دانوستاندنی ئەتۆمی بە ئامانجی لاوازەوە لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێ

19 خولەک له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە ئەمڕۆ هەینی، وڵاتانی واژۆکاری پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) دەقێکی زۆر لاواز پەسند بکەن بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندبوونیان بە رێککەوتنەکە یانیش جارێکی دیکە لە گەیشتن بە رێککەوتن شکست بهێنن.
 
ئەمە دوای چوار هەفتە لە گفتوگۆ و دانوستاندن دێت بۆ پێداچوونەوە بەو پەیماننامەیەی کە بە بەردی بناخەی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی دادەنرێ. ئەمەش لە کاتێکدایە کە مەترسیی هەیە کێبڕکێی وڵاتان بۆ خۆپڕچەککردن دەستپێبکاتەوە، بەتایبەتی دوای شکستهێنانی کۆنفڕانسەکانی پێداچوونەوە لە ساڵانی 2015 و 2022.
 
ریچارد گۆوان، شرۆڤەکار لە گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکات، دەقی رەشنووسی پەیماننامە هەموارکراوەکە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخ و مەترسیی ململانێکانی ئێستا لاوازە، لەنێویاندا دۆخی کۆریای باکوور و ئێران.
 
نوێترین وەشانی دەقەکە تەنیا ئاماژە بەوە دەکات کە دەبێت تاران "هەرگیز" چەکی ئەتۆمی دروست نەکات. بەڵام ئەم دێڕەش خراوەتە نێو کەوانەوە، کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی هێشتا ناکۆکی لەسەرە. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئەو دەستەواژەیەی لە رەشنووسی یەکەمدا هەبوو و باسی لە "پابەندنەبوونی" ئێران دەکرد بە ئەرکەکانی، لابراوە.
 
هەروەها، لە دەقە نوێیەکەدا دەربڕینی نیگەرانییەکان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆریای باکوور یان تەنانەت هەر ئاماژەیەک بۆ "داماڵینی چەکی ئەتۆمی" لە نیمچە دوورگەی کۆریا سڕدراوەتەوە. هاوکات ئەو داواکارییە راستەوخۆیەش لابراوە کە ئاراستەی ئەمریکا و رووسیا کرابوو بۆ دەستپێکردنی دانوستاندن لەسەر جێگرەوەیەک بۆ پەیماننامەی نیو ستارت بۆ سنووردارکردنی کۆگاکانی چەکی هەردوو وڵات، کە لە مانگی شوباتدا وادەکەی کۆتایی هات.
 
بەپێی ئامارەکانی پەیمانگەی توێژینەوەی ئاشتیی نێودەوڵەتیی ستۆکهۆڵم (SIPRI)، تاوەکو کانوونی دووەمی 2025، هەر نۆ وڵاتە ئەتۆمییەکە کە بریتین لە (رووسیا، ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، چین، هیندستان، پاکستان، ئیسرائیل و کۆریای باکوور)، خاوەنی 12 هەزار و 241 کڵاوەی ئەتۆمی بوون، کە 90٪ـیان لە دەستی ئەمریکا و رووسیادان. هەروەها هەندێک لە وڵاتان سەرقاڵی سەردەمیانەکردنی چەکەکانیانن، یانیش ژمارەیان زیاد دەکەن.
 
پەیماننامەی (NPT) کە لە ساڵی 1970ـەوە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە و لەلایەن زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانەوە واژۆ کراوە بەدەر لە چەند وڵاتێک وەک ئیسرائیل، هیندستان و پاکستان، ئامانجی رێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، بەهێزکردنی داماڵینی تەواوەتیی چەک و هاندانی هاوکاری بۆ بەکارهێنانی ئاشتییانەی وزەی ئەتۆمی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یانێز یانشای، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤێنیا. وێنە: JURE MAKOVEC / AFP

هاوپەیمانەکەی ترەمپ بە سەرۆکوەزیرانی سلۆڤێنیا هەڵبژێردرایەوە

پەرلەمانی سلۆڤێنیا ئەمڕۆ هەینی دەنگی دا بە گەڕانەوەی یانێز یانشای نەتەوەپەرست بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران؛ هەنگاوێک کە رەنگە ئەو وڵاتە ئەندامەی یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتەکانی برۆکسل دووربخاتەوە