شی و پووتین پەیوەندییەکانیان بە 'پتەو' وەسفکرد و رەخنەیان لە سیاسەتی 'تاکلایەنە' گرت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شی جینپینگ لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، پەیوەندییە "پتەو"ـەکانی چین و رووسیای بەرز نرخاند، چەند رۆژێک دوای سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ بەیژینگ، هەردوو سەرکردەکە بۆ جەختکردنەوە لەسەر هاوپەیمانێتییەکەیان کۆبوونەوە .ئەم سەردانە لە کاتێکدایە، رووسیا بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە، زیاتر پشتی بە چین بەستووە کە کڕیاری سەرەکیی نەوتەکەیەتی.
 
رۆژی چوارشەممە، 20-05-2026، پووتین لە دەرەوەی هۆڵی گەورەی گەل لە بەیژینگ لەلایەن شی جینپینگەوە بە شێوازێکی زۆر هاوشێوەی پێشوازییەکەی ترەمپ لە هەفتەی رابردوودا، بە گۆرانیی منداڵان و مۆسیقای سەربازییەوە، پێشوازیی لێکرا.
 
زمانێکی گەرمتر و رەخنە لە ئەمریکا
 
زمانی گفتوگۆکان زۆر گەرمتر بوو. بەگوێرەی میدیای فەرمیی چین، شی جینپینگ بە سەرۆکی رووسیای راگەیاند، بەیژینگ و مۆسکۆ "بەردەوام متمانەی سیاسیی هاوبەش و هاوئاهەنگیی ستراتیژییان قووڵکردووەتەوە، بە خۆڕاگرییەک کە پتەو ماوەتەوە."
 
لە دەستپێکی گفتوگۆکاندا، هەردوو سەرکردەکە بەخێرایی ستایشی پەیوەندییە تایبەتەکانی وڵاتەکانیانیان کرد و پەیماننامەی "هاوکاریی دۆستانە"ـیان درێژکردەوە.
 
پووتین، بە ئاماژەدان بە دەستەواژەیەکی چینی، بە شیی گوت: "رۆژێک دابڕان وەک سێ پاییز وایە" و گوتی، سەرەڕای "هۆکارە دەرەکییە نالەبارەکان،" پەیوەندییەکان گەیشتوونەتە "ئاستێکی بەرزی بێوێنە."
 
لە ئاماژەیەکی رووندا بۆ ئەمریکا، شی جینپینگ هۆشداری دا لە "رەوتە دژەکانی تاکلایەنە و هەژموونگەرانە کە بە شێوەیەکی فراوان بڵاوبوونەتەوە."
 
بە پێچەوانەی سەردانەکەی ترەمپەوە کە کەمترین راگەیاندنی لێکەوتەوە، پووتین و شی رۆژی چوارشەممە زنجیرەیەک رێککەوتنیان لە بواری بازرگانی، میدیا و وزەدا واژۆ کرد.
 
دواتر هەردوو سەرکردەکە بەدەم خواردنەوەی چاوە گفتوگۆیان کرد، کە کرێملن پێشتر رایگەیاندبوو، دانیشتنەکە بۆ "گرنگترین پرسەکان"ـی وەک ئۆکراینا، ئێران و پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا تەرخان دەکرێت. ئەو دانیشتنە نزیکەی کاژێر و نیوێکی خایاند.
 
شڕۆڤەکاران پێیانوابوو پووتین سەردانەکەی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی پێشکەوتن لە پرۆژەی (هێزی سیبیریا 2)ـدا بەدەستبهێنێت، کە بۆرییەکی گەورەی گازی سرووشتییە لە رووسیاوە بۆ چین.
 
دمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن رایگەیاند، هەرچەندە هەردوولا گەیشتوونەتە "تێگەیشتنێکی بنەڕەتی" لەسەر رێڕۆی بۆرییەکە، بەڵام "هیچ خشتەیەکی کاتیی روون" نییە و "هێشتا هەندێک وردەکاری ماون."
 
پووتین رایگەیاند: "رووسیا و چین چالاکانە لە کەرتی وزەدا هاوکارن. بێگومان ئامادەین لە دابینکردنی هەموو ئەم جۆرە سووتەمەنیانە بۆ بازاڕی چین بەردەوام بین."
 
لەبارەی ئێران و ئۆکراینا، خاڵی لەپێشینەی بەیژینگ و مۆسکۆ جیاوازن. شی جینپینگ بە پووتینی راگەیاند، "ئاگربەستێکی گشتگیر بەپەلەترین پێویستییە، دەستپێکردنەوەی شەڕ و پێکدادانەکان نەگونجاوە و هێشتنەوەی دانوستاندنەکان گرنگە."
 
لەسەر پرسی ئۆکراینا، میدیای فەرمیی چین رایگەیاند، هەردوو سەرکردەکە گفتوگۆیان لەسەر کردووە، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بخاتەڕوو.
 
پووتین رایگەیاند، رووسیا و چین "بە سیاسەتێکی دەرەوەی سەربەخۆ و سەروەر پابەندن." رووسیا رایگەیاند، "بە ئەرێنی هەڵوێستی بێلایەنانەی لایەنی چینی سەبارەت بە دۆخی ئۆکراینا هەڵدەسەنگێنێت و بۆ بینینی رۆڵێکی بنیاتنەر پێشوازی لە خواستی چین دەکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا

روبیۆ بەڵێنی قۆناخێکی نوێ بە خەڵکی کوبا دەدات و هێرش دەکاتە سەر سەرکردایەتیی وڵاتەکە

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیامێکی ڤیدیۆیی تایبەتدا "رێگایەکی نوێ"ـی پێشکێشی کوبییەکان کرد. لەلایەکی دیکە، چاوەڕوان دەکرێ واشنتن بەفەرمی تۆمەتی تاوانکاری ئاراستەی رائول کاسترۆ، سەرکردەی پێشووی دوورگەکە بکات.