راپۆرتێک: ترەمپ لەگەڵ گەورە راوێژکارانی بیر لە دەستپێکردنەوەی هێرش بۆ سەر ئێران دەکاتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری دوو بەرپرسی ناونەهێندراوەوە دەڵێت، بەیانیی رۆژی هەینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ تیمی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی لەسەر پرسی شەڕ لەگەڵ ئێران کۆبووەتەوە.
 
بە قسەی ئەو سەرچاوانەی راستەوخۆ قسەیان لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا کردووە، ئەگەر لە دوا ساتدا رێککەوتنێک نەکرێت، "ترەمپ بە جیدی بیر لەوە دەکاتەوە هێرشی نوێ بکاتە سەر ئێران."
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە ترەمپ و سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگادار بە ئەکسیۆسیان راگەیاندووە، لە چەند رۆژی رابردوودا ترەمپ زۆر بێزار و نیگەران بووە لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران.
 
ئەو دوو سەرچاوەیە دەڵێن، رۆژی سێشەممە ترەمپ بە بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی گوتووە، دەیەوێت هەلێکی دیکە بە دیپلۆماسی بدات، بەڵام تاوەکو شەوی پێنجشەممە، زیاتر مەیلی بەلای ئەوەدا بووە فەرمانی هێرشکردن بدات.
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە ترەمپ ئاشکرای کردووە، سەرۆکی ئەمریکا باسی لە ئەگەری ئەنجامدانی پرۆسەیەکی سەربازیی گەورە و "یەکلاکەرەوە" کردووە، کە دواتر بتوانێت سەرکەوتن رابگەیێنێت و کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت؛ بەڵام هێشتا هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئەوەی ترەمپ بڕیاری کۆتایی بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ دابێت.
 
کۆبوونەوەکەی رۆژی هەینیی ترەمپ لە کاتێکدا بوو کە عاسیم مونیر، سوپاسالاری پاکستان سەردانی تارانی کرد؛ ئەمەش وەک دوا هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان و رێگریکردن لە دەستپێکردنەوەی شەڕ. رۆژی هەینیش شاندێکی قەتەری بۆ پاڵپشتیکردنی دانوستاندنەکان گەیشتنە تاران.
 
چاوەڕوان دەکرێت رۆژی شەممە، مونیر لەگەڵ جەنەڕاڵ ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی سوپای پاسداران کۆببێتەوە، کە کەسایەتییەکی گرنگە لە بڕیارەکانی ئێراندا.
 
بەرپرسێکی ئەمریکی کە ئاگاداری هەوڵە دیپلۆماسییەکانە، بە ئەکسیۆسی گوتووە، دانوستانەکان "پڕ ئازار و سەختن"، هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، رەشنووسی رێککەوتنەکان "هەموو رۆژێک دەگۆڕدرێن و دەچن و دێن"، بێ ئەوەی هیچ بەرەوپێشچوونێکی ئەوتۆ هەبێت.
 
سەرچاوەکان بە ئەکسیۆسیان راگەیاندووە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک؛ پیت هێگسەس، وەزیری بەرگری؛ جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری (CIA)؛ سوزی وایڵز، سەرۆکی نووسینگەی کۆشکی سپی و چەند بەرپرسێکی دیکە لەگەڵ ترەمپ لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون.
 
بەڵام مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەهۆی گەشتەکەی بۆ ئەورووپا، هەروەها جەنەڕاڵ دان کەین، سەرۆکی دەستەی هاوبەشی سوپاسالارەکان بەهۆی بەشداریکردنی لە ئاهەنگی دەرچوونی ئەکادیمیای دەریایی، نەیانتوانی بەشداری بکەن. لە کۆبوونەوەکەدا، زانیاریی پێویست دراوەتە ترەمپ لەسەر رەوشی دانوستاندنەکان و ئەو بژاردانەی لەبەردەستدان ئەگەر گفتوگۆکان شکست بهێنن.
 
چەند کاژێرێک دوای کۆبوونەوەکە، کۆشکی سپی گۆڕانکارییەکی لە خشتەی کارەکانی رۆژی یەکشەممەی ترەمپ راگەیاند. بڕیارە دوای پێشکەشکردنی گوتارێک لە ئێوارەی رۆژی هەینی لە نیویۆرک، راستەوخۆ بگەڕێتەوە واشنتن، لە جیاتی ئەوەی بچێتە یانەی گۆڵفەکەی لە بێدمینستەر.
 
ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ترووس سۆشیاڵ نووسیویەتی، ئەم هەفتەیە بەشداری لە ئاهەنگی هاوسەرگیریی دۆناڵدی کوڕیدا ناکات. هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ "بارودۆخی پەیوەست بە حکومەت و خۆشەویستیم بۆ ئەمریکا". ترەمپ نووسیویەتی، "هەست دەکەم گرنگە لەم کاتە هەستیارەدا لە کۆشکی سپی لە واشنتن بمێنمەوە."
 
رۆژی هەینی، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە گفتوگۆکان بەردەوامن، بەڵام رێککەوتن نزیک نییە. لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم کە نزیکە لە سوپای پاسداران، رۆژی هەینی لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستاندنکاری ئێرانەوە بڵاویکردەوە، "گفتوگۆکان لەسەر پرسە ناکۆکەکان هێشتا بەردەوامن و تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی کۆتایی بەدەست نەهاتووە."
 
سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە، ئێستا تیشک خراوەتە سەر "کۆتایهێنان بە شەڕ"، تاوەکو ئەمەش بەدینەیەت هیچ پرسێکی دیکە گفتوگۆی لەسەر ناکرێت.
 
لە شەش هەفتەی رابردوودا، چەندین جار وا دەرکەوتووە کە ترەمپ نزیکە لە دەستپێکردنەوەی شەڕ، بەڵام دواتر پەشیمان بووەتەوە.
 
ئەکسیۆس دەنووسێت، "هەندێک سەرچاوەی نزیک لە دانوستاندنەکان هێشتا پێیانوایە لە 24 کاژێری داهاتوودا دەرفەتێک هەیە بۆ گەیشتن بە جۆرێک لە رێککەوتن. بەڵام ئەو سەرچاوانەی کە ئاگاداری بیرکردنەوەکانی ترەمپن دەڵێن، وادیارە سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیە پەنا بباتە بەر کاری سەربازی، مەگەر ئەوەی لە گفتوگۆکاندا شتێکی چاوەڕواننەکراو رووبدات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە