رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە باڵیۆزانی لوبنان و ئیسرائیل دەکات بۆ دەستپێکردنی گەڕی دووەمی دانوستاندنە رووبەڕووەکان بە مەبەستی درێژکردنەوەی ئاگربەست و دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان لە لوبنان.
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی نیسانی 2026 بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە ئاژانسی "ئەسۆشیەیتد پرێس"ـی راگەیاند، دانوستاندنەکان لە ئاستی باڵیۆزانی هەردوو وڵات لە ئەمریکا، لەنێو کۆشکی سپی دا بەڕێوە دەچن و دۆناڵد ترەمپ راستەوخۆ پێشوازی لە هەردوو نوێنەرەکە دەکات.
ئەمە دووەم کۆبوونەوەی رووبەڕووی نێوان نادیە حەمادە، باڵیۆزی لوبنان و یەحیێل لایتەر، باڵیۆزی ئیسرائیلە لەدوای سێ دەیە لە پچڕانی پەیوەندییەکان.
هەروەها چاوەڕوان دەکرێت، مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەرپەرشتیی دانوستاندنەکان بکات و مایک هەکابی، باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە ئیسرائیلیش بۆ یەکەم جار لە گفتوگۆکان دا بەشدار بێت.
بەگوتەی جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان شاندی وڵاتەکەی داوای درێژکردنەوەی ئەو ئاگربەستە 10 رۆژەییە دەکات کە لە هەینیی رابردووەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەروەها داوای وەستاندنی هێرشەکانی ئیسرائیل، ئازادکردنی زیندانییەکان، کشانەوەی سوپای ئیسرائیل و بڵاوەپێکردنی سوپای لوبنان لەسەر سنوورەکان دەکات.
لە بەرامبەر دا، جدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، کێشەی سەرەکیی نێوان هەردوو وڵات تەنیا "حیزبوڵڵا"یە و داوای لە حکومەتی لوبنان کرد پێکەوە کار بکەن بۆ داماڵینی چەکی ئەو گرووپە. ساعر ئاماژەی بەوە کرد، ئیسرائیل دەیەوێت "ناوچەیەکی دابڕیندراو" بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر لە خاکی لوبنان دا دروست بکات تاوەکو رێگری لە هێرشە مووشەکییەکانی حیزبوڵڵا بۆ سەر وڵاتەکەی بگرێت.
لەلایەکی دیکەوە، وەفیق سەفا، بەرپرسی باڵای مەکتەبی سیاسیی حیزبوڵڵا بە ئاژانسی "ئەسۆشیەیتد پرێس"ـی راگەیاند، گرووپەکەیان پابەندی هیچ رێککەوتنێک نابێت کە لەم دانوستاندنە رووبەڕووانە دا واژۆ بکرێت. ئەمەش لەکاتێکدایە هەردوولا لە ماوەی هەفتەی رابردوو دا چەندین جار ئاگربەستەکەیان پێشێل کردووە.
لە دەستپێکی جەنگی لوبنان لە 2ـی ئاداری 2026ـەوە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل نزیکەی 2 هەزار و 300 کەس لە لوبنان کوژراون و زیاتر لە ملیۆنێک هاووڵاتیی ئاوارە بوون کە دەکاتە 20%ـی کۆی دانیشتووانی ئەم وڵاتە. سوپای ئیسرائیل ناوچەیەکی سنووریی بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر لە باشووری لوبنان کۆنتڕۆڵ کردووە.
ئەمە دووەم گەڕی یەکەم دانوستاندنی راستەوخۆی نێوان هەردوو وڵاتە لەدوای ساڵی 1993ـەوە؛ پێشتر هەموو پەیوەندییەکان ناڕاستەوخۆ و لە رێگەی هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان (یونێفێڵ)ـەوە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ