رووداو دیجیتاڵ
لەمەودوا دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری لە ئەڵمانیا زۆر ئاسان دەکرێ. ئەم هەفتەیە حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا پلانێکی پەسند کردووە کە ئاسانکاریی زۆری تێدایە.
تاوەکو ئێستا سیستمەکە وابوو کە تێچووی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری دەگەیشتە 3400 یۆرۆ و زیاتریش. ئەگەر پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا پلانەکە پەسند بکات، لەمەودوا ئەمە زۆر کەمتر دەبێتەوە؛ بۆ نموونە ئێستا دەبێ هەر کەسێک بیەوێ مۆڵەت دەربهێنێ، بەلایەنی کەمەوە 14 وانەی تیۆری بە شێوەی فیزیکی لە مامۆستایەک وەربگرێ، لەمەودوا ئەمە نامێنێ و بە ئەپ و بە شێوەی دیجیتاڵی دەکرێ ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەی تیۆری بکرێ.
جگە لەوەش یەكێك لەو شتانەی بەردەوام لە کوردی دانیشتووی ئەڵمانیا دەیبیستین، گلەییکردنیانە لەو ژمارە زۆرەی پرسیار کە دەبێ بیخوێنن، نەوەک لە تاقیکردنەوەی تیۆریدا بێتەوە؛ ئێستا 1100 پرسیارن، بەڵام ئەمەش کەمدەکرێتەوە بۆ 840 پرسیار.
هەروەها ئەگەر کەسێک لە بەشە جیاوازەکانی کوردستان شۆفێریشی زانیبێ و مۆڵەتی هەبێ، لە ئەڵمانیا دەبێ تاقیکردنەوەی شۆفێری هەر بکاتەوە. هەموو کەسیش دەبێ بەلایەنی کەمەوە 12 وانە لای مامۆستایەک وەربگرێت و ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت؛ لەمەودوا ئەمەش پێویست نییە و مامۆستاکە بەپێی لێهاتوویی کەسەکە بڕیار دەدات چەند وانەی پێویستە.
شتێکی دیکەش کە باڵکێشە ئەوەیە، دوای ئەوەی لە تاقیکردنەوەی تیۆری دەردەچیت، دەکرێ لەژێر چاودێریی کەسێکدا کە مۆڵەتی هەیە، ئۆتۆمبێل لێبخوڕیت، تاوەکو ئەو کاتەی تاقیکردنەوە دەکەیت و خۆت مۆڵەت دەهێنیت.
ئەم پلانە رەخنەشی لێدەگیرێ و مەرج نییە لە پەرلەمان بەبێ گەنگەشە تێپەڕێ. هەندێک دەڵێن، سیستمە نوێیەکە وادەکات خەڵک ئاسانتر مۆڵەت وەربگرێ و رووداوی هاتووچۆ زۆرتر ببن؛ یانیش گەندەڵی بکرێ لە وەرگرتنی مۆڵەت. هەر ئەم هەفتەیەش چوار کەس لە هەرێمی بادن ڤورمتبێرگ دەستگیر کران، کە بەو سیستمەی ئێستا هەیە، ساڵەها مۆڵەتی شۆفێریی ساختەیان بۆ خەڵک دەرهێنابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ