سێ سەرۆک و یەک شکست؛ چۆن ئێران گەیشتە لێواری بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی؟

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەکار عەلی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆژنامەیەکی ئەمریکی لە راپۆرتێکی شیکاریدا دەڵێ، دۆناڵد تره‌مپ رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی گەورە بووەتەوە کە بەشێکی بە دەستی خۆی دروست بووە، ئەویش بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و ئەو "چیا گەورەیەیە" لە یۆرانیۆمی پیتێندراو کە تاران ئامادە نییە رادەستی بکات. بەپێی راپۆرتەکە، سێ سەرۆکی یەک لە دوای یەکی ئەمریکا نەیانتوانی رێگری لە ئێران بکەن تاوەکو نەگاتە لێواری دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی.
 
رۆژنامەی (وۆڵ ستریت) ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە ساڵی 2018ـەوە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزکردووەتەوە، رێک دوای ئەوەی تره‌مپ لە رێککەوتنی ئەتۆمی 2015ی نێوان ئەمریکا و ئێران کشایەوە. دواتر لە سەردەمی جۆ بایدن و خولی دووەمی تره‌مپدا، تاران برەوی بە کارەکانی دا و گەیشتە ئاستی بەرهەمهێنانی بڕێک لە یۆرانیۆم کە تەنیا هەنگاوێکی مابوو ببێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی. ئێستا ئامانجی سەرەکیی تره‌مپ ئەوەیە دڵنیا بێتەوە کە تاران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام نە گوشارە ئابوورییەکانی پێشوو و نە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل، نەیانتوانیوە ئێران ناچار بکەن دەست لە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی هەڵبگرێ.
 
هەڵەی سەرۆکەکان 
 
رۆژنامەکە دەڵێ، شکستی کۆنترۆڵکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران تەنیا تره‌مپ هۆکار نییە. رێککەوتنەکەی باراک ئۆباما لە ساڵی 2015 تەنیا پیتاندنەکەی بۆ ماوەیەکی کاتی دواخست. گاری سامۆر، پسپۆڕی چەکی کۆمەڵکوژ، بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە: "یەکەم هەڵە کشانەوەی تره‌مپ بوو لە رێککەوتنەکە. دووەم هەنگاویش رەتکردنەوەی پێشنیازەکەی ئیدارەی بایدن بوو لە ساڵی 2022 لەلایەن ئێرانەوە بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەکەی ساڵی 2015." 
 
ئێستا ئێران لە چ ئاستێکدایە؟
 
وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا ئێران خاوەنی 10 تۆن یۆرانیۆمی پیتێنراوە کە بەشی دروستکردنی نزیکەی 11 بۆمبی ئەتۆمی دەکات. گەورەترین نیگەرانیی ئەمریکا ئەو 453 کیلۆیە یۆرانیۆمەیە کە بە رێژەی 60٪ پیتێنراوە و تەنیا چەند هەفتەیەکی پێویستە تاوەکو بگاتە ئاستی 90٪ کە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی پێویستە. هەرچەندە ئیسرائیل زۆرێک لە زانا ئەتۆمییەکانی ئێرانی کوشتووە، بەڵام تاران هێشتا زانستەکەی لایە و دەتوانێت هەر کاتێک بیەوێ بۆمبەکە دروست بکات.
 
ستراتیژیی نوێی تیمی تره‌مپ بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف، تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو نەبووە. تیمەکە داوا دەکات ئێران بە تەواوی واز لە پیتاندن بهێنێت، بەڵام تره‌مپ لەم دواییانەدا کەمێک مەرجەکانی سووککردووە و دەڵێ، با ئێران تەنیا بۆ 20 ساڵ پیتاندن رابگرێ.
 
رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 کە بە "جەی سی پی ئۆ ئەی" ناسراوە، بناخەی سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بوو. بەپێی ئەو رێککەوتنە، دەبوو ئێران بۆ 15 ساڵ تەنیا بڕێکی کەم یۆرانیۆم بە رێژەی 3.67٪ بپیتێنێت. بەڵام تره‌مپ لە ساڵی 2018دا لێی کشایەوە و سیاسەتی "گوشاری زۆرینە"ی گرتەبەر تاوەکو تاران ناچاری رێککەوتنێکی تووندتر بکات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شەقامێکی تۆکیۆ

ژمارەی گەشتیارانی ژاپۆن کەمی کردووە

رۆژی چوارشەممە داتای فەرمی پیشانی دا، دوای ئەوەی لە مانگی نیساندا ریکۆردی شکاند، ژمارەی ئەو گەشتیارانەی سەردانی ژاپۆن دەکەن کەمیکردووە، ئەوەیش بەهۆی کەمبوونەوەی سەردانیکارانی چینی و هەڵوەشانەوەی گەشتی گەشتیارانەوە لەبەر شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.