رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەیەکی حاکمی ویلایەتەکانی ئەمریکا لە کۆشکی سپی، مشتومڕ لەنێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جانێت میڵز، حاکمی ویلایەتی مەین کە لە پارتی دیموکراتە، دروستبوو. بابەتەکەش لەسەر رەگەزگۆڕاوەکانی ئەو ویلایەتە بوو.
ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی کردووە، ئەگەر ئەو وەرزشڤانانەی پێشتر پیاو بوون و ئێستا رەگەزی خۆیان گۆڕیوە، بەردەوام بن لە بەشداریکردن لە وەرزشی ژناندا، بودجەی فیدراڵی بۆ ئەو ویلایەتە رادەگرێت.
لە بەرامبەردا میڵز بە ترەمپ دەڵێ "لە دادگە دەتبینینەوە." ترەمپیش لە وەڵامدا دەڵێ پێیوایە بەهۆی ئەوەی فەرمانی سەرۆکی ئەمریکای رەتکردووەتەوە، "ژیانی سیاسی"ـی کۆتایی پێدێت.
ئەو رووداوە رۆژی هەینی 21-02-2025 روویداوە. دوای ئەوە، وەزارەتی پەروەردەی ئەمریکا رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە پەروەردەی ویلایەتی مەین دەکات، بۆ ئەوەی بزانن رەگەزگۆڕاوەکان لە وەرزشی ژناندا بەشدارن یان نا.
ترەمپ لەکاتی پێشوازیکردن لە حاکمەکانی وڵاتەکەی، باسی فەرمانێکی جێبەجێکاری لەبارەی وەرزشڤانە رەگەزگۆڕاوەکان کردووە، کە لە سەرەتای ئەم مانگە واژۆی کردبوو. لە قسەکانیدا، سەرنجێکی تایبەتی خستووەتەسەر میڵز.
گفتوگۆکە بەمجۆرە بووە:
- ترەمپ: حاکمی مەین لێرەیە؟
- میڵز: لێرەم.
- ترەمپ: بەنیازنیت پابەندی فەرمانەکە بیت؟
- میڵز: من، پابەندی یاسای فیدراڵی و دەوڵەتم.
- ترەمپ: ئێمە یاسای فیدراڵین. لەوانەیە مەین ویلایەتێکی دیموکرات بێت، بەڵام زۆربەی دانیشتووانەکەی هاوڕای منن لەسەر ئەم بابەتە.
- میڵز: یاساکە جێبەجێ دەکەین.
- ترەمپ: بەڵێ وا باشترە بیکەن، ئەگەرنا هیچ پارەیەکی فیدراڵیتان بۆ دابین ناکرێت.
- میڵز: لە دادگە دەتبینینەوە.
- ترەمپ: باشە، من تۆ لە دادگە دەبینمەوە. چاوەڕێی ئەوە دەبم. ئەوەش زۆر ئاسان دەبێت. جەنابی حاکم، چێژ لە ژیانیشت ببینە چونکە پێموانییە تۆ جارێکی دیکە بەشداری لە هەڵبژاردن دا بکەیت.
دوای کۆبوونەوەکە، میڵز رایگەیاند، لەگەڵ داواکاری گشتیی مەین کار دەکات بۆ ئەوەی لە دادگە بەرگری لە ویلایەتەکەیان بکات.
میڵز هەروەها گوتی، پێدەچێت ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بڕیاری لەسەر دراوە. "ئەوەی دەکرێت لە دەرەوەی وەرزشە و بۆ سەپاندنی خواستی سەرۆکە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی سەروەریی یاسا. پێموایە ناتوانێت ئەوە بکات."
جانێت میڵز کە لە 2019ـەوە ئەو پۆستەی هەیە، گوتی لە هەڕەشەکانی ترەمپ ناترسێت.
سەرۆکی ئەمریکا شەوی پێنجشەممە لەکاتی قسەکردنی بۆ چەند حاکمێکی پارتی کۆماری، هەڕەشەیەکی هاوشێوەی کردبوو. ترەمپ گوتبووی "گوێم لێبووە هێشتا پیاوان لە مەین [لە بەشی وەرزشیی ژناندا] یاریی دەکەن. مادام وایە، ئێمەش هیچ پارەیەکی دەوڵەتیان بۆ تەرخان ناکەین، هیچ پارەیەک، تاوەکو ئەوان ئەو شتە خاوێن دەکەنەوە."
کۆمەڵەی بەڕێوەبەرانی ویلایەتی مەین (The Maine Principal's Association) کە چاودێریی بەشی وەرزشیی قوتابخانە ئامادەییەکانی ویلاتەکە دەکات، سەرەتای ئەم مانگە رایگەیاند، رێگە بە رەگەزگۆڕاوەکان دەدەن بەشداری لە وەرزشی کچان و ژناندا بکەن.
مایک بێرنهام، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵەکە رایگەیاند، ئەوان پابەندی یاسای مەین بۆ مافەکانی مرۆڤ دەبن، "کە تێیدا هاتووە؛ نابێت لەسەر بنەمای رەگەز، هیچ جیاکارییەک بکرێت."
نووسینگەی مافە مەدەنییەکانی وەزارەتی پەروەردەی ئەمریکا، نامەیەکی بۆ کۆمیسیاری پەروەردەی ویلایەتی مەین ناردووە و پێیڕاگەیاندووە، لێکۆڵینەوە "لەو دەنگۆیانە دەکەن، کە پەروەردەی ویلایەتەکە رێگە بە وەرزشڤانە کوڕ و پیاوەکان دەدات بەشداری لە وەرزشی کچاندا بکەن. بەتایبەت ئەو پێشبڕکێ و وەرزشانەی لە نێوان قوتابخانەکاندا دەکرێت."
بەگوێرەی کۆمەڵەی رێکخستنی چالاکییە وەرزشییەکانی ئەمریکا، کەمتر لە 10 قوتابی لەو وڵاتە کە رەگەزی خۆیان گۆڕیوە بەشداریی پێشبڕکێیە وەرزشییەکان دەکەن.
لە 50 ویلایەتی ئەمریکا 25ـیان کە لەلایەن پارتەکەی ترەمپەوە سەرۆکایەتی دەکرێن، یاسای رێگری لە بەشداری یاریزانە رەگەزگۆڕاوەکانیان لە چالاکییە وەرزشییەکان پەسندکردووە.
بەگوێرەی دوایین راپرسی میدیای ئەمریکیش، زۆرینەی ئەمریکییەکان دژایەتیی بەشداریکردنی یاریزانە رەگەزگۆڕاوەکان لە چالاکییە وەرزشییەکان دا دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ