رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، جۆن فێلان، وەزیری هێزە دەریاییەکانی وڵاتەکەی بە شێوەیەکی کتوپڕ و "دەستبەجێ" پۆستەکەی بەجێهێشتووە؛ ئەمەش لەکاتێکدایە واشنتن لە ناوەڕاستی جەنگێکی یەکلانەبووەوەیە لەگەڵ ئێراندا.
رۆژی چوارشەممە، 22ـی نیسانی 2026، شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، جۆن فێلان ئیدارەی ئێستای ئەمریکا بەجێدەهێڵێت و هەنگ کاو، بریکاری وەزیری هێزی دەریایی، بە وەکالەت لە شوێنەکەی دەستبەکار دەبێت.
پێنتاگۆن هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی هۆکاری لادانی فێلان نەداوە، بەڵام ئەم هەنگاوە دوای دوورخستنەوەی جەنەڕاڵ راندی جۆرج، فەرماندەی هێزە وشکانییەکانی ئەمریکا و دوو ئەفسەری باڵای دیکە دێت لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە کارەکانیان لادران؛ ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمریکا لەگەڵ ئێران لە جەنگدایە.
لە دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە سەرەتای ساڵی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستی بە گۆڕانکاری لەنێو سوپادا کردووە. لە شوباتی 2025، جەنەڕال چارڵز براون، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکای بەبێ ئاماژەدان بە هیچ هۆکارێک لە پۆستەکەی دوورخستەوە
هەریەک لە فەرماندەکانی هێزی دەریایی، پاسەوانی کەناراوەکان، بەڕێوەبەری ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانی (NSA)، جێگری سەرۆکی ئەرکانی هێزی ئاسمانی و چەندین پلەداری دیکەی باڵا لە نێو ناتۆ و بەشە یاساییەکانی سوپا لەلایەن ترەمپەوە لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە.
هاوکات، سەرۆکی ئەرکانی هێزی ئاسمانی و فەرماندەی فەرماندەیی باشووری ئەمریکا (SOUTHCOM) پێشوەختە و پێش کۆتاییهاتنی ماوەی یاساییان، خانەنشینبوونی خۆیان راگەیاندووە.
پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لەبارەی ئەم گۆڕانکارییانەوە دەڵێت، سەرۆک تەنیا ئەو سەرکردانە هەڵدەبژێرێت کە خۆی مەبەستییەتی، بەڵام کۆنگرێسمانە دیموکراتەکان نیگەرانن لەوەی سوپا بە "سیاسی بکرێت" و بێلایەنیی خۆی لەدەست بدات.
ساڵی رابردوو، وەزیری بەرگریی ئەمریکا فەرمانی دا بە کەمکردنەوەی رێژەی 20٪ی ژمارەی جەنەڕاڵ و ئەدمیراڵە چوار ئەستێرەکان، هەروەها کەمکردنەوەی 10٪ی تێکڕای ئەفسەرانی باڵا لە سەرجەم پێکهاتەکانی سوپای ئەمریکادا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ