رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا لەبارەی دۆخی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و ئەو ناوچانەی تاوەکو چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دا بوون، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زۆر نیگەرانین لە دۆخی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، بەتایبەتی گرژییەکانی ئێستای نێوان گرووپە جیاوازەکانی دانیشتووان. لە نزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکان لەو ناوچەیە و دەرەوەی ئەو ناوچەیەش دەکەین."
بەشی میدیا لە وەزارەتی دەرەوەی سویسرا لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، ئێدیتۆر لە دێسکی نێودەوڵەتیی رووداو دا رایگەیاند، "داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکەین، هانی هەموو لایەنەکان دەدەین رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرن، لەوانەش یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و یاسای مافەکانی مرۆڤ"
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "بە بەردەوامی لە پەیوەندیداین لەگەڵ حکومەتی راگوزەر و بەردەوام پابەندییەکان بیری بەرپرسانی ئەو حکومەتە راگوزەرە بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی دەهێننەوە."
سەبارەت بە هەڵوێستی سویسرا بۆ داهاتووی سووریا، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە گوتی، "سویسرا پاڵپشتی لە خواستەکانی گەلی سووریا دەکات بۆ ژیان بە ئازادی، لە ئاسایش و بە شکۆوە. پابەندین بە پرۆسەیەکی گواستنەوەی سیاسیی گشتگیر لە سووریا، کە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگە تێیدا بەشدار بن."
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا باس لەوە دەکات، پێویستە حکومەتی سووریا دڵنیایی بدات لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بۆ هەموو پێکهاتە و گرووپەکانی دانیشتووان.
ئەم هەڵوێستەی سویسرا لەکاتێکدایە، لە 6ی ئەم مانگە هێزەکانی حکومەتی سووریا هێرشیان کردە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب و دواتریش ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە پارێزگاکانی رەققە، دێرەزوور، حەسەکە و حەلەب.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ