینیم لە تەنیشت کۆنگرێسمان تێرنەرەوە دانیشتبوون کاتێک پرسیاری لە بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری کرد سەبارەت بە بودجەی هێزەکانی پێشمەرگە و جێگری وەزیری بەرگری گوتی، پێشوازی لە هەر بودجەیەک دەکەن بۆ پێشمەرگەی کوردستان، ئەگەر کۆنگرێس بیەوێت وا بکات، ئایا هیچ هەموارێک دەخەنە سەر بودجەی بەرگری بۆ یارمەتیدانی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان؟
 
جۆ ویڵسن: ئێمە هەموو شتێک کە بتوانین لەبەرچاوی دەگرین – بێگومان پشتیوانی لە دۆستانی سەقامگیری، ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەین و لەگەڵ کۆنگرێسمان و سەرۆکی لیژنە مایک تێرنەر کاردەکەم. ئەو بەڕاستی پشتیوانێکی سەرسەختە لەپێناو ئازادی و دیموکراسی لە جیهاندا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا

روبیۆ بەڵێنی قۆناخێکی نوێ بە خەڵکی کوبا دەدات و هێرش دەکاتە سەر سەرکردایەتیی وڵاتەکە

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیامێکی ڤیدیۆیی تایبەتدا "رێگایەکی نوێ"ـی پێشکێشی کوبییەکان کرد. لەلایەکی دیکە، چاوەڕوان دەکرێ واشنتن بەفەرمی تۆمەتی تاوانکاری ئاراستەی رائول کاسترۆ، سەرکردەی پێشووی دوورگەکە بکات.