رووداو دیجیتاڵ
لە واشنتنەوە بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە رووسیا وێنەی سەتەلایتیی سەرجەم دامەزراوەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەداتە ئێران، هەروەها درۆن و مووشەکیش بۆ ئەو وڵاتە دەنێرێت.
ستیڤن ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، رایگەیاند کە بە تووندی هۆشداریی داوەتە بەڕێوەبەرایەتیی رووسیا کە دەبێت پشتگیریکردنی ئێران رابگرن. لە بەرامبەردا، کریملین ئەو بانگەشانە وەک پڕوپاگەندە و چەواشەکاری (مانۆڕی سیاسی) وەسف دەکات و دەڵێت، پێویست نابینن وەڵامی یەک بە یەکی ئەم بانگەشانە بدەنەوە.
لەبارەی پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و تارانەوە، فیۆدۆر لوکیانۆڤ، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سەرۆکی بەرنامەکانی یانەی ڤاڵدای دەڵێت: "ئەو رێککەوتنەی رووسیا و ئێران ساڵی رابردوو واژۆیان کردووە، زۆر بە وریایی داڕێژراوە و تێیدا رووسیا پابەند نەکراوە کە لە کاتی جەنگدا هاوکاریی سەربازیی ئێران بکات. بەڵام ئایا رووسیا دەیەوێت هاوکاریی بکات؟ بە بڕوای من، لەم پرسەدا هەڵوێستی سەرکردایەتیی رووسیا کەمێک ئاڵۆزە. بۆچی؟ چونکە جیا لە ئێران، رووسیا پەیوەندیی زۆر نزیکی لەگەڵ زۆربەی وڵاتان و ئەکتەرەکانی ناوچەکەدا هەیە، بەتایبەتی لەگەڵ پاشایەتییەکانی کەنداو. لەبەر ئەوەی ئەو وڵاتانە لە بەرەیەکی دژ بە ئێراندا دەوەستن و رووسیاش گرنگییەکی زۆر بە پەیوەندییەکانی لەگەڵیان دەدات؛ هەر بۆیە لێرەدا هاوسەنگییەکی زۆر ناسک هەیە و دەبێت رووسیا ئەو هاوسەنگییە لەبەرچاو بگرێت."
لە لایەکی دیکەوە، بەپێی بانگەشەکان، بەهۆی ئەوەی پێشتر ئێران درۆنەکانی (شاهید)ـی دەدا بە رووسیا، ئێستا رووسیا بووەتە بەرهەمهێنەری سیستمە بێفڕۆکەوانەکان و ئەمجارە درۆنە جەنگییەکانی خۆی بۆ ئێران دەنێرێت. هەروەها باس لەوە دەکرێت کە رووسیا و ئێران ئێستا هاوکاریی یەکتر دەکەن بۆ پەرەپێدانی سیستمە بێفڕۆکەوانە نوێیەکان کە کاریگەر و هەرزانن.
کۆنستانتین سیڤکۆڤ، پسپۆڕی سەربازی و ئەدمیراڵی هێزە دەریاییەکان، ئاماژە بە هۆکارەکانی ئەو هاوکارییە دەکات و دەڵێت: "ئەوە راستییەکە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەورووپا لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا لە رێگەی ئۆکرایناوە شەڕ دژی رووسیا دەکەن و چەک و تەقەمەنی دەدەنە ئۆکراینا. هەر بۆیە، بەڵێ، رووسیا هاوکاریی ئێران دەکات. ئەمە جێگەی گومان نییە و هەمووانیش تا رادەیەک دانی پێدا دەنێن، تەنیا شێوازی هاوکارییەکە ئاشکرا ناکرێت. ئەگەر ئێران بڕووخێت، یان ئەگەر لەوێ دەسەڵات بۆ رژێمێکی لایەنگری ئەمریکا بگۆڕدرێت، ئەوا بۆ رووسیا دەبێتە سەرەتای ئاڵۆزییەکی زۆر گەورە لە باشووری قەفقاز و لەوێشەوە بۆ ناوچەکانی باکووری قەفقازی رووسیا بڵاو دەبێتەوە."
لە کۆتایی ساڵی 2025ـدا بە فەرمی راگەیێندرا کە لەنێو سوپای رووسیادا "هێزەکانی سیستمی بێفڕۆکەوان" دامەزراوە. ئاشکرا بووە کە وەزارەتی بەرگریی رووسیا پلانی هەیە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026، 78 هەزار و 800 کارمەند بۆ هێزەکانی سیستمی بێفڕۆکەوان دابمەزرێنێت. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە سیستمە بێفڕۆکەوانەکان، رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت و شێوازی شەڕ و هەمیش سیستمی سوپاکان دەگۆڕن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ