جیهان
سەلوان مۆمیکا لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم بێڕێزی بە قورئان دەکات. وێنە: Oscar Olsson / TT NEWS AGENCY / AFP
رووداو دیجیتاڵ
جارێکی دیکە سوێد مۆڵەتی بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز دا و دووبارە بێڕێزیی بە "پەرتووکە ئاسمانییەکە" کرا، ئەوەش ناڕەزایی و تووڕەیی موسڵمانانی لێ کەوتەوە و چەندین پرسیاری لە نێوخۆی سوێددا دروستکرد، لەوانەش کە بۆچی ئەو جۆرە کارانە رێگەپێدراون.
لە دوایین رووداوی لەو شێوەیەدا، پەنابەرێکی عێراقی بە ناوی سەلوان مۆمیکا کە تەمەنی 37 ساڵە، رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ هاوڕێیەکی، لە بەرامبەر باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم، بە ژێرپێخستن و فڕێدان، بێڕێزیی بەرامبەر بە قورئانی پیرۆز کرد.
پۆلیسی سوێد مۆڵەتی ئەو کارەیان پێ دابوو و پاسەوانییان دەکرد بۆ ئەوەی خۆپێشاندەرانی دژبەر هێرشیان نەکەنەسەر.
هەمان ئەو پەنابەرە عێراقییە مانگی رابردوو لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا، لە بەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵم، کۆپیێکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، کە ئەوەش هەر لەژێر مۆڵەت و پاراستنی پۆلیسی سوێددا کرا. لە سەرەتای ئەمساڵیش، کەسێکی تووندڕۆی دانیمارکی، لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵم، کۆپیێکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.
سووکایەتیکردن بە قورئان و کتێبە ئاسمانییەکان لە سوێد رێگەپێدراوە؟
سوێد هیچ یاسایێکی نییە کە سووتاندن و بێڕێزیکردن بە قورئانی پیرۆز یان پەرتووکە ئاسمانییەکانی دیکە قەدەخە بکات.
بەڵام پێشتر بەو شێوەیە نەبوو، تاوەکو سەدەی 19یەمیش، لە سوێد "کوفرکردن" بە تاوانێکی گەورە دەبینرا و سزاکەی مەرگ بوو، بەڵام دواتر، تاوەکو دەهات سوێد سێکیولارتر دەبوو و قۆناخ بە قۆناخ "یاساکانی کوفرکردن"ـی هەڵوەشاندنەوە و داوایین یاسای لەو جۆرە لە ساڵی 1970 لابرا.
دامودەزگاکانی سوێد دەتوانن رێگری لەو جۆرە کارانە بکەن؟
زۆر وڵاتی زۆرینە موسڵمان داوایان لە حکومەتی سوێد کردووە رێگری لە سووتاندنی قورئانی پیرۆز بکەن، بەڵام مۆڵەتی ئەو جۆرە کارانە لە سوێد، لە دەستی پۆلیسدایە، نەک حکومەت.
دەستووری سوێد پارێزگاری لەو کارانە دەکات کە بە "ئازادیی رادەربڕین" ناودەبرێن. پۆلیس پێویستی بەوەیە هۆکارێکی دەستووری بهێنێتەوە بۆ ئەوەی رێگری لە خۆپێشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی یان هەر چالاکیێکی دیکە بکات، بۆ نموونە، هەبوونی مەترسی بۆ سەر ژیانی خەڵک.
پۆلیسی سوێد مانگی شوباتی ئەمساڵ وایکرد، کاتێک کە رێگەی بە دوو کەس نەدا قورئانی پیرۆز بسووتێنن، چونکە بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی سوێد، ئەو کارانە مەترسیی هێرشی لە دژی سوێد زیاد دەکرد، بەڵام دواتر دادگە ئەو بڕیارەی پۆلیسی رەتکردەوە و گوتی پێویستە پۆلیس هۆکارێکی بەهێزتری هەبێت بۆ قەدەخەکردنی ئەو کارە.
بۆچی سوێد سووتاندنی قورئان بە رق و کینە دانانێت؟
یاساکانی سوێد بڵاوکردنەوەی رق و کینە لە دژی خەڵک لەسەر بنەمای نەژاد، نەتەوە، ئایین، ئاراستەی سێکسی و یان رەگەز قەدەخە دەکەن.
بەشێکی خەڵکی نێو سوێد دەڵێن، سووتاندنی قورئانی پیرۆز تووندوتیژییە لە دژی موسڵمانان، بۆیە پێویستە وەکو رق و کینە سەیر بکرێت. بەشێکی دیکەیان دەڵێن، ئەو جۆرە کارانە ئایینی ئیسلام دەکەنە ئامانج نەک بڕوادارانی ئایینەکە و رەخنەگرتن لە ئایین پێویستە بخرێتە خانەی ئازادیی رادەربڕینەوە، تەنانەت ئەگەر بۆ هەندێک خەڵک بێزارکەریش بێت.
بە پشتبەستن بە سیستمی دادوەری، پۆلیسی سوێد تۆمەتی بڵاوکردنەوەی رق و کینەی ئاراستەی سەلوان مۆمیکا کردووە. ئێستا بڕیارەکە لە دەستی داواکاری گشتیی ئەو وڵاتەدا ماوەتەوە، کە ئایا بە فەرمی تۆمەتباری دەکات یان نا.
ئایا سوێد رێگەدەدات سووکایەتی بە ئاینەکانی دیکەش بکرێت؟
بەشێک لە موسڵمانانی سوێد کە بەهۆی بێڕێزیکردن بە قورئانی پیرۆز دڵگرانن، دەپرسن کە ئایا پۆلیسی سوێد رێگە بە بێڕێزیکردن بە پەرتووکە پیرۆزەکانی دیکەش دەدات یان نا.
کەسێکی بە رەچەڵەک سووری بە ناوی ئەحمەد عەلووش ویستی پۆلیسی سوێد بخاتە بەردەم ئەو ئەزموونە و داوایکرد کە شەممەی رابردوو لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە پایتەختی سوێد تەورات و ئینجیل بسووتێنێت.
وێڕای ئەوەی کە حکومەتی ئیسرائیل و گرووپە جووەکان سەرکۆنەی پلانەکەیان کرد و داوایان لە سوێد کرد بیوەستێنن، پۆلیس داواکاریی عەلووشی پەسەندکرد، بەڵام پیاوە موسڵمانەکە رایگەیاند، نایەوێت ئەو کارە بکات، چونکە ئەو دژی سووتاندنی هەر پەرتووکێکی پیرۆزە، بەڵکو ویستوویەتی تەنیا لە رێگەی راگەیاندنی ئەو پلانەوە سەرنجی رای گشتی بۆ خۆی رابکێشێت تاوەکو پەیامێک دژی سووتاندنی قورئانی پیرۆز بگەیێنێت.
لە وڵاتانی دیکە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو کارانە دەکرێت؟
لە زۆر لە وڵاتان "کوفرکردن" بە تاوان دادەنرێت. لێکۆڵینەوەیەکی ناوەندی Pew ئاشکرایکرد کە لە کۆی 198 وڵات، 79یان یاسای "قەدەخەکردنی کوفرکردن"ـیان هەیە و لە لانیکەم حەوت وڵات، سزاکەی مەرگە، لەوانەش ئەفغانستان، بروونی، ئێران، موریتانیا، نایجێریا، پاکستان و سعودیە.
لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا، لە 20 لەو وڵاتانەی لێکۆڵێنەوەی لەسەر کراوە، 18یان کوفرکردن بە تاوان ناساندووە، هەرچەندە زۆربەی کات سزاکەی مەرگ نییە.
لە عێراق، بێڕێزیکردن بە هێما یان کەسایەتییە پیرۆزەکان، تاوانە و سزاکەی تاوەکو سێ ساڵ بەندکردن دەڕوات، لە لوبنانیش بە هەمانشێوەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ