رووداو دیجیتاڵ
کۆماری ئیسلامیی ئێران، یەکێتیی ئەورووپا بە پەیڕەوکردنی "دووڕوویی و سیاسەتی دووفاق" تۆمەتبار دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ئەو یەکێتییە رەخنەی لە هێرشەکانی حیزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل گرتبوو.
رۆژی سێشەممە، 10ـی ئاداری 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، یەکێتیی ئەورووپا لە ئاست "کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل لە غەززە" و هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان و وڵاتانی دیکە بێدەنگ بووە.
بەقایی رووی دەمی کردە بەرپرسانی یەکێتیی ئەورووپا و گوتی: "بەڵام ئێستا کە لوبنان بەرگری دەکات، لەناکاو یاسا نێودەوڵەتییەکانتان بیرکەوتووەتەوە." هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، یەکێتیی ئەورووپا ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات نوێنەرایەتی هاووڵاتییانی ئەورووپا دەکات، چونکە بە گوتەی ئەو "گەلانی ئەورووپا بە دەنگی بەرز تاوانەکانی ئیسرائیل شەرمەزار دەکەن."
ئەم کاردانەوەیەی تاران وەک وەڵامێکە بۆ لێدوانەکانی کایا کالس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا کە رایگەیاندبوو، بڕیارەکەی حیزبوڵڵا بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل "تەواوی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە."
کایا کالاس لە لێدوانەکانیدا ئاماژەی بەوەش کردبوو، ئیسرائیل مافی بەرگری لەخۆکردنی هەیە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا، بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشداری دابوو کە "وەڵامە تووندەکانی ئیسرائیل" بووەتە هۆی ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی خەڵک و تێکچوونی زیاتری سەقامگیریی ناوچەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ