ئەم ساڵ 48 هەزار کۆچبەر لە هۆڵەندا مافی پەنابەرییان وەرگرتووە

22-12-2023
چەند کۆچبەرێک لە هۆڵەندا.
چەند کۆچبەرێک لە هۆڵەندا.
نیشانەکردن دیاسپۆرا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی هۆڵەندا، ئەم ساڵ نزیکەی 48 هەزار کەس پاسپۆرتی هۆڵەندییان وەرگرتووە. 
 
هەر بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی هۆڵەندا، 35 هەزار کەس لە سەرووی تەمەنی 18 ساڵییەوەن، نزیکەی 13 هەزار کەسیش منداڵن. 
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی دیاسپۆرا، ئەم ساڵ نزیکەی 12 هەزار داواکاریی وڵاتینامە رەتکراونەتەوە. بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو، کۆچبەران کەمتر پاسپۆرتی هۆڵەندییان وەرگرتووە. 
 
پێدەچێت چیدی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی لە هۆڵەندا هێندە ئاسان نەبێت، ئەوەش دوای ئەوەی دوای 13 ساڵ لە فەرمانڕەوایی پارتێکی لیبراڵ، لە ئەنجامێکی پێشبینی نەکراودا کە بە تەقینەوەیەکی سیاسی لە هۆڵەندا و ئەوروپا ناوبرا، پارتێکی تووندی راستڕۆ هەڵبژاردنی گشتیی 22ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵی بردەوە.
 
پارتی ئازادی PVV کە پارتێکی دژە کۆچبەرە، 37 کورسیی پەرلەمانی هۆڵەندای بەدەستهێنا. هێزی دووەم، بە 12 کورسی لە دوایەوە بوو.
 
ئەوەی سەرکردایەتی پارتەکەی کرد بۆ سەرکەوتن، خیرت ڤیڵدەرزە کە بە 'ترەمپی ئەوروپا' ناسراوە. رۆیشتنی کۆچبەرە موسڵمانەکان بۆ وڵاتەکەی بە داگیرکاریی ئیسلامی بۆ سەر هۆڵەندا دەزانێت، پێشتر داوایکردبوو مزگەوتەکان دابخرێن، باڵاپۆشی و قورئانیش قەدەخە بکرێن.
 
خیرت ڤیڵدەرز لەبارەی کۆچبەرانەوە دەڵێت، "ئەمڕۆ لە هۆڵانەدا، هەزاران کۆچبەر لە هەفتەیەکدا دێن. تەنانەت هەندێ گوند لە هۆڵەندا هەن کە تەنیا 600 دانیشتوویان هەیە، بەڵام ناچاربوون زیاتر لە دانیشتووانی خۆیان کۆچبەر وەربگرن. بۆیە خەڵک توڕەیە، خەڵک دەترسن، خەڵک هەندێ سیاسەتی دیکەی دەوێت، بەڵام دەستەبژێرێکی سیاسیمان هەیە کە گوێیان پێ نادات و بەردەوامە لە ئەنجامدانی هەڵە. بۆیە ئەمڕۆ ئەو پارتانەی کە وەکو پارتەکەی منن، وا لە سەرانسەری ئەوروپا زۆر بەهێز دەبن."
 
دوو ملیۆن و 300هەزار هاووڵاتیی هۆڵەندا لەسەر سندووقەکانی دەنگدان پشتیوانییان لەو هزرە دژە کۆچبەرەی خیرت ڤیڵدەرز کرد، لە کاتێکدا کە بە گوێرەی فەرمانگەی ئامارەکانی هۆڵەندا، ساڵی 2022، سەرووی 403 هەزار کۆچبەر چوونەتە ئەو وڵاتە.
 
لە سێ ساڵی پێش ئەوەشدا، زیاتر لە 740 هەزار کۆچبەر چوونەتە ئەو وڵاتە؛ کۆی گشتی دەکاتە زیاتر لە یەک ملیۆن و 100 هەزار، بۆ هۆڵەندا کە ژمارەی دانیشتووانەکەی 17ملیۆن و 500 هەزار کەسە، ژمارەی ئەو کۆچبەرانە کەم نییە و دەکاتە 6.3٪ی کۆی دانیشتووانەکەی.
 
لە کۆی ئەو ژمارەیەی کۆچبەرانیش، لە ساڵی 2022دا 51 هەزار کەس و لە ساڵی 2021دا 56 هەزار کەس وڵاتینامەی هۆڵەندییان وەرگرتووە.
 
بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی 2021ی زانکۆی ئەمستردام، ساڵانە، خەرجیی خزمەتکردنی کۆچبەران بە 17 ملیار یۆرۆ لەسەر حکومەتی هۆڵەندا کەوتووە کە دەکاتە 2.44٪ی داهاتی نێوخۆی وڵاتەکە.
 
هەروەها لەنێوان ساڵانی 1995 بۆ 2019، تێچووی کۆچبەران لەسەر هۆڵەندا 400 ملیار یۆرۆ بووە.
 

 

 

 

 

 

 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە