موجاهدینی خەڵکی ئێران: پۆلیسی ئەلبانیا هێرشیکردووەتە سەر بنکەی سەرەکیمان

20-06-2023
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی موجاهدینی خەڵکی ئێران رایگەیاند، پۆلیسی ئەلبانیا هێرشی کردووەتە سەر بنکەی سەرەکیی ئەو رێکخراوە لەو وڵاتە و ئەندامێکیان کوژراوە.
 
سکرتاریەتی ئەنجوومەنی نیشتمانیی بەرگریی ئێران سەر بە موجاهدینی خەڵک لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، بەیانیی رۆژی سێشەممە نزیکەی هەزار پۆلیسی ئەلبانیا هێرشیانکردووەتە سەر بنکەی سەرەکیی ئەو رێکخراوە لە نزیک تیرانای پایتەختی ئەلبانیا و دەرگەکانی بنکەکەیان شکاندوون و دەستیان بەسەر هەندێک لە شتومەکی نێو بنکەکەدا گرتووە. دەشڵێت، بەهۆی ئەو هێرشەوە ئەندامێکیان کوژراوە و زیاتر لە 100 کەس برینداربوون.
 
موجاهدینی خەڵک، حکومەتی ئەلبانیا بەوە تۆمەتبار دەکات، لەسەر داوای ئێران هێرشیکردووەتە سەر بنکەکەیان.
 
تاوەکو ئێستا حکومەت و پۆلیسی ئەلبانیا لەبارەی هۆکاری چوونی پۆلیس بۆ بنکەی موجاهدینی خەڵک هیچیان رانەگەیاندووە.
 
لە یەک مانگی رابردوودا لە پاریسی پایتەختی فەرەنساش دووجار هێرش کراوەتەسەر بنکەکانی رێکخراوی موجاهدینی خەڵکی ئێران.
 
دوای ئەوەی لەنێوان ساڵەکانی 2009 بۆ 2015 چەندینجار هێرشکرایە سەر بنکەی سەرەکیی رێکخراوی موجاهدینی خەڵکی ئێران لە عێراق، ئەندامانی ئەو رێکخراوە ساڵی 2016 گواسترانەوە بۆ ئەلبانیا و لە کەمپێکدا نیشتەجێ کران.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە